پەیوەندیی چین و کورد بەرەو کوێ؟

27-10-2024
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
A+ A-
 
پەیوەندی مێژوویی نێوان چین و کورد، بەتایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق، رەگ و ریشەی لە پەرەسەندنی بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکاندا هەیە. پەیوەندیەکان لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا بە شێوەیەکی سەرەتایی دەستیپێکرد کاتێک جەلال تاڵەبانی سەرۆکی پیشووتری عێراق داوای پشتیوانی سیاسی لە چین کرد، سەرکەوتوو نەبوو.
 
لە سەرەتای سەدەی 21، لەشکرکێشییەکەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 رێگەی بە کورد دا کە ئۆتۆنۆمی زیاتر و بەشداریکردن لە دامەزراندی عێراقی نوێ مسۆگەربکات، هەرێمێکی دەوڵەمەند بە سامانی سروشتی و ناوچەیەكی ستراتیژی بۆ پرۆژەکانی چین سەرنجی چینی بە خێرایی راکێشا. پەیوەندیی چین لەگەڵ کوردەکان بە پلەی یەکەم بەرەو دەستەبەرکردنی سەرچاوەکانی وزە و فراوانکردنی کاریگەریی ئابووری لە ناوچەکەدا گەشەی سەندووە.
 
لەگەڵ پەرەسەندنی پێویستیی چین بە ئاسایشی نەوت و وزە، ناوچە کوردستانییەکان بە تایبەتی لە عێراق، گرنگ بوون بۆ ستراتیژی جیهانیی چین. کۆمپانیا دەوڵەتییەکانی چین دەستیان بە وەبەرهێنان کرد لە کێڵگە نەوتییەکان و پڕۆژەکانی ژێرخانی کوردستانی عێراق. کۆمپانیای سینۆپێک بۆ کۆمپانیای ئەداکس پترۆلیۆم لە ساڵی 2009 یەکێک بوون لە سەرەتاییترین وەبەرهێنانە گەورەکان لە کەرتی نەوتی کوردیدا.
 
جگە لە وزە، چین بەشداریکردنی خۆی لە هەرێمی کوردستان هەمەچەشن کرد بە وەبەرهێنان لە کەرتەکانی غەیرە نەوتی وەک بیناسازی و تەکنەلۆژیا و ژێرخان و پەروەردە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەرژەوەندییەکی فراوانتر لە دەرەوەی ئاسایشی وزە. بەڵام هەڵوێستی سیاسی چین بەرامبەر بە کورد بە وریاییەوە ماوەتەوە. لە کاتێکدا پەکین کۆنسوڵخانەیەکی لە هەولێر هەیە و ئاڵوگۆڕی کولتووری پەرەپێداوە، وەک دامەزراندنی پرۆگرامی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەدین لە شاری هەولێر، بەڵام خۆی لە ناساندنی فەرمی بە حکومەتی هەرێم وەک قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆ دەپارێزێت. دوودڵی چین لە ترسی پشتیوانیکردنی بزووتنەوە جوداخوازەکان سەرچاوە دەگرێت، بە لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییە ناوخۆییەکانی خۆی سەبارەت بە یەکپارچەیی خاکی چین، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی ئویغور لە شینجیانگ. سەرەڕای ئەوەش چین بەردەوامە لە هاوسەنگکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و وپاراستنی هەڵوێستی سیاسی خۆی لە دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی عێراق.
 
پەیوەندی نێوان چین و کورد، بەتایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق، بە خێرایی لە گەشەسەندندایە، ئەمەش بەهۆی فراوانبوونی بەرژەوەندییە ئابووری و جیۆپۆلیتیکییەکانی چینەوەیە. پەرەسەندنی پێویستیی چین بە سەرچاوە کوردییەکان و شوێنی ستراتیژی ناوچەکە بووەتە هۆی پەیوەندییەکی فرەلایەنە، کە کاریگەریی فراوانتری لەسەر ناوچەکە و جیهانیش هەیە.
 
پێویستیی چین بە کورد
 
بەرژەوەندی سەرەکی چین لە حکومەتی هەرێم لە سەرچاوە سروشتییە فراوانەکانییەوە سەرچاوە دەگرێت، بەتایبەتی نەوتی هەرێمی کوردستان، خاوەنی یەدەگی نەوت و غازی بەرچاوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە گۆشەیێکی چارەنووسساز لە ستراتیژی چین بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوەکانی وزە. کۆمپانیای ئەداکس پترۆلیۆم لەلایەن کۆمپانیای سینۆپێکەوە دەستی دەگات بە سامانە سەرەکیەکانی نەوتی هەرێم. جگە لەوەش کۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی چین (CNPC) چالاکانە بەشداری لە گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد دەکەن. لە پاڵ ئەوەی کۆمپانیا چینییەکان چالاکانە کاردەکەن لە پرۆسەی گەڕان و هەڵکەندن و پاڵاوتن لە نەوتی هەرێم و عێراق، چین رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە عێراق هاوردە دەکات، کە بەشێکی نەوتی هەرێمی کوردستانە و جگە لەمەش چین دەستی دەگات بە نەوتی هەرێم لە بۆرسەکانی جیهان.
 
جگە لە نەوت، وەبەرهێنانی چین فراوانتر بووە لە کەرتەکانی دیکە، وەک ژێرخانی ئابووری و کشتوکاڵ و پەروەردە. کۆمپانیای پاوەرچاینا کە کۆمپانیایەکی حکومییە، رێککەوتنێکی واژووکرد بۆ دروستکردنی چوار بەنداو، هاوکات کۆمپانیاکانی دیکەی چینی، پرۆژەی بازرگانی و پیشەسازی بەشدارن. چین دەستپێشخەری کردووە لە  لە دروستکردنی پڕۆژەی خۆشگوزەرانی و گەشتیاری و نیشتەجێبوون وەک "‌Happy City"کە  بە بڕی پێنج ملیار دۆلار لە هەولێر، هەرچەندە ماستەر پلانی ئەم پڕۆژەیە بڵاوکرایەوە، بەڵام بە هۆی هەژموونی زلهێزەکان چارەنوسی دیار نییە. 
 
پەیوەندییە ئابوورییەکانی چین لەگەڵ کوردەکان تەنیا بەهۆی پێویستییەکانی وزەوە نییە بەڵکو بە هۆی خواستی فراوانکردنی کاریگەرییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم دەتوانن ببنە دەروازەیەک بۆ چین بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ناوچەکە. چونکە عێراق لە ساڵی 2015 بوو بە ئەندام لە پرۆژەی شتوێن و رێگای BRI چین، و هەرێمـی کوردستان دووجار دەکەوێتە سەر نەخشەی ئەم پرۆژەیە، هەرچەندە ناوەڕۆکی پرۆژەکان جگە لە بونیاتنانی  8 هەزار قوتابخانە و نۆژەنکردنەوەی فرۆکەخانەی ناسرییە و بنیاتنانی بەندەری فاو بە شێوەیێکی مۆدێرن جارێ هیچ پڕۆژەی دیکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام چین وەک بەشێک لە کردۆری ئۆراسیا لە پڕۆژەی پشتوێن و رێگا، بە وشیارییەوە چاوی بڕیوەتە رێگای دووەم کە بەنیازە لە تارانەوە بۆ هەولێر و دواتر بۆ تورکیا و رۆژئاوای کوردستان و گەیشتن بە دەریای نێوەڕاست Mediterranean Sea، وەک جێگرەوەی عێراق و ئاسایشە ناجێگیر و لەرزۆکەکەی و لە هەمان کاتیش سوودوەرگرتن لە دەرفەتی بەرقەراربوونی ئاسایش و پیشەسازی لە رۆژئاوای کوردستان.
 
دیپلۆماسی لەرزۆکی چین بەرامبەر هەرێمی کوردستان
 
هەرچەندە پێشتر باسمان کرد کە چین بەرژەوەندی ئابووری بەرچاوی لە ناوچەی کوردیدا هەیە، بەڵام پەیوەندی سیاسی لەگەڵ حکومەتی هەرێم ئاڵۆزە. چین بە توندی پێگیری بە سیاسەتی دەستوەرنەدان دەکات، کە ئەمە پرۆژەیاسایەکی "دۆنگ شیاو پینگ"ـە لە سەرەتای کرانەوەی چین لە 1980ی سەدەی رابردووەوە، چین بە فەرمی حکومەتی هەرێم وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ ناناسێت، لەبەر ستراتیژی دیپلۆماسی فراوانتری خۆی بۆ رێزگرتن لە سەروەری دەوڵەتە نەتەوەییەکانی وەک عێراق. ئەمە لە کاتێکدا بە پێی سیستمی سیاسی عێراقی نوێ، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستوری و فەرمییە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، بەڵام ئەم وریاییە رەنگدانەوەی نیگەرانییەکانی چینە سەبارەت بە بزووتنەوە جوداخوازەکان، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی ئویغور لە هەرێمی شینجیانی رۆژئاوای چین. هاوتەریبی نێوان جوداخوازی ئویغور و خواستەکانی کورد وایکردووە چین بە وردی هەنگاو بنێت لە پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ کورددا.  دوودڵی چین لە پشتیوانیکردن لە بزووتنەوە سەربەخۆییەکانی کورد لە عێراق و تورکیا و ئێران و سوریا لە ترسی هاندانی مەیلی جوداخوازی لەناو پارێزگاکانی خۆیدا سەرچاوە دەگرێت. 
 
ئویغور چۆن بووەتە كێشە بۆ کورد؟
 
ئویغور کە لە رۆژئاوای چین لە هەرێمی شینجیان نیشتەجێن ژمارەیان زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەسن، موسڵمانن. جگە لەوەی دەتوانن ببن بە یەکێک لە هۆکارەکان کە چین ناتوانێ پشتگیری لە پرسی کورد بکات چونکە خۆیان لە پرسێکی هاوشێوەدان لەگەڵ ئویغورەکان. لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی سووریا لە ساڵی 2012 بە هاوکاری تورکیا ئویغورە توندڕەوەکان کە ژمارەیان بە زیاتر لە 1200 چەکدار دەخەمڵێندرێت، لە رێگەی تایلاند و لاهۆسەوە گەیشتنە تورکیا و بە ئامانجی ئەوەی تورکیا راهێنانیان پێدەکات و دواتر یارمەتیان دەدات شۆڕش بکەن دژی چین لەبەر ئەو ستەمەی گوایە چین بەرامبەر ئویغورەکان ئەنجامی دەدات،  راهێنانیان پێکرا و لە چوارچێوەی چەکدارەکانی (هەیئەی تەحریر الشام) کە پێشتر (جەبهەت النوسر) بوون و بەیعەتیان لە گروپی قاعیدە وەرگرتووە.
لە ژێر چاودێری و پشتگیری راستەوخۆی تورکیا بەشداری شەڕی سووریایان کردووە دواتر تورکیا لە نزیک ئیدلیب و عەفرین و کۆبانێ و سەرێکانی و ناوچە کوردنشینەکان جێگیریان کردن، بەم شێوەیە ئویغورەکان جارێکی دیکە دەبنە کێشەی جیدیی دیمۆگرافی و جیۆپۆلەتیکی و ئاسایشی بۆ کورد لە رۆژئاوای کوردستان، چونکە ئەم چەکدارانە جارێ چارەنووسیان دیار نییە، کە گەڕانەوەی ئەمانە بۆ چین مەحاڵە. 
 
تورکیا و ئویغور و پرسی کورد
 
پەیوەندی چین لەگەڵ پرسی کورد لە رکابەرییەکەی لەگەڵ تورکیا لەسەر ئویغورەکان، رەنگدانەوەی هەنگاوێکی دیارە لە ستراتیژی جیۆپۆلەتیکی فراوانتردا. لە کاتێکدا چین جەخت لە هەنگاوی هاوبەش لە دژی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و جوداخوازی دەکاتەوە، بەڵام لە لێکچوونی نێوان ئویغور و کورد بۆ چارەسەرکردنی رەخنەی تورکیا لە مامەڵەی چین لەگەڵ ئویغورەکان کەڵک وەردەگرێت. ئەمەش دەتوانێت وەکو ئامرازێکی دیپلۆماسی بێت. چین دەتوانێت بە شێوەیەکی نادیار پشتگیری لە ئۆتۆنۆمی کورد بکات بۆ بەرپەرچدانەوەی داکۆکیکردنی تورکیا لە ئویغور بەبێ ئەوەی بە ئاشکرا پشتگیری جیابوونەوەی کورد بکات، بە وریاییەوە پاراستنی هەڵوێستی خۆیان لەسەر بابەتی  سەروەری. ئەم ئاڵۆزیە رەنگە گرژییەکانی تورکیا و چین چڕتر بکاتەوە و کاریگەریی چین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەت لە کوردستانی عێراق و رۆژئاوای کوردستان قووڵتر بکاتەوە.
 
پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ هەرێم، بەتایبەتی لە کەرتی ئابووری و پەروەردەیی و کەلتوری، بێ گومان پێگەی ناوچەیی زیاتر بە پەکین دەبەخشێت. ئەم پەیوەندیانە رێگە بە چین دەدەن پێگەی خۆی بەهێزتر بکات لەو بوارانەی کە بۆ تورکیا گرنگن، وەک هەرێمی کوردستانی عێراق، کە تورکیا هەوڵی سنووردارکردنی جموجۆڵە جوداخوازەکانی کورد لە هەموو ناوچەکە دەدات. ئەم تێکەڵبوونە ئابوورییە دەتوانێت یارمەتی چین بدات فشار بخاتە سەر تورکیا سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە پرسی ئویغور، کاروباری ناوخۆی تورکیا بە ئۆتۆنۆمی دەرەکی کوردەوە ببەستێتەوە، تەنانەت لە کاتێکدا چین بە وریاییەوە ماوەتەوە کە بە ئاشکرا پشتگیری لە جیابوونەوەی کورد نەکات. یان زۆر بەتوندی دژی پارتی سیاسی و چەکداری کوردە لە ناوچەکە بەتایبەت پارتی کرێکاری کوردستان PKK، کە چین پیشتر گرنگی زۆری بە پرۆپاگەندەی عێراق و تورکیا داوە لەسەر کورد کە میللەتی ئاژاوەگێڕ و گرووپی تیرۆریستین.
 
چینییەکان زۆر بە کەمی کورد دەناسن، ئەو کەمەی کە دەشیان ناسن زۆر بە چەواشەکاری پێناسەی کوردیان بۆ کراوە. لە فەرهەنگ و میدیای چین گرنگی ئەوتۆ بە میللەتانی شۆڕشگێر و جوداخواز و نیشتمانپەروەر نادرێ. 
 
بە شێوەیێکی فراوانتر ئەوەیە کە بەرزکردنەوەی پەیوەندییەکانی چین و کورد دەتوانێت ئامرازی دیپلۆماسی زیاتر بە پەکین بدات لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ ئەنقەرە، بەتایبەتی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە هەردوو وڵات لەسەر پرسی ئاسایشی و مافی مرۆڤی ناوخۆ یەکتر تۆمەتبار دەکەن. 
 
لە بەرامبەردا ئەو هێزە چەکدارانەی تورکیا لە ناوچەی کوردنشین جێگیری کردوون و بەشداری شەڕی رۆژئاوا و سوریا دەکەن، چین دەتوانێ یارمەتی کورد لە رۆژئاوا بدات وەک tit for tat بەرامبەر ئەوەی کە چۆن تورکیا سوود دەبینێت لە بەکارهێنانی ئویغوری چینی لە ناوچەکەدا. هەروەها ئایدۆلۆژیای چەپ و سۆشیاڵی پارتە سیاسی و چەکدارییەکانی باکور و رۆژئاوای کوردستان دەشێ فاکتەرێکی دیکە بن کە پاڵ بە چینەوە بنێ زیاتر چاوی ببڕێتە رۆژئاوا و بەشێک بێت لە بنیاتنان و سەقامگیری. و دواتر سوودوەرگرتن لە ناوچەکە بۆ پڕۆژەی ئابوورییە ستراتیژییەکانی و گەیشتن بە دەریای نێوەڕاست.
 
چارەنووسی کردنەوەی نووسینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەکین
 
کەمکردنەوەی بودجەی هەرێم لە لایەن بەغدا و قەیرانی داعش و هەڵکشانی پەنابەران و دابەزینی نرخی نەوتی جیهانی، حکومەتی هەرێمیان لە خۆپارێزیدا هێشتەوە، دەشێ ئەمەش وایکردبێت تەرخانکردنی پارە بۆ کردنەوەی ئۆفیسێک قورس بێت. لە لایەکی دیکەوە  دوودڵی چین؛  چین وریایە لە دامەزراندنی پەیوەندی فەرمی لەگەڵ حکومەتی هەرێم، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا ترسی ئەوەی هەیە هانی مەیلی جیابوونەوە بدات لە پارێزگاکانیدا، وەک شینجیانگ و تایوان و هۆنگ کۆنگ. سیاسەتی ناوخۆی چین کە بە توندی دژایەتی جوداخوازی دەکات، هاوتەریبە لەگەڵ رەتکردنەوەی دانپێدانانی قەوارە ژێردەوڵەتییەکانی وەک حکومەتی هەرێم لە رووی دیپلۆماسییەوە. ئەمە لە کاتێکدایە لەسەروبەندی شەڕی داعش چین کۆنسوڵخانەی گشتی خۆی لە هەولێری پایتەخت کردووەتەوە و ئەم ساڵ بەشی پێدانی ڤیزاشی کردەوە کە زۆر ئاسانکاری کردووە بۆ ئەو کەسانەی ئارەزووی سەردانکردنی چین دەکەن.
 
ناتەبایی لە بۆچوونەکان هەیە لەمەڕ کردنەوەی ئۆفیسی حکومەتی هەرێم، لە کاتێکدا دیپلۆماتکارانی چینی دەڵێن حکومەتی هەرێم داواکارییەکی فەرمی بۆ کردنەوەی نووسینگە نەکردووە، سەرکۆنسوڵی گشتی پێشووتری چین "نیرۆجی" ئەمەی بە میدیاکان راگەیاندبوو، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمیش پێیان وایە کە فشاری دارایی رێگری لە دەستپێشخەرییەکی لەو شێوەیە کردووە. هیچیان بە فەرمی نەدرکاندووە لە کاتێکدا دەشێ ئارەزووی کردنەوەی بکەن، بەڵام محەممەد سابیر، باڵیۆزی پێشووی عێراق لە چین،  پشتگیری لەو بۆچوونە دەکات کە چین ئامادە نەبوو دانپێدانانی سیاسی تەواو پێشکەش بکات و تەنیا رێگە بە نووسینگەیەکی بازرگانی دەدات لەژێر ناوی کۆمپانیایەکدا. حکومەتی هەرێم دەتوانێ ئەم ئامانجە دیپلۆماسییە لە پێشینە دابنێت و کاری جیدیتری بۆ بکات و ئێستا هەندێ لە قەیرانەکان کەمبوونەتەوە و پەیوەندییەکانی چین و هەرێم لە گەشەسەندندان و کاتەکە بە گونجاو دەزانرێت. پەیوەندی ئابووری چین و هەرێم رۆژ لە دوای رۆژ لە گەشەسەندندایە، دوای تورکیا و ئێران چین سێیەم گەورەترین هاوبەشی ئابووری هەرێمی کوردستانە. 
 
حکومەتی هەرێم هاوسەنگی دەرفەتەکانی گەشەسەندنی ئابووری لەگەڵ نیگەرانییە ئەمنییەکان دەپارێزێت نایەوێت بە گەرموگوڕی نزیکی چین ببێتەوە و ئەمریکا لەخۆی تووڕە بکات، بەرزبوونەوەی گرژییە جیهانییەکان بەتایبەتی لە نێوان چین و ئەمریکادا ئەوەندەی دیکە ئاڵۆزییەکان زیاد دەکەن. لە نێوخۆش زلهێزە ناوچەییەکانی وەک تورکیا و ئێران کێبڕکێ لەسەر کاریگەریی زیاتر لە عێراق دەکەن. لە کاتێکدا وەبەرهێنان و پڕۆژە گەورەکانی چین سەرنجی حکومەتی هەرێم دەدەن، بەڵام نادڵنیایی لەسەر هەڵوێستی سیاسی درێژخایەنی چین بڕیارەکان سەبارەت بە نوێنەرایەتی فەرمی ئاڵۆزتر دەکات. 
 
هێزی نەرم و دیپلۆماسی کولتووری
 
پڕۆژەی چین بۆ کورد تەنیا لە پەیوەندی ئابووری و دیپلۆماسیدا سنووردار نییە. هەروەها دەستپێشخەرییەکانی هێزی نەرمی بەکارهێناوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە درێژخایەنەکان. بۆ نموونە چین ساڵانە سکۆلەرشیپ بۆ خوێندکاری کورد دابین دەکات بۆ ئەوەی لە زانکۆکانی چین بخوێنن، ساڵانە زیاتر لە ١٥ خوێندکار دەنێرنە چین بۆ خوێندن. سەنتەری زمانی ماندارین لە هەولێر و ناوەندێکی توێژینەوەی لە شاری سلێمانی دامەزراندووە. لە بەرامبەردا وانەی زمانی کوردی لە زانکۆ گەورەکانی چین وەک زانکۆی پەکین کردووەتەوە، هەروەها زیاتر لە 4 قوتابی دکتۆرا لە زانکۆکانی ئاست بەرزی چین نامەی دکتۆراکانیان لەسەر پرسی کوردە، ساڵانە توێژەر و شارەزایانی خۆی دەنێرێتە ناوچەکە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئاڵوگۆڕێکی کولتووری کە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەرز دەکاتەوە. لە لایەکی ترەوە چین، میدیاڤان و کارمەندانی  حکومەت و ئەکادیمیستەکان دەنێرێت بۆ بەشداریکردن لە خولی راهێنان لە چین. بە پشتبەستن بە راپۆرتە نافەرمییەکان، زیاتر لە 500 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە لە دوو ساڵی رابردوودا بۆ چین نێردراون.
 
کۆمپانیا چینییەکان وەک هواوی هاوبەشی پەروەردەیی و بەرنامەی راهێنانی تەکنیکییان لە ناوچەکەدا دامەزراندووە، ئەمەش کاریگەریی هێزی نەرمی چین زیاتر دەکات. ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە زۆر گرنگن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پەیوەندی چین لەگەڵ کوردەکان بە سوودی هاوبەش سەیر دەکرێت، کە لە دەرهێنانی سەرچاوە زیاتریش درێژدەبێتەوە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا چین وەک یەکەم وڵات زۆرترین هاوکاری پزیشکی و ڤاکسینی بە شێوەیەکی خۆڕایی پێشکەشی حکومەتی هەرێم کرد. 
 
قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی چین و کورد، ئەم کاریگەرییانەی هەیە:
 
1- بۆ حکومەتی هەرێم چین بەدیلێکی چارەنووسساز پێشکەش بە هاوبەش و هاوپەیمانەکانی پێشووتری رۆژئاوا دەکات. کۆمپانیا چینییەکان چونکە دەوڵەتی چین پشتگیریان دەکات، زۆرجار پێش کۆمپانیا رۆژئاواییەکان دەکەون و گرێبەستی هەرزانتر و گونجاوتر  پێشکەش دەکەن. ئەمەش رێگە بە حکومەتی هەرێم دەدات هاوبەشییە ئابوورییەکانی هەمەچەشن بکات و پشتبەستنی بە رۆژئاوا کەم بکاتەوە، بەتایبەتی کە ساڵانێکە ئەمریکا کەمتر گرنگی بە بوونی خۆی لە ناوچەکەدا دەدات.
 
2- هاوسەنگی ستراتیژی: پەیوەندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ چین یارمەتیدەرە لە هاوسەنگی پەیوەندییەکانی لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکاندا، بەتایبەتی ئەمریکا و چین. لەگەڵ چڕبوونەوەی کێبڕکێی ئەمریکا و چین، حکومەتی هەرێم دەتوانێت گرنگی ستراتیژی خۆی لەگەل هەردوو زلهێزەکە بەکاربهێنێت، دڵنیابێت لەوەی کە پەیوەندییە سودبەخشەکان لەگەڵ هەردوو وڵاتەکەدا دەپارێزێت بە رەچاوکردنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا. چونکە جگە لە پرسی ئابووری و گەشەسەندن چین وڵاتی پێنج کۆ یەکە و ئەندامی هەمیشەییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان. 
 
3- نیگەرانییەکانی ئاسایش و سەقامگیری: بەشداریکردنی ئابووری چین لە هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە بەرژەوەندییەکانی بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا. ئەمن و ئاسایشی باش بۆ سەلامەتی وەبەرهێنان و کارمەندانی چینی زۆر گرنگە. هەروەها شەڕی حکومەتی هەرێم دژی داعش، لە نێویاندا وەرگیراوانی ئویغور لەناو ریزەکانی داعش هۆکارێک بووە بۆ لێک نزیکبوونەوەی چین و کورد. چین بە پەیوەندیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە رووی ئابوورییەوە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری دەکات لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کە لە بەرامبەردا بەردەوامی بە وەبەرهێنانەکانی دەدات.
 
4- ناهاوسەنگی سیاسی لە پەیوەندییەکانی چین و کورددا روونە، لە کاتێکدا چین خاوەنی پڕۆژەی ئابووری بەرچاوە، بەڵام حکومەتی هەرێم کاریگەری سیاسی سنوورداری لە پەکین هەیە. جگە لەوەش، رێبازی وریایانەی چین بەرامبەر بە بزووتنەوە سەربەخۆییەکانی کورد رەنگە خواستەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دانپێدانانی نێودەوڵەتی و پشتیوانی دیپلۆماسی سنووردار بکات. جگە لەوەش، داینامیکی ناوچەیی وەک دژایەتی تورکیا بۆ ئۆتۆنۆمی کورد، هەڵوێستی حکومەتی هەرێم ئاڵۆزتر دەکات، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوو چین و دەوڵەتانی دراوسێدا بەڕێوەدەبات.
 
5- کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا: لەگەڵ قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ حکومەتی هەرێم، پێدەچێت رکابەریی نێوان ئەمریکا و چین کاریگەری لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی چین و کورد هەبێت. حکومەتی هەرێم دەبێت بە وردی هاوسەنگی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوو زلهێزەکەدا بخوێنێتەوە، دڵنیابێت لەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین پەیوەندییە درێژخایەنەکانی لەگەڵ ئەمریکا لەدەستنەدا. بتوانێت هەموو هێلکەکانی لە یەک سەبەتەدا نەبێت.
 
کۆتایی
 
پەیوەندی چین لەگەڵ کوردەکان بە پراگماتیزمی ئابووری و وریایی ستراتیژی و بەشداریکردنی کولتووری دیارە. چین بۆ دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە گرنگەکان و بەهێزکردنی بوونی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێویستی بە کورد هەیە. بەڵام پەیوەندییەکە ناهاوسەنگە، چین بەهۆی دەسەڵاتی ئابوورییەوە کاریگەری زیاتری هەیە و حکومەتی هەرێم لە بەرامبەردا سوود لە وەبەرهێنان و پاڵپشتی چینی وەردەگرێت، بەڵام لە هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان لە رێڕەوکردنی گرژییە ناوچەییەکان رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە. قووڵبوونەوەی زیاتری ئەم پەیوەندییانە کاریگەریی جیۆپۆلەتیکی بەرچاوی دەبێت بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
بە وریایی رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی ئەم پەیوەندییانە، هەم چین و هەم کورد لەڕووی ئابووری و ستراتیژییەوە دەتوانن بەرهەمی باشیان دەستکەوێت، بەڵام پەیوەندییەکە بە ئاڵۆزی و کاریگەی لە قاڵبدانی لە لایەن هێزە هەرێمی و هێزە گەورەکانی جیۆپۆلەتیکییەوە دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هیوا جەمال

خاکژمێری

لەسەر خاکی کوردستان هەر نەتەوەیەک بژیت، هەر خاکی کوردستانە، گرنگە ئەمە تۆخبکرێتەوە کە خاکی کوردستانە، نەوەکو خاکی کورد، چونکە لە کوردستان نەتەوەی دیکەی دەژین، کورد نابێت نکۆڵی لەوە بکات، عەرەب لەسەر خاکەکەی بژین، هەروەک چۆن نکۆڵی لە نەتەوەی تورکمان، ئاشووری، کلدان، سریان و ئەرمەن ناکات.