تەڤگەری ئازادی: هۆکاری دەستگیرکردنی هاوسەرۆکمان لە رانیە سیاسییە

28-01-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوێنێ هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ئیدارەی راپەڕین دەستگیرکرا. هاوسەرۆکی پارتەکە دەڵێت، دەستگیرکردنەکە "تەواو سیاسییە" و ئاسایشی ناوچەکەش رەتیدەکاتەوە و دەڵێن لە بازگە نەوەستاوە.

دوێنێ هەینی، سەلام عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لەلایەن ئاسایشی ئیدارەی راپەڕینەوە دەستگیرکرا. لەوبارەیەوە ئەمڕۆ شەممە، 28-1-2023، تارا حوسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ کاتێک نەبووە چەند رۆژێک کەسێک بە بیانوویەکی بچووک لە زینداندا بهێلێدرێتەوە، ئەوەی هەیە بابەتێکی سیاسییە، مامۆستا سەلام جگە لەوەی هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادییە، کەسایەتییەکی ئەکادیمی و ناسراوی دەڤەری راپەڕین و بناری قەندیلە".
 
بەڵام ئارام مەلا، گوتەبێژی ئاسایشی راپەڕین رەتیکردەوە هۆکاری سیاسیی لە پشت گرتنی هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادییەوە بێت. ئارام مەلا بە رووداوی گوت: "ئەو کەسە چەند کەسێکی لەگەڵدا بووە و لە بناری قەندیل گەڕاوەتەوە و لە بازگە نەوەستاوە و لەگەڵ ئاسایشدا دەمەقاڵێی بووە، ئەوە هۆکاری گرتنەکەی بووە نەک بابەتی سیاسیی". گوتیشی: "ئەو کەسە بە بڕیاری دادەوەر راگیراوە، رۆژی یەکشەممە دەبرێتە بەردەوام دادوەر".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، وەکو ناڕەزاییەک دژی دەستگیرکردنی هاوسەرۆکەکەیان، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە لەلایەنگرانی تەڤگەری ئازادی لە رانیە گرددەبنەوە.
 
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان؛ ساڵی 2014 دامەزراوە و مۆڵەتی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەرگرتووە. پارتەکە بەشێوەی سیستمی هاوسەرۆکی بەڕێوەدەبرێت و هەریەکە لە تارا حوسێن و سەلام عەبدوڵڵا هاوسەرۆکی گشتیی پارتەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە