رووداو دیجیتاڵ
لەنێو قوربانیانی هێرشی سەر کەرتی غەززە پشکی شێر بەر منداڵان کەوتووە. بەگوتەی پزیشکانی کەرتە، لە هەر 10 کوژراو یاخود بریندارێک، کە دەگەیێندرێنە نەخۆشخانەکان، 7یان منداڵن.
تاوەکو ئێستا لە نزیکەی لە حەوت هەزار قوربانییەکەی غەززە، زیاتر لە 2,700 منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
ئوم عومەر، هاووڵاتی فەڵەستینی دەڵێت، "منداڵمان بینین لە باوەشی دایکیان بۆردوومانکران. عەرەب ئێوە لە کوێن؟ مرۆڤایەتی لە کوێیە؟ بەزەییتان پێماندا بێتەوە. بەزەییتان هەبێت."
غەززە بووەتە گۆڕستانی منداڵان، ئێستا لە هەندێک شوێن بازن لەدەستی منداڵان دەکرێت، یاخود ناویان لەسەر دەستیان دەنووسرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر لە بۆردوومانەکاندا پارچە پارچە بوون، بتوانرێت بناسرێنەوە.
لە زۆر نەخۆشخانە خاوەن مردووەکان نۆرە دەگرن تاوەکو کفنیان بۆ ناشتنی ئازیزانیان دەستبکەوێت.
عەدیل نەجار، هاووڵاتی فەڵەستینی دەڵێت، "جەنگمان ناوێت. دەمانەوێت بوەستێت. زۆر ماندووین، بەڕاستی پڕ بووین."
غەززە وەکو زیندانێکی کراوەی لێهاتووە، خەڵکی سڤیل بۆ هەر شوێنێک رادەکەن، ناتوانن خۆیان لە بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل بشارنەوە.
دیمەنی دوو وێنەی دەستکردی پێش و دوای هێرشی سەر کەرتی غەززە کاولکارییەکی گەورە پێشاندەدات. لەدوای نزیکەی سێ هەفتە لە شەڕ و پێکادادان، نزیکەی حەوت هەزار فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە، کە بەشی زۆریان منداڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ