دواى كوشتنى ژنه‌كه‌ی و خه‌سووه‌كه‌ى، خۆیشی ده‌كوژێ

28-12-2019
دیمەن بورهان
نیشانەکردن کوشتن
A+ A-

رووداو - هه‌ولێر

له‌ گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه‌ی هه‌ولێر، به‌هۆی كێشه‌یه‌كی خێزانی، پیاوێك له‌نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ژنه‌كه‌ی خۆی و خه‌سووی به‌ 20 گولله‌ كوشت، دواى  چه‌ند خوله‌كێك خۆیشى كوشت. كه‌سوكاری پیاوه‌كه‌ ده‌ڵێن پێشتر كه‌سوكاری ژنه‌كه‌ چه‌ند جارێك له‌و پیاوه‌یان داوه‌.
 
حه‌یده‌ر ئه‌سعه‌د، ته‌مه‌ن 34 ساڵ، ماوه‌ی 10 ساڵ بوو هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ وه‌لا موحسین، ته‌مه‌ن 26 ساڵ كردبوو. رۆژی 17/12/2019 حه‌یده‌ر هاوژینه‌كه‌ی و خه‌سووه‌كه‌ی به‌ناوی سه‌میره‌ كازم، ته‌مه‌ن  55 ساڵ، له‌نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا كوشت، دواتر خۆیشی كوشت.
 
عوزێر ئه‌سعه‌د برا گه‌وره‌ی حه‌یده‌ر، به‌ (رووداو)ی راگه‌یاند: "ماڵی باوكی وه‌لا دراوسێی ماڵی خوشكێكم بوون له‌ بێركۆت، له‌وێ له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر یه‌كدییان ناسیبوو، پاشان هاوسه‌رگیرییان كرد و كوڕێكی حه‌وت ساڵانیان هه‌بوو".
كێشه‌ی نێوان ئه‌و ژن و مێرده‌ له‌ ناپاكییه‌كه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر كراوه‌. عوزێر ده‌ڵێ: "چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر وه‌لا ناپاكی له‌ براكه‌م كرد، ئه‌ویش لێی جیابووه‌وه‌، دواتر حه‌یده‌ر هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خزمێكی خۆمان به‌ناوی (ر) كرد، به‌ڵام ته‌نیا شه‌ش مانگ له‌لای مایه‌وه‌. حه‌یده‌ر به‌بێ ئاگاداری ئێمه‌ دووباره‌ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ وه‌لا كردبووه‌وه‌، بۆیه‌ (ر)ى ته‌ڵاق دا".
 
له‌باره‌ی هۆكاری گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌لائیش، براكه‌ی حه‌یده‌ر ده‌ڵێ: "ماڵی باوكی نوشته‌ و جادوویان له‌ براكه‌م كردبوو، (ر)ی له‌به‌رچاو ره‌ش بوو، له‌گه‌ڵ وه‌لائیش نه‌ده‌گونجا، به‌رده‌وام كێشه‌یان هه‌بوو، چه‌ند جارێك هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر براكه‌م و لێیان داوه‌".
 
رۆسته‌م حه‌سه‌ن، موختاری گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه‌ له‌باره‌ی ئه‌و خێزانه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌و ماڵه‌ له‌ ساڵی 2010 هاتنه‌ ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌، به‌رده‌وام كێشه‌یان هه‌بوو، چونكه‌ ده‌یانگوت ژنه‌كه‌ ناپاكی له‌ حه‌یده‌ر كردووه‌، رۆژی رووداوه‌كه‌ش گوایه‌ ژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ باوك و دایكی هاتبوون ناسنامه‌كه‌ی ببه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ دادگا، به‌ڵام له‌وێ ببوو به‌ ده‌مه‌قاڵییان، ئاگاداریان كردمه‌وه‌ و چووم، بینیم حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌یان پڕ بوو له‌ خوێن و گولله‌، ته‌رمی حه‌یده‌ر و ژنه‌كه‌ی و خه‌سووی له‌ حه‌وشه‌كه‌ كه‌وتبوون".
 
موختاری گه‌ڕه‌كه‌كه‌ له‌باره‌ی حه‌یده‌ره‌وه‌ ده‌ڵێ: "به‌هۆی ئه‌م كێشانه‌وه‌ حه‌یده‌ر له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ تێكچووبوو".
 
حوسێن قادر، زاوای حه‌یده‌ره‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری كێشه‌ی خێزانه‌كه‌ی بووه‌. ئه‌و به‌ (رووداو)ی راگه‌یاند: "چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر وه‌لا له‌گه‌ڵ پیاوێكی دراوسێیان ده‌ستی تێكه‌ڵ كرد و ناپاكی له‌ حه‌یده‌ر كرد، پیاوه‌كه‌ ژن و منداڵیشی هه‌بوو، دوای ئه‌وه‌ی ئاشكرا بوون، ژنی پیاوه‌كه‌ لێی جیابووه‌وه‌ و براكانی حاشایان لێكرد، پیاوه‌كه‌ش هه‌ڵات بۆ ئه‌وروپا، حه‌یده‌ریش وه‌لائی ته‌ڵاقدا".
 
دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وه‌لا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نێو ژیانی حه‌یده‌ر. حوسێن قادر ده‌ڵێ: "حه‌یده‌ر دووباره‌ وه‌لائی هێنایه‌وه‌ چونكه‌ خۆشیده‌ویست، به‌ڵام خۆی ده‌یگوت ناگونجێین و به‌رده‌وام كێشه‌مان هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و ناپاكییه‌م دێته‌وه‌ پێش چاو".
 
ئه‌و زاوایه‌ی حه‌یده‌ر ده‌شڵێ: "زۆر جار حه‌یده‌ر له‌ وه‌لائی ده‌دا، له‌ جه‌ژنی قوربانی رابردوو لێیدابوو، بۆیه‌ 18 رۆژ گیرا، دوای ئازادبوونیشی كێشه‌كانیان هه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌بوو، جارێكی دیكه‌ لێیدا و ده‌ستی شكاند، به‌ دوو ملیۆن دینار له‌گه‌ڵ ماڵی باوكی وه‌لا سوڵحیان كرد، دوو مانگ پێش رووداوه‌كه‌ش به‌شه‌ڕهاتبوون و ژنه‌كه‌ چووبووه‌وه‌ ماڵی باوكی".
 
10  رۆژ پێش رووداوه‌كه‌، حه‌یده‌ر چه‌كێكی كڵاشینكۆف ده‌كڕێ، حوسێن قادر گوتی: "كێشه‌كانی نێوانیان له‌و ماوه‌یه‌دا گه‌یشتبووه‌ لوتكه‌، ماوه‌یه‌ك پێشتر چه‌ند كه‌سێك به‌سه‌ر ماڵی حه‌یده‌ریاندا دابوو، زۆریشیان لێدابوو، ده‌یگوت ئه‌وان به‌دوامه‌وه‌ن و ئه‌و چه‌كه‌شم بۆ به‌رگری له‌ خۆم كڕیوه‌".
 
رۆژی 17/12/2019 حه‌یده‌ر له‌نێو ماڵه‌كه‌یدا هاوژین و خه‌سووی خۆی ده‌كوژێ، زاواكه‌ی ده‌ڵێ: "ده‌ڵێن ژنه‌كه‌ ئه‌و رۆژه‌ له‌گه‌ڵ دایكی و باوكی و ژنێكی دراوسێی ماڵی باوكی چوون بۆ ماڵی حه‌یده‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك كه‌لوپه‌ل ببه‌ن، چه‌ند جارێك له‌ده‌رگایان داوه‌ و ئه‌ویش ده‌رگای لێنه‌كردوونه‌ته‌وه‌، دواتر به‌ زۆر چوونه‌ته‌ ژووره‌وه‌ و له‌وێ بووه‌ به‌ ده‌مه‌قاڵێیان، حه‌یده‌ر به‌ كڵاشینكۆفه‌كه‌ی 11 گولله‌ی له‌ وه‌لا داوه‌، دواتر 9 گولله‌شى له‌ خه‌سووى داوه‌، پاشان چوار گولله‌ی له‌ خۆی داوه‌".
 
دراوسێیه‌كی ماڵی حه‌یده‌ر كه‌ شایه‌تحاڵ بووه‌، رووداوه‌كه‌ ئاوا ده‌گێڕێته‌وه‌: "وه‌لا له‌گه‌ڵ دایك و باوكی هاتن و بووه‌ ده‌مه‌قاڵێیان، حه‌یده‌ر ژنه‌كه‌ی و خه‌سووی كوشت، من له‌ سه‌ربان بووم، بینیم دوای كوشتنی ئه‌وان حه‌یده‌ر  شۆك ببوو، چه‌كه‌كه‌ی له‌ ده‌ستی كه‌وت، چه‌ند خوله‌كێك به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ ته‌ماشای ته‌رمه‌كانی ده‌كرد، دواتر كڵاشینكۆفه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و چه‌ند فیشه‌كێكی به‌خۆیه‌وه‌ نا".
 
رائید هۆگر عه‌زیز، گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر به‌ (رووداو)ی راگه‌یاند كه‌ پۆلیس په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ی كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ دواداچوون بۆ هۆكاری رووداوه‌كه‌ ده‌كه‌ن.
 
هیچكام له‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ پرسه‌یان دانه‌نا، ئاماده‌ش نین هۆكاره‌كه‌ی ئاشكرا بكه‌ن، به‌ڵام له‌لای پۆلیس به‌ڵێننامه‌یان پێ پڕكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ نابێت ببنه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی یه‌كدى.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سۆران عومەر و وەزارەتی دارایی

وەزارەتی دارایی وەڵامی سۆران عومەر دەداتەوە؛ "ماوەیەکە ئیشی خۆی لە بیر کردووە"

دوای ئەوەی سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کرد بەوەی، پارەی تیمەکانی تەندروستیی کوتانی سوورێژەی نەداوە، وەزارەتی دارایی دەڵێت، "ماوەیەکە ئیشی خۆی لەبیرکردووە و هەرجارەی قسە لەسەر چەند بابەتێکی ژمێریاری و دارایی دەکات".