فەهمی بورهان داوادەکات سەرکردایەتی سیاسیی کورد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری جووتیاران یەکگوتار بن

28-06-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن جوتیارانی کورد کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "تائێستا هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی جووتیاران هەر هەوڵ بوون و (کێشەکە) چارەسەرنەکراوە"، داوای لە سەرکردایەتی سیاسی کوردیش کرد، یەکگوتار بن و بە بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ هەموو ئەو پێشهاتانەی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان لەبەردەماندایە خەبات بکەن.
 
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 28-06-2023)  لەبارەی کێشەی زەویوزاری جووتیارانی کەرکووک و جێبەجێنەکردنی مادەی 140 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "هەوڵەکان زۆرن بۆ ئەوەی کێشەی زەویوزار لەم ناوچەیە چارەسەربکرێت، بەڵام تائێستا هەر هەوڵ بوون و چارەسەر نەکراون".
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا فەهمی بورهان، پەیامێکی ئاراستەی حیزبە کوردستانییەکان کرد و رایگەیاند "ئێستا کاتی ئەوەیە یەکگوتار بین و بە بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ هەموو ئەو پێشهاتانەی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان لەبەردەمماندایە خەبات بکەین، پشتیوانی برایانی تورکمان و عەرەبی رەسەن و هەموو ئەوانەی ستەمیان لێکراوە، بکەین. داوا لە سەرکردایەتیی سیاسی کورد دەکەین یەکگرتوو بن، لەپێش هەڵبژاردنێکی تەواو گرنگداین، با بە یەک ئاراستە کاربکەین کە ئەویش پاراستنی کەرکووک و کەرکووکییەکانە".
 
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان داوای لە سەرکردایەتی سیاسی کورد کرد لە کێشەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان تێبگەن و گوتی: "نووسراوێکمان ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی کردووە بۆ ئەوەی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن دروستبکەن بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لە عێراقەوە تایبەت بە مادەی 140 دەردەکرێن".
 
رۆژی 19-06-2023 هادى عامرى، سەرۆکى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140، نووسراوێکى ئاراستەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق کرد و تێیدا جەختی لەسەر جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 29ـی ساڵى 2012 کردەوە، کە لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى ئەو کاتەی عێراقەوە دەرکراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم بڕیارەکانى کاروبارى باکوورى سەردەمى دەسەڵاتی بەعس.
 
لە بارەی پەیامەکەی هادی عامری، فەهمی بورهان گوتی "پێشوازیمان لە بڕیارەکەی کردووە و بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێمان وایە تەنیا ئەو بڕیارە کۆی کێشەکان چارەسەر ناکات. دوو ئەرکی گرنگ هەن کە ئەوانیش؛ پابەندبوون بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو بڕیارە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی پێشوون، بەو دوو بڕیارە دەتوانین ئارامی زیاتر بۆ ناوچەکە بهێنینە دی و هەموومان لەژێر سایەی دەستوورێکی یەکگرتوودا کە دەنگمان پێی داوە، بحەسێینەوە".
 
زیاتر لە مانگێکە جووتیارانی کەرکووک دژی بڕیارێکی  فەرماندەی فیرقەی 11ـی سوپای عێراق وەستاونەتەوە، کە 29ـی ئایار بە نووسراوی فەرمی داوای لە فەرمانگەی کشتوکاڵیی کەرکووک کردووە، دەست بە جیاکردنەوەی زەوییەکانی کەرتی 23ـی دیبەگتەپە و 24ـی تۆپزاوا لە باشووری کەرکووک بکەن بۆ سوپای عێراق. 
 
بە گوتەی فەهمی بورهان یەکێک لە هۆکارەکانی رێگریکردن لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پێشوو، بەهۆی گوتاری سەرکردایەتی سیاسی کوردییە و دەڵێت "وەکو سەرکردایەتی سیاسی کورد لەبەر ئەوەی درز کەوتووەتە نێو گوتارەکانمان و نەمانتوانیوە دیدگایەکی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بنیات بنێین، بۆیە لێرەوە داوا لە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان جەنابی کاک مەسعود و کاک بافل، هەموو هێزە تێکۆشەرەکانی کوردستان و برایانی ئیسلامی دەکەم، هەموومان پێکەوە دیدگەمان یەکبخەین بۆ ئەوەی جووتیاران رزگاربکەین".
 
بڕیارە دوای جەژنی قوربان، شاندێکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات. فەهمی بورهان دەڵێت "لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان و وەزیرەکانمان کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانین بە کرداری کێشەی جووتیارانی کورد چارەسەربکەین".
 
زەوییەکانی جووتیاران نزیکەی 13 هەزار دۆنمە و زۆربەی هی کوردە و بەشێکیشیان هی تورکمانە، ئەو زەوییانە ناوچەکانی تۆپزاوا، یایچی، ترکەلان، تسعینی کۆن، دیبەگتەپە، گۆمبتلەر و چەند گوند و ناحیەییەکی دیکە دەگرێتەوە. ئەو زەوییانە کورد و تورکمان لە باشووری کەرکووک خاوەنیانن، لەسەردەمی رژێمی بەعسدا لێیان سەندراوەتەوە و خاوەنەکانیان دەربەدەر کراون، ئەوکاتە موڵکیەتیان گۆڕدراوە بە ناوی وەزارەتی بەرگری، هێزەکانی سوپا بەو بەڵگەیەوە دەیانەوێت زەوییەکان لە جووتیاران زەوت بکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.