رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، لە کۆنگرەدا ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی بۆ نیوە کەمدەکرێتەوە؛ سیستمی بەڕێوەبردنی یەکێتیش بە تەواوی دەگۆڕن و هاوسەرۆکی نامێنێت، چونکە پێیانوایە سیستمێکی "شکستخواردوو بوو."
رۆژی یەکشەممە 20-08-2023، بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە لە کەرکووک کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت، ئەمڕۆ یەکشەممە 27-08-2023 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی کۆنگرە کۆبووەوە.
ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی یەکێتی نێوانی دوو کۆنگرە چوار ساڵە و مانگی 12 چوار ساڵەکە کۆتاییدێت، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنەکان کاتی کۆنگرەمان هێنایە پێشتر و کۆنگرەکە لە کاتی خۆیدایە و خۆمان بۆ هەڵبژاردنەکانیش ئامادە دەکەین و یەکەمجارە یەکێتی لە کاتی خۆیدا کۆنگرە دەبەستێت."
ئارێز عەبدوڵڵا گوتی: "لە کۆنگرەدا کارەکانی پێشووتر هەڵدەسەنگێنرێت و کارە باشەکان باشتر دەکەین و پێداچوونەوە بە کارەکانی دیکەشدا دەکەین و ئەو کارانەی رەخنەی لێدەگیرێت لێی دوور دەکەوینەوە. لە کۆنگرە سیاسەت و ستراتیژی نوێی یەکێتی دادەڕێژینەوە و سەرکردایەتییەکی نوێ هەڵدەبژێرین، کۆنگرەی چوار کۆنگرەیەکی راگوزەر بوو لە دوای سەرۆک مام جەلال، بەڵام ئێستا بەرچاومان روونە بۆ ئەوەی دوای سەرۆک مام جەلال چۆن ئیدارەی یەکێتی بدەین."
سەبارەت بەو گۆڕانکارییانەی لە کۆنگرەدا دەکرێن، ئارێز عەبدوڵڵا گوتی: "لەم کۆنگرەیەدا کۆتایی بە سیستمی هاوسەرۆکی دەهێنین، چونکە سیستمێکی شکستخواردوو بوو لە کاتی خۆیدا زۆر هەوڵماندا ئەو سیستمە نەبێت، بەڵام دانرا."
لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیدا ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ 124 ئەندام زیاد کرا، ئارێز عەبدوڵلا گوتی: "لە کۆنگرەی پێنجدا ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لانیکەم بۆ نیوە کەمدەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی زۆر بوو بڕیار وەرگرتنیش لە ئەنجوومەنەکەدا قورس بوو."
لە بارەی چارەنووسی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی، کە ئۆرگانێکی نوێی یەکێتی بوو و لە کۆنگرەی چوار دامەزرا. ئارێز عەبدوڵڵا گوتی: "ئەنجوومەنەکە دەمێنێ و دەسەڵاتی زیاتری پێدەدرێ و کاری سیاسی بە کەسانی ئەزمووندار دەکرێ، کێشەکانی نێو یەکێتی وایکردبوو ئەنجوومەنی باڵای سیاسی کارا نەبێت."
لەبارەی بەشداریکردنی بەرهەم ساڵح و مەلا بەختیار لە کۆنگرەدا، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی باسی لەوە کرد: بە دڵنیاییەوە مەلا بەختیار بەشداری کۆنگرە دەکات و لەنێو یەکێتی هیچ کەسێک ئاستەنگی بۆ د. بەرهەم ساڵح دروستنەکردووە، بەرهەم ساڵح سەرکردەیەکی یەکێتییە و بەشداری کۆنگرە دەکات، لەم کۆنگرەیەدا کار بۆ ئەوە دەکرێت قۆناخی ناکۆکییەکان تێپەڕێنین.
سەبارەت بە کێشەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی، ئارێز عەبدوڵڵا گوتی: "دەمانەوێ کێشەکانمان لەگەڵ پارتی چارەسەربکەین، بەڵام ئاراستەیەکی نێو پارتی کێشەکانی نێوانمانی قووڵکردووەتەوە."
ئارێز عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەدا: لایەنی عێراقی هەیە دەیەوێت کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی قووڵترببێتەوە، هەندێک لایەنی عێراقی هەوڵدەدەن پێگەی هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە، گوشارەکان لە بەغداوە کاتێک ئێمە ناکۆکین زیاتر دەبن، چونکە کاتێک کێشەمان نەبوو، کێشەکانی بەغدامان چارەسەر دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ