رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، دەڵێت کورد بەبێ بەرنامەیی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کرد و ئەوەش هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانیەتی، دەشڵێت، هەڵبژاردنی بەربژێرێکی عەرەب بە نوێنەری کورد لە خانەقین "سووکایەتییە".
محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەو ئەنجامە بوو کە کورد لێی دەترسا، یەکەمجارە کورد بەو شێوەیە کورسی و دەنگی کەم بێت، کورد خۆی کەمتەرخەم بوو."
سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان چەند هۆکارێک لە پشت کەمبوونەوەی دەنگەکانی کورد بوو و گوتی، "یەکێک لەوانە دواخستنی هەڵبژاردن بوو لە کەرکووک هەروەها کورد لە 2003ـەوە تاوەکو 2017 لە کەرکووک بوو، بەڵام ئەدای کارکردنی باش نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا لەو ماوەیە بەغدا هەڵبژاردنی دوادەخست لە کەرکووک لایەنە کوردییەکانیش دوایاندەخست، بەغدا بۆ ئەوە هەڵبژاردنی دوادەخست دەیویست لە رووی ئەمنی، سەربازی و ئیدارییەوە کەرکووک لە کورد وەربگرێتەوە دواتر هەڵبژاردنی تێدا بکات."
محەممەدی حاجی مەحموود، هەروەها گوتی، "ناکۆکی نێوان لایەنە کوردییەکان و تەعریبکردن دوو هۆکاری دیکەن بۆ کەمبوونەوەی دەنگی کورد لە کەرکووک، بەڵام هۆکاری سەرەکی، کەمتەرخەمی کورد خۆی بوو لێی بەرپرسیارە.
محەممەدی حاجی مەحموود، جەختیکردەوە، "کورد بەبێ بەرنامە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کرد، ئەوەش وایکرد کورسییەکانی کورد لە نەینەوا و کەرکووک کەمبکات، هاوکات هەڵبژاردنی عەرەبێک بە نوێنەری کورد لە خانەقین سووکایەتییە. ئەگەر پارتی و یەکێتی رێکنەکەون دەبێت چاوەڕێی هیچ نەکەین لە کەرکووک."
لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "کەرکووک ململانێی زۆری تێدایە، لە هەڵبژاردنی ئەمجارە تورکیا براوەی هەڵبژاردنە لە کەرکووک، چونکە لە کەرکووک عەرەبی سوننە و تورکمان دەنگیان هێناوە، ئێران لەو هەڵبژاردنە براوە نەبووە، تورکیا رۆڵی لە دانانی پارێزگاری داهاتووی کەرکووک دەبێت، ئەگەرێک هەیە پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە بەرژەوەندی کورد یەکلاببێتەوە ئەوەش ئەوەیە شیعە یان ئێران لایەنە نزیکەکانی تورکیا(عەرەبی سوننە و تورکمان)ـیان قبوڵ نەبێت و پشتیگری کورد بکەن.
بە گوێرەی ئەو ئەنجامەی رۆژی سێشەممە، 19-12-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک 217 هەزار و 815 دەنگیان بەدەستهێناوە و دەنگەکانیان بەم جۆرەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 139 هەزار و 373 دەنگ؛ پارتی دیموکراتی کوردستان 46 هەزار و 749 دەنگ؛ جووڵانەوەی نەوەی نوێ 24 هەزار و 620 دەنگ؛ هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک کە یەکگرتوو و کۆمەڵ پێکیانهێنابوو 6655 دەنگ و پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان 377 دەنگ.
سەبارەت بە کەمکردنی دەنگەکانیان گوتی، "پێشتر لە خانەقین زیاتر لە هەزار دەنگمان هەبووە و لە کەرکووک 7 هەزار دەنگمان هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنە دەنگەکانمان کەمی کرد، بۆ کەمکردنی دەنگەکانمان کەس بە هۆکار نازانین و خۆمان بە هۆکار دەزانین، بەڵام ئەمە بە تەنیا دەنگی ئێمە کەمی نەکردووە، بەڵکو دەنگی کورد کەمیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ