شاندی حکومەت روونکردنەوە لەبارەی دانوستاندنەکانی لە بەغدا دەداتە پەرلەمان

28-12-2020
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن پەرلەمانی کوردستان شاندی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت دەچێتە پەرلەمانی کوردستان و دوایین ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ پەرلەمانی کوردستان روون دەکاتەوە.
 
زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی کوردستان دەکات و لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆک فراکسیۆنەکان، لیژنەکانی دارایی، وزە و سەرۆکایەتیی لیژنەی یاسایی کۆدەبێتەوە.
 
سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، کە هاتنی شاندەکەی حکومەت بۆ روونکردنەوەیە لەسەر چۆنێتی بەڕێوەچوونی دانووساندنەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق.
 
چوونی شاندەکەی حکومەت بۆ پەرلەمان لەکاتێکدایە، قوباد تاڵەبانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە بەغدا گوتی، لەسەر 12.67ی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە یاسای رەشنووسی بودجەی 2021 لەگەڵ حکومەتەکەی مستەفا کازمی گەیشتوونەتە رێککەوتن و شەڕی داهاتوو بۆ جێگیرکردنی بڕەکە لە پەرلەمان دەبێت.
 
قوباد تاڵەبانی باسیشی لەوەکرد، لەبارەی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی 2020 لەگەڵ بەغدا پشکی هەرێمی کوردستان دیار نییە. سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش دەڵێت، ئێستا دۆخێکی تایبەت لە عێراقدا هەیە و چاوەڕوانی روونکردنەوەی شاندی حکومەتن لەوبارەوە.
 
بە گوێرەی ئەو دەقەی بڵاوکراوەتەوە، رەشنووسی یاساکە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەکات بە ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و گەڕاندنەوەی بەشێک لە داهاتەکانیش بۆ بەغدا.
 
هەروەها پڕۆژەیاساکە ئاماژەی بەوەداوە، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بەڕادەستکردنی نیوەی داهات و نەوتەکەی، ئەوکاتە بڕگەی پێنجەمی ماددەی 27ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، کە باس لە بڕینی شایستەکان دەکات، دوای ئەوەی حکومەتی عێراق لەبەرامبەر نەناردنی نەوت و داهاتەکە، بڕەپارەیەک دیاری دەکات.
 
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە فراکسیۆنی گۆڕانیش دەڵێت، وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاریان پێویستە تاوەکو بەرچاوڕوون بن لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا.
 
عەلی حەمە سالح، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند  "پرسیار و ئەگەری دەقیق هەیە بۆ ئەوەی ئێمە و خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیابێتەوە، کە ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان 250 هەزار بەرمیلەکە دەدات یاخود نا، چونکە 250 هەزار بەرمیل نەوت جیاوازە لە پارەی 250 هەزار بەرمیل، دوای ئەوەی ئەوە وەڵام درایەوە ئێمە بەرچاومان روون دەبێت کە حكومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەنە رێککەوتن یاخود نا."
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا:
 
- زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان کردووە.
- لەدەرگای حکومەت، پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکانیان داوە.
- لەگەڵ حکومەت لەسەر رەشنووسی یاسای بودجەی2021 رێککەوتوون.
- پشکی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021دا 12.67% یە.
 
- لەسەر یاسای کوردستهێنانی دارایی 2020 رێکنەکەوتوون.
-دیار نییە بەشی هەرێمی کوردستان چەند دەبێت، کە قوباد تاڵەبانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی 22/12/2020 لە بەغدا گوتی
 
پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان:
 
- هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رادەست بکات
- رادەستکردنی نیوەی داهاتە نا نەوتییەکان، وەکو گومرگ، فڕۆکەخانە، باج و هاتووچۆ و تد..
 
- هەولێر پابەند نەبێت ماددەی 27ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، کە بڕینە لە شایستە داراییەکان، دوای ئەوەی بڕی نەناردنی نەوت و داهاتەکە دیاری دەکرێت.
 
ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا
 
- هەردوولا متمانەیان بەیەک نییە
- لەسەر رادەستکردن و دانیش بڕی شایستەکان لە یەکدییەوە دوورن
- هەندێک لایەنی شیعی لەرێگای گوشارەوە بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەستپێکردووە
 
لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراقدا پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.67% دیاریکراوە، ئەگەرچی هەرێمی کوردستان ئەم رێژەیە بە شایستەی خۆی نازانێت، بەڵام سەرباری ئەوەش هەولێرو بەغدا لەسەر پرۆژەیاسەکە رێککەوتوون، چاوەڕێی پەرلەمانی عێراق دەکەن دەنگ لەسەر پرۆژەکە بدات و رێککەوتنەکە بەکردار جێبەجێبکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کامێرایەکی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی دووکان - سلێمانی. وێنەكە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە: رووداو/ئەرشیڤ

28 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەنێوان تاسڵوجە – چەمچەماڵ دەکەونەکار

هاتووچۆی سلێمانی شۆفێران ئاگەدار دەکاتەوە کە ئەم چوارشەممەیە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ کامێرا جێگیرەکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی لەنێوان تاسڵوجە و چەمچەماڵ، کە خاڵ بۆ خاڵن، دەکەونەکار