ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتوو: دەبێت روون بێتەوە بۆچی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی مووچە جێبەجێ ناکرێت

27-08-2024
ئەحمەد حەمید
لۆگۆی یەکگرتوو
لۆگۆی یەکگرتوو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەدواداچوون بۆ بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی مووچەی مووچەخۆران دەکات و ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە دەڵێت، دەبێت روون بێتەوە بۆچی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت.
 
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "وەزارەتی دارایی عێراق 550 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی هەشت خەرج کرد"، بەڵام مووچەی مانگی حەوت خەرج نەکراوە.
 
ئەمجەد محەممەد، ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "گرفتەکانی مووچە سیاسی و تەکنیکین. چارەسەرنەکردنی گرفتە سیاسییەکان رەنگدانەوەی لەسەر گرفتە تەکنیکییەکان دەبێت. یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لیژنەیەکی لەو بارەیەوە پێکهێناوە و ئەو لیژنەیەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەبارەی گرفتەکانی مووچە گفتوگۆ دەکات".
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکگرتوو گوتی، "ناڕوونییەک لە گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە هەیە و نازانرێت لیستی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرفتی تێدایە یان گرفتەکە وەزارەتی دارایی عێراق و حکومەتی فیدراڵییە؛ ناڕوونییەک لە چارەسەرنەکردنی گرفتی مووچە هەیە و دەبێت روون بکرێتەوە گرفتەکە سیاسییە یان دەستوەردانی وڵاتانی هەرێمایەتی".
 
ئەمجەد محەممەد گوتی، "پێویستە یەکدەنگی و یەک هەڵوێستی لە هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان هەبێت. ئەوەی یەکگرتوو دەیکات بەدواداچوونە بۆ بڕیارەکەی دادگەی فیداڵی و دەمانەوێت بزانین بڕیارەکە بۆچی وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت. بڕیار بوو مووچەی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە گرفتە سیاسییەکان نەکرێت و بە هیچ جۆرێک دوانەکەوێت".
 
رۆژی 21ـی تەممووزی 2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد. رۆژێک دواتر وەزارەتی دارایی عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دەستپێکرد، بەڵام مووچەی مانگی 7ـی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دایکی منداڵەکان دەڵێت، نووسینگەی سەرۆک بارزانی کێشەکەی بۆ چارەسەر کردووە.

دوای راپۆرتێکی رووداو، سەرۆک بارزانی هاوکاریی ماڵباتێکی کۆبانی دەکات

عەبدولسەلام ئیبراهیم و بەشار مستەفا دوو هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان بوون و لە کەرکووک دەژیان، رۆژی شەممە دوای کارکردن، بۆ خەوتن دەچنە نێو خێوەتەکەیان و بەهۆی گازی سۆپاوە هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.