ژمارەیەک سەربازی تورکیا دەچنە گوندی هروور و قسە لەگەڵ چەند جووتیارێک دەکەن

28-05-2021
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
وردەکاریی رووداوەکە
وردەکاریی رووداوەکە
نیشانەکردن بۆردوومانی تورکیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەیانیی ئەمڕۆ هەینی ژمارەیەک سەربازی تورکیا چوونە دەوروبەری گوندی هروور لە بەرواری باڵا و قسەیان لەگەڵ چەند جووتیارێک کردووە. یەکێک لە جووتیارەکانیش دەڵێت، پێیان گوتوون، شەڕی ئەوان لەگەڵ خەڵکی سڤیل نییە و لەگەڵ پەکەکەیە. 
 
ئەو کەسانەی کە سەربازەکانی تورکیا قسەیان لەگەڵ کردوون جووتیار بوونە و لەکاتی چوونیان بۆسەر رەز و باخەکانیان، سەربازەکان چوونەتە لایان و قسەیان لەگەڵ کردوون. سەربازەکانیش لەو خاڵە سەربازییەی نزیک گوندەکەوە چوونە کە نزیکەی سێ هەفتەیە دانراوە. 
 
لەزگین و عەباس لەو جووتیارانە بوون کە سەربازەکان قسەیان لەگەڵ کردوون، لەزگین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 10:30 خولەک بۆ 11:00 بوو. کاتێک لەسەر رەز و باخەکانیان بوون، سەربازەکان چوونەتە لایان و "هەندێک پرسیاریان لێکردین و وەڵاممان دانەوە، گوتیان چی دەبینن و کێتان بینیوە، گوتمان کەسمان نەبینیوە."
 
سەربازەکان بە گوتەی ئەو جووتیارە گوتوویانە، "ئەگەر بێن و زەوی و باخەکانتان ئاو بدەن کێشە نییە، بەڵام نابێت زیاتر دووربکەونەوە، چونکە مەترسیدارە."
 
عەباس جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێت، سەربازەکان وەرگێڕیان لەگەڵدا بوو، "هەندێک قسە و گاڵتەمان کرد و پێمان گوتن، خەڵکی گوندەکە دەترسن، ئەوانیش گوتیان مەترسن و مەترسی نییە، ئەگەر پەکەکە نەیێتە گوندەکە ئەوا مەترسی نییە."
 
بە گوتەی عەباس، گفتوگۆکەیان لەگەڵ سەربازەکان نیوکاژێری خایاندووە و ژمارەیان نزیکەی 20 سەرباز بووە.
 
ئەوە یەکەمجارە سەربازانی تورکیا لەو سنوورە بچنە نزیکی گوندەکە کە گوندێکی ئاوەدانە و زیاتر لە 40 ماڵی تێدا دەژی. ئەمڕۆش بەهۆی ئەوەی هەینییە، خەڵکێکی زیاتر چوونەتە ناوچەکە و سەردانی گوندەکەیان دەکەن. 
 
جووتیارەکان لەو گوندە رۆژانە سەردانی رەز و باخەکانیان دەکەن تاوەکو ئاویان بدەن و کاریان تێدا بکەن. بە گوتەی لەزگین، سەربازەکانی تورکیا گوتوویانە "تاوەکو ئەو شوێنەی ئاوی لێیە دەتوانن بێن و ئاوی باخەکان بدەن، بەڵام نابێت بچنە دەوروبەری گوندەکە و مەترسیدارە."
 
جێگیرکردنی خاڵە سەربازییەکەی تورکیا لەو ناوچەیە و دابەزاندنی سەربازانی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی برووسکە - چڕنووکی هەورەتریشقەیە کە لە 23ـی مانگی رابردووەوە دەستی پێکردووە. بۆردوومان و پێکدادانیش لە زناری کێستە چڕبووەتەوە. تاوەکو ئێستاش دوو گوند بەهۆی ئەو شەڕەوە چۆڵکراون. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە