رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەڵێت، سێ گەشتیان بەهۆی شەڕەوە بۆ لوبنان هەڵوەشاندووەتەوە.
هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت، "دوێنێ دوو گەشتمان بۆ بەیرووت هەڵوەشاندەوە و ئەمڕۆش گەشتێکی دیکە."
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی گوتی، لەلایەن هێڵی ئاسمانیی عێراقەوە گەشتەکانی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ لوبنان لە ئەمڕۆوە راگیراون.
هەر ئەمڕۆ لاوەند مەمووندی، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فلای ئەربیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمپانیای ئوور بۆ فڕۆکەوانی لە سەرتاسەری عێراق کاردەکات و ئەوانیش هاوبەشیانن، گەشتەکانیان بۆ بەیرووت راگرتووە.
هەروەها بەرپرسێک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ هیچ گەشتێکمان بۆ بەیرووت نییە."
بەگوێرەی ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەمڕۆ کاژێر 17:30ی ئێوارە گەشتێک لە بەیرووتەوە بۆ هەولێر هەیە. بەرپرسەکەی فڕۆکەخانە گوتی، "تاوەکو ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوە یان دواخستنی ئەو گەشتە نەدراوە."
هەر ئەمڕۆ هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک بە رووداوی گوت، "ئێستا و رابردووش گەشتی راستەوخۆمان بۆ بەیرووت نەبووە و نییە."
دوێنێ وەزارەتی گواستنەوەی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقییەی بۆ لوبنان تاوەکو کاتێکی نادیار راگەیاند.
ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی سوپای ئیسرائیل باشووری بەیرووتی بۆردوومانکرد و بڵاویکردەوە، شوێنی بۆردوومانکراو بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵای لوبنان بووە.
لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا 6 باڵەخانە رووخان. وەزارەتی تەندروستی لوبنان بڵاویکردەوە، 2 کەس کوژراون و 76 کەسی دیکە برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ