هەریەکە لە پارتی و یەکێتی و پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی دژی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، سکاڵایان تۆماکرکردووە
رووداو - هەولێر
لەپێناو ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش بەڕێوەدەچێت، ئەمڕۆ لایەنە کوردستانییەکان لە هەولێر کۆدەبنەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هەموو حیزبە کوردییەکان ئەمڕۆ لە هەولێر کۆدەبینەوە و هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق تاوتوێدەکەین، هەروەها خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنەکە و دروستکردنی یەکدەنگی نێوان لایەنەکانیش گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت".
هەریەک لە: پارتی و یەکێتی و پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی دژی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، سکاڵایان تۆماکرکردووە و لە هەندێک ماددەی هەموارکراوی یاساکە ناڕازین.
خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لایەنەکان لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن بەشدارن و، "لە کۆبوونەوەکەدا هەڵبژاردن لە کەرکووك، نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین تاوتوێدەکرێت. خواستی پارتی ئەوەیە: هەموو حیزبە کوردییەکان لە کەرکووک بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن".
ماددەی 16ـی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەڵێ؛ دەبێت هەموو كەسێك لە رۆژی هەڵبژاردن لەناو پارێزگاكەی خۆی دەنگ بدات، "ئەوەش وادەکات ژمارەیەکی زۆر ئاوارە نەتوانن لەكاتی هەڵبژارندا بگەڕێنەوە پارێزگاكانیان و، لە هەڵبژاردن بێبەش بن". هەر لەبەر ئەو هۆکارەش لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵای دژی لەدژی ئەو ماددەیە تۆمارکردووە.
پارێزگای نەینەوا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەموو پارتە کوردستانییەکانی دیکە گرنگترە، چونکە لەدوای 2003ـوە تاوهكو ئێستا، پارتی كوردستانیی هەرە بەهێزی ئەو پارێزگایەیە و زۆربەی دەنگی کوردی ئەو پارێزگایەی هەیە.
عەلی خهلیل، بەرپرسی لقی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ لەبارەی دروستکردنی لیستی کوردستانی لە پارێزگای نەینەوا پێشتر بۆ رووداو قسەی کردووە و دەڵێ “وەکو پارتی، هەڵوێستمان ئاشکرایە و لەگەڵ ئەوەداین نەک تەنیا لەگەڵ یەکێتی، بەڵکو لەگەڵ سەرجەم لایهنه کوردستانییەکانی دیکە رێکبكهوین. پارتی بە چاوی کوردستانییانه تەماشای ئەو ناوچانە دەکات و پێمان باش نییە تهنانهت یەک دەنگی کوردیش بفەوتێ. ئەگەر هەریەک لە ئێمە بەجیا بەشداربین، ئەوه دەنگی کورد لەوێ پەرشوبڵاو دەبێت".
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک
پەرلەمانی عێراق 22-7-2019 پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و شارۆچکەکانی ژمارە 12ـی ساڵی 2018 پەسەندکرد، یاساکە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی لە کەرکووک مەرجدار کردووە.
لە دەقی ماددەکەدا هاتووە "کۆمیسیۆن تاوەکو وادەی 31ـی کانوونی دووەمی 2020 پابەند دەبێ بە وردبوونەوە لە بەراوردکردنی تۆماری دەنگدەران لە کەرکووک بە بەراوردکردنی پسوولەی خۆراک و بەڵگەنامەی باری شارستانی و ئەو ناوانەی لە هەردوو تۆمارەکەدا هاوشێوە نین و، دەبێ لە تۆماری هەڵبژاردن لە کەرکووک رەشبکرێنەوە و ئەوانەی مامەڵەی ماددەی 140ـیان تەواوکردووە لە مەرجی وادەکە بەدەرن".
بەپێی هەمواری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و شارۆچکەکانی عێراق، ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی هەر پارێزگایەک 10 ئەندام دەبێت، ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە لە ملیۆنێک زیاتر بێ، ئەوا بۆ گشت 200 هەزار دانیشتووان لە سەرووی ملیۆنەکە ئەندامێک بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکە زیاددەکرێت.
بەپێی ئەم هاوکێشەیەش ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هەڵبژاردنی داهاتوودا 14 ئەندام دەبێت، چونکە بەپێی نوێترین ئامار، ژمارەی دانیشتووانی کەرکووک ملیۆنێک و 400 هەزار کەسە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئێستای پارێزگای کەرکووک 41 ئەندامە.
لە ساڵی 2005ـەوە بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک بەڕێوەنەچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ