رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی موسڵ، گۆڕستانێکی مێژوویی دەرکەوتووەتەوە کە 147 گۆڕی تێدایە و تەمەنی گۆڕەکانیش زیاترە لە سێ هەزار ساڵ، بەڵام چەند کەسێک هەندێک لە گۆڕەکانیان هەڵداوەتەوە و بەدوای شوێنەواردا گەڕاون.
سەعد حەدید، شوانە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیکەی ساڵێکە لەم نزیکانەم و کەسم نەبینیوە گۆڕەکان هەڵبداتەوە، ئەوانەی لێرە دەیانبینم، زیاتر ماسیگرن، بەڵام کەس نابینم بێتە لای گۆڕەکان."
زیاتر لە 120 شوێنەوار لە سنووری بەنداوی موسڵدا دەستنیشان کراون، هاوکات زیاتر لە دوو هەزار و 200 شوێنەواریش لە سنووری پارێزگای دهۆک هەن.
نەک تەنیا لە سنووری بەنداوی موسڵ، بەڵکو بەمدواییانە لە سنووری ناحیەی چەمانکێ، مانگێش، زاویتە و قەزای سێمێلیش گۆڕی مێژوویی هەڵدراونەتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک دەڵێت، ئەوە بووەتە مەترسی لەسەر شوێنەوارە مێژووییەکانی سنوورەکە.
د. بێکەس جەلالەدین، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک باسی لەوە کرد، "ئەو سەردەمەی کە ئەم گۆڕانە لێی دروستکراون، چەرخی برۆنزین، هیچ پارچە زێڕ یان شوێنەوارێکی گرنگی تێدا نییە، تەنیا ئامانج لێی تێکدانی گۆڕەکانە، ئەمەش دەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم شوێنەوارناسان کە بزانن مێژووەکەیان بۆ چ سەردەمێک دەگەڕێتەوە. هاوکات لە رووی ئایینیشەوە نابێت گۆڕەکان هەڵبکەنرێت ئەگەر بۆ کارێکی زانستی نەبێت، بۆیە بە فەرمی سکاڵامان گەیاندووەتە پارێزگای دهۆک و پۆلیس و ئاسایش."
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بە شەوان و بە ئامێری تایبەت گۆڕەکان هەڵکەندراون، ئەوەش بە ئامانجی دۆزینەوەی کەلوپەل و شوێنەواری مێژوویی بە مەبەستی بازرگانی. هاوکات لە ساڵێکدا 16 کەس لەسەر گەڕان بەدوای شوێنەوارەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک دەسگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ