رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یەکەم هەنگاوی پڕۆژەی "هەژماری من"ـی راگەیاند کە تێیدا وەکو هەنگاوی یەکەم 850 کەس مووچە بەشێوەی ئەلیکترۆنی وەردەگرن. مەسرور بارزانی دەڵێت، ئامانجیانە لە دوو ساڵی داهاتوودا تەواوی مووچەی هەرێمی کوردستان بە ئەلیکترۆنی بکرێت و بۆ ئەوەش هەزار ئامێری راکێشانی پارە لە شار و شارۆچکەکان دادەنێن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە سێشەممە، 28ـی شوباتی 2023، بڵاوی کردەوە، رایگەیاند: "بەخۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ یەکەم هەنگاوی پڕۆژەی هەژماری من کەوتە کار، کە خەڵک دەچن بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی مووچە وەردەگرن".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەکە ئەمڕۆ وەکو نموونە بە 850 کەس دەستیێكردووە و دوو ساڵ کاتیان بۆ داناوە تاوەکو لەو ماوەیەدا حکومەت بتوانێت ژێرخان بۆ پڕۆژەکە جێگیر بکات. گوتیشی: "بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئەم خزمەتگوزارییە بە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان بگات".
مەسرور بارزانی دەڵێت، "ئێمە تەنیا مەبەستمان ئەوە نییە مووچە بدەین؛ دەمانەوێت ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز دروستبکەین کە بووژانەوەی ئابووری لە هێنان و بردنی پارە لە حساباتی بانکی.. ئەمە یارمەتیدەری بووژانەوەی ئابووری بێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامانجیانە لە دوو ساڵی داهاتوودا زیاتر لە ملیۆنێک مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەکەدا بەشداربن و گوتیشی: "داوام لە هاووڵاتییان ئەوەیە متمانەمان پێبکەن؛ بڕوایان بەخۆیان و وڵاتەکەیان هەبێ، پێکەوە دەست لەنێو دەست دەتوانین بەسەر ئاڵنگارییەکاندا سەربکەوین و کوردستان بگەیێنینە ئەو قۆناخەی کە شایستەی خەڵکی هەرێمی کوردستانە".
دەقی پەیامی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ماڵپەڕی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکرووەتەوە:
ئەمڕۆ دەستپێشخەریی (هەژماری من) دەستپێدەکات، کە بەرنامەیەکی گشتگیری داراییە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان. لە چەند رۆژی داهاتوودا، لە میانەی قۆناخی تاقیکاریی ئەم دەستپێشخەرییەدا، مووچەی نزیکەی 850 کارمەندی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوون لە هەولێر بە دیجیتاڵی دەخرێتە سەر هەژمارە بانكییه نوێیەکانی فەرمانبەران. بە سوودوەرگرتن لەم دەستپێکە، پڕۆژهكه فراوانتر دهكهین و لە مانگی حوزەیرانەوە کار لەسەر ئەوە دەکەین کە لە ماوەی دوو ساڵی داھاتوودا پێدانی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم دیجیتاڵی بێت.
(هەژماری من) رێگەیەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو بۆ فەرمانبەرانی حکومەت و خانەنشینان دەڕەخسێنێت بۆ ئهوهی بتوانن لە رێی تۆڕێک لە ئامێری راکێشانی پارەوە (ATM)، مووچەکانیان وەربگرن کە لە سەرووی 1000 شوێن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا بەردەست دەبن. جگە لەوەش، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، دەستیان بە خزمەتگوزارییە مۆدێرنەکانی بانک دەگات، لەوانە قەرز، توانای پاشەکەوتکردن، حەواڵەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، توانستی پارە راکێشانی نێودەوڵەتی و پارەدانی ئۆنڵاین و دیجیتاڵی.
ئەم دەستپێشخەرییە، بە دڵنیاییەوە، دەبێتە هۆی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و خێراکردنی پرۆسهی وهرچهرخانی دیجیتاڵیمان و گەشەپێدانی ئابووریمان و لە هەمانکاتدا پشتبەستنمان بە مامەڵەی کاش کەم دەکاتەوە، بەمەش کارایی و شەفافیەتی حکومەت زیاتر دەکات.
(هەژماری من) یەکێکە لەو دەستپێشخەرییە درێژخایەنانەی کابینەی نۆیەم کە بۆ بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و زیادکردنی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ بازرگانی لە کوردستاندا دەیخاتەڕوو. لەم رووەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە فراوانکردنی ئەم دەستپێشخەرییە و رێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر بۆ هاندانی زیاتری پارەدانی دیجیتاڵی.
سوپاسی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکەم بۆ پشتگیریی بەردەوامیان لە سەرپێخستنی ئەم دەستپێشخەرییە و بۆ هەوڵی بەردەوامیان لە بواری چاکسازیدا.
پڕۆژەی هەژماری من چییە؟
- پڕۆژەیەکی گشتگیریی داراییە؛ ئامانج لێی دابینکردنی رێگەیەکی پارێزراوە بۆ فەرمانبەران، هێزە ئەمنییەکان، خانەنشینانی کەرتی گشتی بۆ دەستگەیشتن بە مووچەکانیان.
- مووچەکە لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری راکێشانی پارەوە دەبێت کە بڕیارە لە تەواویی هەرێمی کوردستاندا هەزار ئامێر دابنێرن، کە بە ئامێری (ATM) ناسراون.
- پڕۆژەکە مامەڵە بە پارەی کاش کەم دەکاتەوە و "کارایی و شەفافییەتی زیاتر دەکات".
سوودەکانی پڕۆژەکە بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
- پێدانی مووچە بەڕێکوپێکی و لەکاتی خۆیدا بەبێ بوونی نۆرەگرتنی زۆر.
- توانای دەستگەیشتن بە پارە لە هەرشوێنێکدا بە بەکارهێنانی بانکی مۆبایل - ئینتەرنێت بەبێ سەردانی لقەکان.
- کەمکردنەوەی مەترسیی دزینی مووچە و پاشەکەوت.
- پارەدان بە خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان.
- توانای حەواڵەکردنی پارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ