گوتەبێژی یەکێتی: کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی سەرەتایەک بوو بۆ زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگ

29-01-2023
شەنگە ئەحمەد
کۆنگرەی رۆژنامەڤانی سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتی
کۆنگرەی رۆژنامەڤانی سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەرەتایەک بوو بۆ زنجیرە کۆبوونەوەیەکی گرنگ، "ئەو پەیامانەی لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە بەیەکمان دەدا ئێستا لەسەر مێزی کۆبوونەوە گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین." 
 
رۆژی یەکشەممە 29-1-2023، سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەرەتایەک بوو بۆ زنجیرە کۆبوونەوەیەکی گرنگ، ئەو پەیامانەی لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە بەیەکمان دەدا، ئێستا لەسەر مێزی کۆبوونەوە گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین، "چەندین کۆبوونەی دیکە دەکرێت لەبارەی ئابووری و دارایی، هەڵبژاردن، بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی وڵات و ئەو نایەکسانییانەی لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هەن." 
 
سۆران جەمال تاهیر گوتیشی: گرنگی کۆبوونەوەکەی شاندی پارتی و یەکێتی، خستنەرووی بیر و باوەڕ و گلەییەکانی هەردوولا بوو، ئومێد دەکەین وردە وردە کێشەکان چارەسەر بکەین. 
 
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە، گوتەبێژی یەکێتی رایگەیاند: ئێمە لە مانگی شوباتی ساڵی 2022 ئامادەی هەڵبژاردن بووین، بەڵام هەڵبژاردن پێویستی بە چەند بنەمایەکی سەرەکی هەیە، یەکێک لەوانە هەموار کردنی یاسای هەڵبژاردن، ئێستا باسی هەڵبژاردن هاتووەتە پێشەوە. 
 
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەکەین، کە یاسای هەڵبژاردن بە زووترین کات هەموار کرایەوە، بنەماکانی دیکەی هەڵبژاردن کە خۆی لە سەقامگیری ئابووری و ئەمنی بینییەوە، ئەوکاتە دەبێتە بنەمای هەڵبژاردنێکی تەندروست لە هەرێمی کوردستان." 
 
رۆژی شەممە 28-01-2023، شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی چوونە بارەگای مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە سلێمانی. کۆبوونەوەکە نزیکەی چوار کاژێری خایاند. 
 
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتبوون لە؛ مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، د. هێمن هەورامی، عەلی حوسێن، د. پشتیوان سادق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و د. ئومێد سەباح و جەعفەر ئیمینکی، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی.
 
شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش پێکهاتبوون لە؛ قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و ئاسۆ مامەند، كارگێڕانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، ئەمین بابە شێخ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان، د. دارا رەشید، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و د. میران محەممەد و ئەحمەد عەسکەری.
 
دوای کۆبوونەوەکە، پارتی و یەکێتی راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، "هەردوولا رێککەوتن لە دەرفەتێکی نزیکدا" کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام بدەن." 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، "بارودۆخی گشتی و هاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و راوسەرنج و تێبینیی هەردوولا لەسەر بابەتە جیاجیاکانی پەیوەست بە رێککەوتنی پێشووتری هەردوولا خرانەڕوو."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کۆتاییدا هەردوولا رێککەوتن لە دەرفەتێکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکەی هەردووشاند ئەنجامبدرێت."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە