رووداو هەولێر
لە چیای گۆیژە لە شاری سلێمانی کۆمەڵێک گورگ بینراون. سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان دەڵێت، گورگەکان برسییانە و مەترسیدارن. پۆلیسی دارستانیش دەڵێت، لە رابردوودا لە گەڕەکێکی دیکەی سلێمانی گورگ 10 ئاسکی خنکاندووە.
رۆژی چوارشەممە، 28-9-2022، ملکۆ بازیانی، سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تیمی شاخەوانیمان هەیە، دوێنێ لە گۆیژە گەلەگورگێکیان بینیوە؛ ژمارەیان شەش گوإهێرگ بووە و مەترسیی پەلاماردانی هاونیشتمانییان هەیە ئەگەر بچنە سنوورەکە".
بازیانی ئاماژەی بەوەش کرد کە گورگەکان بەهۆی ئەوەی "زۆر برسین" و تێکەڵی سەگی بێلانەبوون، مەترسیی پەلاماردانی هاونیشتمانییانیان هەیە. گوتیشی: "گرووپەکانی شاخەوانی دەبێت ئاگاداربن و پێویستە لایەنی پەیوەندیداریش بێنە سەر هێڵ".
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، عەمید هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە گۆیژە گورگ هەیە و راستە، بەڵام گورگ بەدوای خۆراکی خۆیدا دەگەڕێت و پەلاماری ئاژەڵ دەدات".
کەمەرخان ئاماژەی بەوەش کرد کە گورگ یەکێکە لە ئاژەڵە "دڕندە" و گۆشتخۆرەکان، بەڵام ئازاری مرۆڤ نادات. گوتیشی: "مەگەر کەسێک تەنیا بێت، یان منداڵ بێت، ئەگەرنا مەترسیی لەسەر ژیانی مرۆڤ دروستناکات".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی گوتیشی، لە رابردوودا لە باخێکی گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی دوو گورگ 10 ئاسکیان خنکاندووە. دەشڵێت: "نەوەکو گورگ، پڵنگیش بینراوە لەلایەن چەند کەسێکەوە پەلاماری کەسیانی نەداوە؛ ئەوانە گۆشتخۆرن، بەڵام شەرمنن و پەلاماری هەموو کەسێک نادەن".
چیای گۆیژە بەهۆی نزیکی لە ناوەندی شاری سلێمانی و لەباری کەشوهەواکەیەوە بەتایبەت لە رۆژە گەرمەکاندا، بە شەو و رۆژ گەشتیاران و هاونیشتمانییان بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان رووی تێدەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ