خوێندنی باڵا: بۆ دامەزراندنی وانەبێژان چاوەڕێی فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وانەبێژانی خوێندنی باڵا، هاوشێوەی وانەبێژانی پەروەردە، داوای بەگرێبەستکردنیان دەکەن. بەرپرسێکی خوێندنی باڵا دەڵێت، ناوی وانەبێژان لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و چاوەڕوێی فەرمانی ئەوانن.
 
بەگوێرەی دوو نووسراوی جیای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، لە 23ـی ئەیلوولەوە داوای دامەزراندنی وانەبێژانی خوێندنی باڵا کراوە.
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوو نووسراودا داوای بەگرێبەستکردنی وانەبێژانمان کردووە و ئێستا داواکارییەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و فەرمانی ئەوانی پێویستە".
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ خوێندنی 2023 و 2024 هەزار و 982 وانەبێژای هەبوو و بە نووسراوێک داوای بە گرێبەستکردنی کردوون؛ هەروەها نزیکەی دوو هەزار وانەبێژی دیکەش ساڵانی پێشتر وانەبێژ بوون و بە نووسراوێکی جیاواز داوای گرێبەستکردنی ئەوانیش کراوە.
 
نووسراوەکان بە ژمارە (18617) و (18619) لە 23-09-2024 ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کران.
 
25ـی ئاب، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژانی پەروەردە بکاتە گرێبەست.
 
کەمترین مووچەی وانەبێژی خوێندنی باڵا بە گوێرەی بڕوانامەکانیان 500 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان یەک ملیۆن و 250 هەزار دینارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە