پلاندانانی عێراق بۆ رووداو: 70%ی کارەکانی گەمارۆسازی و ژمارەکردن لە کەرکووک تەواو بوون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
روودا دیجیتاڵ

وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، 70%ی کارەکانی گەمارۆسازی و ژمارەکردن لە پارێزگای کەرکووک تەواو بوون. 
 
بڕیارە سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە 20ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت. بەڕێوەچوونی قۆناخ بە قۆناخی پرۆسەکە دەستی پێکردووە. یەکەم قۆناخ بریتییە لە گەمارۆسازی و ژمارەکردن.
 
رۆژی شەممە 28-09-2024،عەبدولزەهرە هینداوی،گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"کارەکانی پڕۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەکردن لە عێراق زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن. لە پارێزگای کەرکووک 70%ی کارەکانی ئەو قۆناخە تەواو بوون."
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتیشی، لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراقدا شێوەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە یەکەوە نزیکە.
 
سەبارەت بە هاوئاهەنگیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێری، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی، "هاوئاهەنگییەکی باڵامان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە"؛ گوتیشی "هەفتەی رابردوو شاندێکی دەستەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بوو؛ پێشتریش شاندێکی دەستەی ئاماری عێراق لە هەرێمی کوردستان بوو."
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی 26-09-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق باسکرا.
 
دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان تیشکیان خستە سەر دوایین ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی سەرژمێری و تێبینی و سەرنج و نیگەرانی و مەترسیی خۆیان لەبارەی شێواز و ئامانجی پرۆسەکە دەربڕی.
 
ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، دووپاتیکردەوە کە دژی بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی نییە، بەڵام نابێت ئەو سەرژمێرییە بۆ هیچ مەبەستێکی سیاسی بەکاربهێنرێت و نابێت ببێتە جێگرەوەی هیچ رێکارێکی دەستووری کە لە مادەی 140ی دەستووردا هاتووە. 
 
ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی پلاندانان و دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی راسپارد کە تێبینی و سەرنج و نیگەرانی و پێشنیاز و راسپاردەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ.
 
گەمارۆسازی و ژمارەکردن، سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کە ماوەی 60 رۆژ دەخایێنێت. پرۆسەکە لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە عێراق دەستیپێکردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان تێبینی لەسەری هەیە و هێشتا دەستی پێنەکردووە.
 
لەو پرۆسەیەدا تیمەکانى سەرژمێرى بەسەر چەند بلۆکێکدا دابەش دەکرێن بۆ گەمارۆسازی و ژمارەلێدان؛ هەر بلۆکێک خانوو و باڵەخانەکانى سنوورەکەى دەگاتە 120.
 
دیارترین بڕگەکانی پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەکردن ئەمانەن:
 
- کۆکردنەوەی فرۆشگە و گوندەکان لە پاکێجی بچووک کە لە رێگەیەوە هەر توێژەرێک دەتوانێت پرۆسەی ژمارەکردن و گەمارۆسازی سەرجەم شوێنی نیشتەجێبوون، باڵەخانە و دامەزراوەکانیان ئەنجام بدات.
 
- ژمارەکردنی باڵەخانەکان کە سەرجەم باڵەخانە و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و بازرگانییەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک ژمارە دەکرێن، ئەوەش بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی شوێنەکان و پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە هەمەجۆرەکان.
 
- گەمارۆسازیی دانیشتووان کە لە رێگەیەوە سەرجەم داتا و زانیاریی خێزان و ئەندامەکانیان کۆدەکرێتەوە، هەروەها کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر کرێکار و کارمەندی دامەزراوەکان بەپێی رەگەز، نەتەوە و جۆری کارەکانیان.
 
سەبارەت بە دەستپێکی قۆناخی دووەمی سەرژمێرییەکە، عەبدولزەهرە هینداوی دەڵێت، "دوای تەواوبوونی قۆناخی یەکەم، 120,000 توێژەری دیکە راهێنانیان پێدەکرێت بۆ ئەوەی لە 20ـی تشرینی دووەمی 2024 قۆناخی دووەم دەستپێبکەین."
 
لە ساڵی 2009ـوە حکومەتی عێراق پلانی هەیە سەرژمێری بکات، بەڵام زۆر هۆکار رێگربوون لە ئەنجامدان و بەڕێوەچوونی.
 
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لەساڵی 2030ـدا دەگاتە 51 ملیۆن و 211 هەزار و 700 کەس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پۆستەری ژمارەیەک بەربژێر لەسەر شەقامێکی هەولێر

کۆمیسیۆن: تاوەکو ئێستا لە بانگەشەدا 12 سەرپێچی تۆمار کراون

سێ رۆژ بەسەر دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردندا تێپەڕدەبێت. کۆمیسیۆن دەڵێت، لە بازنەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک 12 سەرپێچییان تۆمار کردووە