ئەندامێکی حدکا: خۆپێشاندانەکانی ئێران درێژە دەکێشن و توانای سەرکوتکردن لاواز دەکەن

29-09-2022
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا رایدەگەیێنێت، خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوام دەبن و دەبنە هۆی ئەوەی توانای حکومەت بۆ سەرکوتکردنی خەڵک لاواز بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە 28-09-2022 ئێران بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان و تاوەکو ئێستا لانیکەم 15 کەس گیانیان لەدەستداوە و 50 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
کەمال کەریمی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حدکا بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ هیچ جموجۆڵێک نییە، بەڵام هەست بە مەترسی دەکەین. ئەوەی ئێران مەبەستی بوو کە خەڵکێکی زۆر بکوژێت ئەوەی دەست نەکەوت، بەڵام زۆربەی بیناکان وێران بوون. بەپێی زانیارییەکانمان تاوەکو ئێستایش هەر لەو شوێنانە ماون کە درۆنەکانیان دەنارد و مووشەکیان دەهاویشت، بۆیە ئێستایش مەترسیی دووبارەبوونەوەی بۆردوومانەکان هەیە و، ئێستا هەندێک ئامادەکاری بۆ خۆپاراستن کراوە."
 
ئەو ئەندامەی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حدکا باسی لەوەش کرد، ئەمجارە ئێران "بە چاوی نووقاوەوە" مووشەکەکانی دەهاویشت و شوێنی نیشتەجێبوونی دایە بەر مووشەک، بۆیە بە شێوەیەکی کاتی ژن و منداڵانیان لە کەمپەکان و نزیک بارەگاکانی حیزب دوورخستوونەتەوە و پێشمەرگەکانیشیان لە ئامادەباشیدان بۆ هەر هێرشێک کە بە درۆن بکرێت.
 
کەمال کەریمی دەڵێت، "ئێران لە راستیدا دەست ناپارێزێت و بۆی گرنگ نییە کێ دەکوژێت. رۆژانە دەبینین لەسەر شەقامی شارەکانی ئێران خەڵکێکی زۆر زیندانی دەکات و دەکوژێت. ئەمەی بەرامبەر ئێمەیش کردی بۆ ئەوەیە گوشارێکی زیاتر بخاتە سەر حیزبەکان و ترس و دڵەڕاوکێ بخاتە ناو کەسوکاری پێشمەرگەکان. بە گشتی دۆخی بریندارەکان باشە و نیگەرانی لەسەر گیانیان نییە، بەڵام بەداخەوە بریندارێکمان دۆخی جێگیر نییە."
 
ئێران حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە نێوخۆی وڵاتەکەیدا بوونەتە هۆی "پشێوی" و دەستیان لە خۆپێشاندانەکاندا هەیە.
 
ئەو ئەندامەی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حدکا ئەوەی خستەڕوو، "بەرپرسیار نین لەو خۆپێشاندانانەی لە ئێران دەکرێن، چونکە راستەوخۆ هیچ دەستتێوەردانێکمان نەکردووە و، ئەوە خۆپێشاندانی خەڵکی ناڕازییە لە شەقامی ئێراندا و تەنیا لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نییە، بەڵکو لە شارە گەورەکانی دیکەی ئێرانیشە."
 
کەمال کەریمی ئاماژەی بەوەش دا، ئێران دەزانێت پێگەی جەماوەریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو دڵی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا "ئەوەندە زۆرە کە هەر بزووتنێک و خۆپێشاندان و مانگرتنێک دەکرێت، ئەوان وا هەستدەکەن کە حیزبی دیموکرات و حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی لەپشتە. ئەمە نیشانەی پەیوەندییەکی قووڵی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە لەگەڵ حیزبەکانیان، بەڵام خۆ حیزبە کوردییەکان لە شارەکانی دیکەی ئێران خەڵکمان نەجووڵاندووە."
 
ناوبراو گوتیشی، "بێ گومان کاریگەرییەکانی بزووتنەوەی کورد لە دوو - سێ ساڵی رابردوودا لەسەر بیروبۆچوونی گشتیی خەڵکی ئێران و مانگرتنە بەردەوامەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکاری جۆراوجۆر و بەتایبەتی ئەم جارەیان کە ژینا ئەمینی بە بێتاوان بە دەستی پۆلیسی تاران شەهید کرا و لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کورستان ئەو خۆپێشاندانە سەرتاسەرییە کرا، رەنگە ئەوە بیانوویەک بێت کە ئەوان وای ببینن ئەوە لێرەوە دەجووڵێندرێت."
 
بە گوتەی کەریمی، ساڵانی پێشوویش لە شارەکانی ئێران خۆپێشاندانی گەورە کراوە، بەڵام ئەمەی ئەمساڵ کە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستیپێکرد تاوەکو ئێستا شتی وا نەبووە کە بەو بەربڵاوییە ئەو هەموو شارەی ئێران بگرێتەوە، "ئەمەیش دەریدەخات کە خەڵکی ئێران زۆر ناڕازین و خەڵکەکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت هەموو پێکەوە بێنە سەر شەقام."
 
ئەو ئەندامەی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حدکا پێیوایە "کۆماری ئیسلامی سوود لە هەموو هێزە سەرکوتکەرەکانی وەردەگرێت و دەست لە خەڵک ناپارێزێت هەر لە گرتن و بریندارکردنەوە بیگرە تاوەکو کوشتنیان. لەو بڕوایەداین کە ئەم خۆپێشاندانانە درێژە دەکێشن و درێژەکێشانیشیان هۆکارە بۆ ئەوەی خەڵکێکی زۆر پێیانەوە پەیوەست ببن و دەبێتە هۆی لاوازبوونی توانای سەرکوتکردن، بۆیە ئومێدیان لێ دەکرێت کە بە ئاکام بگەن."
 
ئێران چەند جارێک داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکەکەی دەربکات، چونکە بە مەترسییان دەزانێت بۆ سەر وڵاتەکەی.
 
کەمال کەریمی ئاماژە بەوە دەکات، "ئێران لە بوونی ئەم حیزبانەی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێشمەرگەکانیان دەترسێت. ئێمە هەمیشە گوتوومانە کە پابەندین بە پاراستنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. ئەمە وەکو روانگەیەکی نەتەوەیی باس دەکەین نەک لەبەر بیرکردنەوەیەکی سیاسی. ئێمە لە روانگەی بیری نەتەوەییمانەوە پێمانوایە کە پاراستنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دەستکەوتێکە بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستان بەگشتی، ئەرکێکە لەسەر هەموو کوردێک و ئێمەیش دەبێت یارمەتیدەر بین. ئەمەمان وەکو ستراتیجێک داناوە. ئێمە گوتوومانە کە لە هەرێمی کوردستاندا نابینە هۆکاری دروستبوونی ئاژاوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: زۆربەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە قاچاخ دەبردرێت

جۆفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەرمیکا بۆ سەرچاوەکانی وزە دەڵێت: "پێمان وایە پێویستە بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا بکەوێتەوە کار. پێمان وایە ئەمە کارێکی لەپێشینەیە، چونکە ئێستا بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کردەیی گەیشتووەتەوە ئاستی پێش راگرتنی بۆرییەکە. ئەو نەوتە هەمووی دەڕوات بۆ شوێنێک. زۆربەی بە قاچاخ دەبردرێت. بە لۆری دەڕوات کە ئەوەش بە قورسی لەسەر رێگە و بانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێت. لە دەرگای پشتەوە دەردەچێت بە شێوەیەک کە نە سوودی بۆ بودجەی هەولێر هەیە، نە بۆ بودجەی عێراق."