کوردستان
وێنەیەکی ئەرشیڤیی گوندی بێسارانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە زستانی رابردوو، وێنە: نووری بێسارانی تایبەت بە رووداو
رووداو دیجیتاڵ
لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی باران پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی ورمێ و سنەش ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ ئەمڕۆ (سێشەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2023) رایگەیاند، لەمشەوەوە سەرما و سۆڵە پارێزگای ورمێ دەگرێتەوە و پلەی گەرما زیاتر لە شەش پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
مەهدی سابری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ورمێ دەڵیت؛ ئەمڕۆ شەپۆلێکی سەرما روو لە پارێزگای ورمێ دەکات و چاوەڕوان دەکرێت لە ئێوارەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی باشووری پارێزگا بەفر ببارێت.
لە ئێوارەی دوێنێوە شەپۆلێکی باران پارێزگای ورمێی گرتووەتەوە و بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی پارێزگاکەش پێشبینی دەکات؛ تاوەکو دوو رۆژی دیکە بەردەوام بێت.
لە ناوچە شاخاوییەکانی سنە بەفر دەبارێت
هاوشێوەی پارێزگای ورمێ، شەپۆلێکی بەفر و باران پارێزگای سنەی گرتووەتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی پێشبینی دەکات تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوامبێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای سنە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی سەرما پارێزگای سنەی گرتووەتەوە و هاوکات لە سەرجەم ناوچەکانی ئەو پارێزگایە باران دەبارێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بەفربارین لەژێر کارتێکەری ئەو شەپۆلە سەرمایەی رووی لە ناوچەکە کردووە، ناوچە شاخاوییەکانی سنە دەگرێتەوە و ئەگەری دروستبوونی رێبەندان و کەمبوونەوەی ئاستی بینین هەیە.
لە پارێزگای کرماشان باران دەبارێت
لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی باران پارێزگای کرماشانی گرتووەتەوە و بەڕێوەبەری دامەزراوەی کەشناسی پارێزگاکەش پێشبینی دەکات ئەم دۆخەکە تاوەکو سبەی بەردەوام بێت.
محەممەد زوورئاوەند، بەڕێوەبەری دامەزراوەی کەشناسی پارێزگای کرماشان گوتی؛ لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی کورتمەودای باران رووی لە پارێزگای کرماشان کردووە و چاوەڕوان دەکەین تاوەکو سبەی بەیانی بەردەوامبێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی کرماشان، لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای کرماشان و بەتایبەت ناوچەی هەورامان، زۆرترین باران دەبارێت و لە درەنگی شەوەوە تەمومژ ناوچە شاخاوییەکان و بەشێک لە شارەکان دەگرێتەوە.
لە ئیلام لافاو دروستبوو
لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی بەهێزی باران پارێزگای ئیلامی گرتووەتەوە و لافاو شاری دێلوڕانی ئەو پارێزگایەی گرتەوە.
لە ئێوارەی دوێنێوە شەپۆلێکی چڕی باران پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و لە شاری دیلوڕانی ئەو پارێزگایە بارانی بەخوڕ بووە هۆی دروستبوونی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو لە شەقام و کۆڵانەکانی ئەو شارە.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ئیلام پێشبینی دەکات، باران تاوەکو ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بەردەوام بێت و داوا لە هاووڵاتییان دەکات تاوەکو ئەو جێگەیەی بۆیان دەکرێت، لە ناوچە شاخاوییەکاندا هاتووچۆ نەکەن.
کەشناسیی لوڕستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات روو لە ناوچە شاخاوییەکان نەکەن
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی پارێزگای لوڕستان پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای 48 کاژێری داهاتووی ئەو پارێزگایە راگەیاند و چاوەڕوان دەکرێت تا رۆژی چوارشەممە باران بەردەوام بێت.
بەهرۆز مرادپوور، بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای لوڕستان دەڵیت، لە بەیانی رۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی باران سەرجەم ناوچەکانی پارێزگای لوڕستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکەین تاوەکو ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بەردەوام بێت.
بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای لوڕستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات تاوەکو کۆتاییهاتنی شەپۆلەکە، روو لە ناوچە شاخاوییەکان نەکەن و داواش لە ئاژەڵداران دەکات ئاژەڵەکانیان نەبەنە لەوەڕگەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ