کریستیانەکانى نەینەوا ترسیان لە ئایندەیان هەیە؛ 'دەرفەتێک هەبێت لێرە دەڕۆین'

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
رێوڕەسمی نوێژی قەداس لە نەینەوا
رێوڕەسمی نوێژی قەداس لە نەینەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا، رێوڕەسمی نوێژی قەداس و جەژنی کریسمس لە کەنیسەی مار جەجیسیی تەلسقۆف کۆبوونەوە و نزایان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ترسی ئەمنی و خەمی کۆچی هاوئایینەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات. 
 
بەیدا نازم، دانیشتووى تەلسقۆف دەڵێت، "ئێمە پابەندین بە عێراقەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەڕاستى ئەگەر دەرفەتێک هەبێت لێرە دەڕۆین، لەبەر ئەوەى جێگیر نین، هەست دەکەین هەر کاتێک بێت، بەڕەکە لەژێر پێمان دەردەهێنن، نازانین چارەنووسمان چى دەبێت".
 
دواى داگیرکردنى موسڵ لەلایەن داعشەوە لە 2014 ، زیاتر لە 13 هەزار و 200 خێزانى کریستیان لە دەشتى نەینەوا ئاوارەبوون،  دواى 10 ساڵ نزیکەى 9 هەزاریان گەڕاونەتەوە.
 
ئەنوەر عیسا، دانیشتوویەکی دیکەیە لە تەلسقۆف باس لەوە دەکات، کە "داهاتووى پێکھاتەکان لێرە ئەستەمە، لەبەر ئەوەى ماوە نا ماوەیەک جوڵەیەک دەبێت، کە وا دەکات خەڵک کۆچ بکەن، لەم گوندەى ئێمە 1200 خێزان کۆچیان کردووە، ئەمە کارەساتە."
 
دواى ساڵى 2017 و کۆنتڕۆڵکردنەوەى موسڵ، کریستیانەکان کەنیسەکانیان ئاوەدانکردەوە، دواى سێ ساڵ سروتە ئاینییەکانیان دەستپێکردەوە کە پێشتر داعش قەدەخەى کردبوو.
 
"ئەوەى کە جوانە ئەوەیە کە خەڵک دەستیان کردووە بە تێکەڵ بوون، پێشتر بیرکردنەوەکان ناوچەیی بوون، ئێستا هاوسەرگیرى هەیە لە نێوان تەلسقۆف و باتنایا و تلکێف و ناوچەکانى دیکەى ئاشوورییەکان، حەز دەکەین داهاتوویەکى باشمان هەبێت، بەڵام هەمیشە ترسمان هەیە لە داهاتووى ئاسایشمان". لوئەى عەزیز، دانیشتووى تەلسقۆف وا دەڵێت. 
 
کریستیانەکان دەڵێن، پێش 2003 ژمارەیان لە عێراق نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس بووە، بەڵام زۆربەیان کۆچیان کردووە و ئێستا تەنیا 250 هەزاریان لە عێراق ماون.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە