پژاک: دوو هەڤاڵمان لەلایەن ئێرانەوە لە پێنجوێن شەهید کران

28-03-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن پژاک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکایەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان‌ـ پژاک، ناسمانەی دوو گەریلای بە ناوەکانی زاگرۆس مانی و شەوگەڕ چیا بڵاوکردەوە کە دەڵێن لە پیلانگێڕییەکی ئێران و لە چەمی شلێری پێنجوێن "شەهیدکراون".
 
لە راگەیێندراوەکەی پژاکدا هاتووە: "لە رێکەوتی 4-2-2021 (16 رێبەندانی 1399) دوو هەڤاڵمان بە ناوەکانی زاگرۆس مانی و شەوگەڕ چیا، کە لە هەرێمی چەمی شلێری سەر بە شاری پێنجوێنی باشووری کوردستان سەرقاڵی راپەڕاندنی ئەرکی شۆڕشگێڕیی خۆیان لە چوارچێوەی بەڕێکخستنکردنی گەلدا بوون، لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکی رژێمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیدا دەگەنە پلەی شەهادەت و پەیوەست دەبن بە کاروانی شەهیدانی رێگای ئازادی کوردستانەوە".
 
لەبارەی چۆنیەتی رووداوەکە، پژاک رایدەگەیێنێت: "لە رێکەوتی باسکراودا دوو کەس بە ئامانجی دیتنی گرووپێکی هەڤاڵانمان لە هەرێمی چەمی شلێر سەردان دەکەن. ئەو دوو بەکرێگیراوە بە پیلانێکی لەپێشدا داڕێژراو دەچنە لای هەڤاڵانمان و لە دەرفەتێکدا پیلانی قێزەونی خۆیان ئەنجام دەدەن. لە ئاکامدا شەوی چوار لەسەر پێنجی مانگی شووبات بەرامبەر لەگەڵ 16 رێبەندانی 1399 هەتاوی هەڤاڵانمان زاگرۆس مانی و شەوگەڕ چیا بە شێوازێکی نامرۆڤانە و دڕندانە شەهید دەکرێن".
 
ناسنامەی هەردوو کوژراوەکەی پژاک
 
زاگرۆس مانی
 
ناو و پاشناو: مێهدی رەزایی
 
ناسناوی رێکخستنی: زاگرۆس مانی
 
ناوی باوک: ئەحمەد
 
ناوی دایک: عێزەت
 
شوێنی لەدایکبوون: کرماشان
 
لە 2014 پەیوەندیی بە پژاکەوە کردووە و لە 4 شوباتی 2021 کوژرا
 
شەوگەڕ چیا
 
ناو و پاشناو: ئاکۆ فەتحی
 
ناسناوی رێکخستنی: شەوگەڕ چیا
 
ناوی باوک: سەید موراد
 
ناوی دایک: شەرافەت
 
خەڵکی شاری: سنە
 
دیرۆکی بەشداربوون: 2018
 
دیرۆکی شەهادەت: 4 شوباتی 2021
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە