کۆنفرانسێک لە ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا لەبارەی ژنی کورد و عێراقی بەڕێوەچوو

28-09-2024
تەنیا ئەحمەد
ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا
ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەژێر ناونیشانی "ژنانی عێراق: لەنێوان پابەندبوون، خۆڕاگری و ئازادی" کۆنفرانسێک لە ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا لە پاریس بەڕێوەچوو. نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عێراق، فەرەنسا و چەندین گەنج لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە بوون.
 
زەینەب خەلیل، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی ڤیژن ئێجوکەیشن گوتی، "ژنانی کورد و عێراقی خۆڕاگرییەکی بێوێنەیان پیشانداوە. سەرەڕای چەندین ئاڵنگاری، ئەوان ترووسکایی بەرەوپێشچوونن، رابەرایەتیی چەندین بزووتنەوەیان کردووە بۆ پەروەردە، مافەکانی مرۆڤ و ئازادی."
 
لە کۆنفرانسەکەدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک خرایەڕوو، کە لەبارەی دۆخی ژن لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و دیپلۆماسییەوە کراوە.
 
لێکۆڵینەوەکە 18 مانگی خایاندووە، لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی فەرەنسی لەسەر عێراق کراوە و کۆمپانیای ڤیژن ئێجوکەیشنیش پشتگیریی دارایی کردووە.
 
عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی فەڕەنسی لەسەر عێراق دەڵێت، "دەتوانم بڵێم یەکێک لە دەرەنجامە هەرە بەهێزەکانی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە بۆمان دەردەخات زۆربەی زۆری حیزبەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ژن تەنیا وەکو دیکۆرێک بەکاردەهێنن بۆ وەڵامدانەوەی چوارچێوە یاساییەکان، چونکە یاسا فەرزی کردووە بەسەریاندا کە کۆتای ژن هەبێت، هەروەها بۆ موخاتەبەکردنی کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان، بۆئەوەی بڵێن کە ئێمە چۆن توانیومانە بەڕووی ژندا بکرێینەوە، بەڵام لە قووڵاییاندا و لە عەقڵی پشت کەواریسەکانیاندا، لە یادەوەریی دەستە جەمعییاندا تا راددەیەکی زۆر باوەڕیان بە رۆڵی ژن نییە، بە پێچەوانەوە، ژن بە تیۆری بە پلەی سێ و چوار و پێنج مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن."
 
لە لێکۆڵینەوەکەدا باس لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ژنان لە بازاڕی کار و بەشداریی سیاسیدا کراوە. ژنان بەم جۆرە ئاڵنگارییەکانیان لە بازاڕی کاردا باس کردووە: 41% هاتووچۆی رۆژانەیان بۆ شوێنی کارەکانیان نییە، 33.7% ترسیان لە تووندوتیژیی رەگەزی هەیە و 30% گوتوویانە خێزانەکانیان رێگە نادەن.
 
هەرچی لەبارەی بەشداریکردنی سیاسییە: 35.6% گوتوویانە پیاوان نایانەوێت هێز و دەسەڵات بەش بکەن، 25% زانیاریی سیاسییان نییە و 17% بەرپرسیارێتیی نێوماڵ رێگەیان نادات.
 
679 ژن لە لێکۆڵینەوەکەدا بەشدارییان کردووە، 172یان خەڵکی پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".