رووداو - چەمچەماڵ
ژمارەیەک خۆبەخش لە چەمچەماڵ دوو کاژێر بەر لە بانگی ئێوارە خواردنی زیاتر لە 700 رۆژووەوان ئامادە دەکەن و بڕیاریانداوە مانگی رەمەزان هەموو ئێوارەیەک لەسەر رێگەی کەرکووک - سلێمانی، لە چەمچەماڵ خواردن بە رێبواران بدەن.
سەردار عبدولکەریم، چیشتلێنەر گوتی، "رۆژانە 25 کیلۆ فاسۆلیا 50 بۆ 75 کیلۆ برنج و 100 بۆ 150 کیلۆ گۆشت لێدەنێین، حەوت کەسین ئامادەی دەکەین، رۆژانە لە کاژێر 02:00ی پاشنیوڕۆ دێینە سەر کار."
پرۆژەکە ناوی "خواردنگەی ماڵی خودا"یە، خاوەنی پرۆژەکە دوو برای سەرمایەداری چەمچەماڵن، لەگەڵ باوکیان و نزیکەکانیان رێگە بەوانە دەگرن لەو رێگەیەوە تێدەپەڕن و پەلکێشی رۆژوو شکاندن و نانخواردنیان دەکەن.
یاسین حوسێن، خاوەنی پرۆژەکە دەڵێت، "ئەم کارە خێرخوازییە بۆ هەموو کەسێکە لە هەژاران و رێبواران؛ لەگەڵ براکەم بڕیارمان داوە تاوەکو دوایین رۆژی رەمەزان بەردەوام ئەم کارە بکەین و تەنیا دوعای خێرمان دەوێت."
ئەوانەی لە خواردنگە خێرخوازییەکە نان دەخۆن، جگە لە رێبوارانی رێگەکە، هەژار و نەداری شاری چەمچەماڵن، بەشێک لە خواردنەکەیش دەنێردرێتە بەشە نێوخۆییەکان و ئەو ماڵانەی توانای خواردن دروستکردنیان نییە.
مەلا عەزیز شکور، مامۆستای ئایینی و سەردانیکەر ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوانەی دێنە ئێرە خزمەتێکی باش دەکرێن و شاهانەیە، خواردنەکە زۆر خۆش و جوانە، غەریب و رێبوارەکان کە دێن ئەمە دەبینن زۆر خۆشحاڵن. چەمچەماڵ خەڵک بە ناوێکی ناشرین دەیبینێت، بەڵام ئەوەتا ئەم شتە جوانانەیشمان هەیە."
هەر رۆژەو جۆرە خواردنێک ئامادە دەکرێت، بە لانیکەم خواردنی 500 بۆ 1000 کەس ئامادە دەکەن، جگە لە خواردن خورما و ئاو بۆ ئەو کەسانە ئامادە کراوە کە نایەن بۆ نانخواردن و تەنیا دەیانەوێت رۆژوو بشکێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ