کەنەکە: دەبێت بەرپرسانی تورکیا پرسی کورد ببەنە پەرلەمان و دیموکراسییانە چارەسەری بکەن

28-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن بانگەوازی ئۆجەلان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) پشتگیری خۆی بۆ پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە راگەیاند و دەڵێت، ئەو بانگەوازە واتای ئەوەیە دەبێت لایەنی کوردی لە باکووری کوردستان سەرلەنوێ بە سیاسەتێکی دیموکراسی خۆی رێکبخاتەوە و رۆڵی چەک نەهێڵێت. 
 
(کەنەکە) دەڵێت، بانگەوازی ئۆجەلان بۆ زۆر لایەنە و "بانگەوازی سەرەکی بۆ بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیایە کە دەبێت شەڕ بوەستێنن و رێگە بۆ سیاسەتی دیموکراسی بکەنەوە، مەرج و هەلومەرجی کارکردنی ئازاد بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان فەراهەم بکەن، پرسی کورد ببەنە پەرلەمان و بە شێوەیەکی دیموکراسی چارەسەری بکەن".
 
(کەنەکە) باس لەوە دەکات، بەشێکی بانگەوازەکە بۆ هێز و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و رای گشتییە و دەڵێت، دۆزی کورد تاوەکو زیاتر بێ چارەسەر بمێنێتەوە، چارەسەرەکە قورستر دەبێت و کاریگەری لەسەر ئاشتی و ئارامی ناوچەکە دەبێت و بۆیە پێویستە پشتگیری چارەسەرێکی دیموکراسییانە بکەن.  
 
ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان بە بایەخەوە سەیری بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن و پشتگیری لێ دەکەن. 
(کەنەکە) بە پێویستی دەزانێت بەرپرسانی تورکیا سوود لەم دەرفەتە وەربگرن کە وەک مێژوویی ناوی دەبات و دەڵێت، پێویستە ئەرێنییانە وەڵامی بدەنەوە و کاربکەن بۆ ئەوەی بە دیالۆگ پرسی کورد چارەسەر بکرێت. 
 
(کەنەکە) داوا لە پارت و رێکخراوەکانی کوردستان دەکات لەم کاتەدا پێکەوە هەنگاوبنێن، یەکگرتوویی نێوانیان بەهێزبکەن و پشتگیری کاری ئاشتییانە و دیموکراسییانە بکەن. 
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، 27-02-2025، پەیامی ئاشتیی ئۆجەلان لەلایەن ئەحمەد تورک، ئەندامی شاندی ئیمراڵی بە زمانی کوردی خوێندرایەوە. دواتر پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان پەیامەکەی بە زمانی تورکی خوێندەوە.
 
دەم پارتی وێنەی نامە دەستییەکەی ئۆجەلانی بڵاوکردەوە کە بە زمانی تورکی نووسیبووی. هاوکات، وێنەیەکیشی بڵاوکردەوە کە لە ئیمراڵی لەگەڵ شاندە حەوت کەسییەکەی دەم پارتی گرتبووی. 
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەشێکی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "لەسەر بەستنی کۆنگرەیەک و بڕیاردان لەسەر تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە رێکبکەون و پێویستە هەموو گرووپەکان دەستبەرداری چەک بن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
 
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێویستە بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ زمان و راستییەکانی قۆناخەکەدا پەرەی پێبدرێت."
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتوویەتی: ''کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە''.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە