رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری نمەباران هەیە و پلەی گەرماش لە هەرێمی کوردستان بە گشتی 2 بۆ 4 پلە دادەبەزێت. کەشناسێکێش دەڵێت، خێرایی با چالاک دەبێت بۆ 24 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.
رۆژی شەممە، 29ـی نیسانی 2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارینی نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان؛ هەروەها پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 2 بۆ 4 پلە دادەبەزێت.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی دەوروبەری ئەگەری باران و هەورە بروسکە هەیە؛ پارێزگاکانی دیکە باران نابارێت و خێرایی با چالاک دەبێت بۆ 24 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماری بارانبارینی 24 کاژێری رابردووی بەمشێوەیە بڵاوکردووەتەوە؛ هەولێر 0.4 ملیمەتر، دهۆک 0.1 ملیمەتر، لە سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک باران نەباریوە، هاوکات زۆرترین باران لە سەرسنگ و باتووفا لە پارێزگای دهۆک باریوە کە هەریەکەیان 5 ملیمەتر بارانی تێدا باریوە.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی پێشبینیکراو بۆ سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
- هەولێر؛ 26 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 25 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 24 پلەی سیلیزی
- کەرکووک؛ 29 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە؛ 25 پلەی سیلیزی
- زاخۆ؛ 24 پلەی سیلیزی
- سۆران؛ 24 پلەی سیلیزی
- گەرمیان؛ 34 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ