رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی راپەڕین دەستگیرکردنی هەشت تۆمەتبار رادەگەیێنێت و دەڵێت، "ئەو تۆمەتبارانە بەکاربەری ماددە هۆشبەرەکانن و تەمەنیان لەنێوان 22 بۆ 24 ساڵە."
رۆژی دووشەممە 28-11-2022 شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی راپەڕین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بنکەی پۆلیسی حاجیاوا بە هاوکاریی بنکەی پۆلیسی ماکۆک لە قەزاکە، هەشت کەسیان بە تاوانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی کریستاڵ و هێرۆین دەستگیر کردووە."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین، "گیراوەکان لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و بەپێی ماددەی 30 لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان راگیراون."
شۆڕش ئیسماعیل ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دوای لێکۆڵینەوەی ورد لەو هەشت کەسە، چەند تۆمەتبارێکی دیکەش لە سنووری ئیدارەی راپەڕین فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو. بەشێکیان بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە و بەشێکیشیان ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە. ئێستا لە هەوڵی دەستگیرکردنیانداین."
لەبارەی ناسنامەی گیراوەکانیشەوە ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، "سەرجەمیان لە رەگەزی نێرن و تەمەنیان لەنێوان 22 بۆ 24 ساڵە و ئێستا لە گرتن و گواستنەوەی راپەڕین ماوەی راگرتنەکەیان بەسەردەبەن." گوتیشی، "ئامانجمان لەم هەوڵانە نەهێشتنی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرە لە سنوورەکەمان و دەمانەوێت بە تەواوەتی بنبڕی بکەین."
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەستگیرکردنی دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەریشی لەلایەن ئاسایشی راپەڕینەوە راگەیاند و گوتی، "دوو تۆمەتباری دیکە بە تاوانی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر بەو هەشت دەستگیرکراوە لەلایەن ئاسایشی راپەڕینەوە دەستگیرکراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ