خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ پێنج مەرسووم و چوار دواخستن

27-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە درێژایی 32 ساڵی رابردوودا، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان زۆرترین مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەرچووە، کە لە دوو ساڵ و چوار مانگدا پێنج مەرسوومی بۆ دەرچووە. جگە لەوەی پەرلەمانی کوردستان هەشت جار تەمەنی خۆی درێژکردووەتەوە و 12 جاریش هەڵبژاردنەکان دواخراون. 
 
رۆژی چوارشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2024، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان مەرسوومی پێنجەمی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەکرد، بەوەش خولەکە ژمارەی پێوانەیی لە ژمارەی ئەو مەرسوومانە شکاندووە کە بۆ کردنی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ یەک پرس دەرکراون.
 
لە دوو ساڵ و چوار مانگی رابردوودا، ئەم پێنج مەرسوومە بۆ کردنی هەڵبژاردن دەرچوون: 
 
1. رۆژی 24ـی شوباتی 2022 مەرسووم دەرچوو، لە 1-10-2022 هەڵبژاردن بکرێت و نەکرا.
 
2. رۆژی 26ـی ئاداری 2023، مەرسووم دەرچوو،  لە  18-11-2023 هەڵبژاردن بکرێت و نەکرا.
 
3. رۆژی 3ـی ئابی 2023، مەرسووم دەرچوو، لە 25-2-2023 هەڵبژاردن بکرێت و نەکرا.
 
4. رۆژی 3ـی ئاداری 2024، مەرسووم دەرچوو لە 10-6-2024 هەڵبژاردن بکرێت و نەکرا.
 
5. رۆژی 26ـی حوزەیرانی 2024، مەرسووم دەرچوو لە 20-10-2024 هەڵبژاردن بکرێت.
 
بەڵام وردەکاریی ناکۆکیی لایەنەکان لە هەر جارێکی دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەم پەیوەست بوون بەم شەش هۆکارە سەرەکییەوە، ئەوانیش: تۆماری دەنگدەران (ناوی مردوو و دووبارە)، نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران، بەسەرچوونی وادەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، یاسای هەڵبژاردن، بازنەکانی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتا. 
 
د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی ‏دامەزراوەی ‏پەی ‏بۆ ‏پەروەردە و ‏‏گەشەپێدان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خولەکە یەکێکە لەو خولانەی زۆرترین مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دەرچووە، ناکۆکییەکان بۆ کردنی هەڵبژاردنی ئەم خولە زۆرترین بوون، هۆکاری ناکۆکییەکان دوو جۆر بوون، رووکەشی و راستەقینە."
 
سەرۆكی ‏دامەزراوەی ‏پەی ‏بۆ ‏پەروەردە و ‏‏گەشەپێدان دەڵێت: "تۆماری دەنگدەران، بازنەکانی هەڵبژاردن، کورسیی کۆتا و یاسای هەڵبژاردن و شتی دیکە هۆکارە رووکەشییەکە بوون بۆ نەکردنی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، بەڵام راستییەکەی ناکۆکیی یەکێتی و پارتی و ئامادەیی هەر یەکێکیان لە ماوەیەک لە ماوەکان هۆکاری سەرەکیی نەکردنی هەڵبژاردنەکەیە."
 
19ـی ئایاری 1992، یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، ئەو خوولە بەهۆی شەڕی ناوخۆ و هۆکاری دیکەوە 12 ساڵ درێژەی کێشا، بەڵام لە یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستانەوە تاوەکو ئێستا 12 جار هەڵبژاردن لە وادەی خۆی دواکەوتووە، پێنجیان لە خولی شەشەم بووە، پەرلەمانی کوردستانیش هەشت جار وادەی یاسایی خۆی بۆ ماوەی نزیکەی شەش ساڵ درێژکردووەتەوە، دواینیان ئەو درێژکردنەوەیە بوو کە 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی خولی شەشەمى پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 6ـی تشرینى دووەمى هەمان ساڵ کۆتایی دەهات.
 
ئەو بڕیارەی پەرلەمان بەپێی سەرۆکی ئەو رێکخراوە کە بایەخ بە کاری پەرلەمان دەدات و چاودێریی دەکات: "بووە وانەیەک بۆ ئەوەی چیدی تەمەنی یاسایی پەرلەمان درێژنەکرێتەوە، "چونکە لە 30ـی ئایارى 2023، دادگە درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستانى هەڵوەشاندەوە، بە پاساوى ئەوەى "نادەستوورییە."
 
خولی شەشەم لەبەردەم مەرسوومی پێنجەمدا
 
لایەنە سیاسییەکان، پێشوازییان لە دیاریکردنی وادەی نوێی بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کردووە، هەمووان ئامادەی بەشداریکردنن، بەڵام لە رۆشنایی گۆڕانکارییەکانی یاسایی، بارودۆخی سیاسی، بڕيارەکانی دادگەی فیدڕاڵی، سیستەمەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن، خولی شەشەم لە خولەکانی پێشخۆی، یان هیچ نەبێت خولی پێنجەم جیاواز دەبێت.
 
کەمکردنەوەی 11 کورسیی پەرلەمان (لە 111 بۆ 100 کورسی، بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی)، دابەشکردنی بازنەکان بەپێی پارێزگاکان و بوونی چوار بازنەی هەڵبژاردن لە جیاکەرەوەکانی ئەم خولە و رکابەرایەتیی لایەنەکان دەبن.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان لەرووی سیستەم و یاساکانەوە جیاوازن، ئێمە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و ئامادەین بۆ ئەوەی لە وادەی دیاریکراوی ئەمجارەیدا کە 20ـی ئۆکتۆبەرە هەڵبژاردن بکەین."
 
بەگوتەی د. عیماد جەمیل، بەرپرسی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆن 70٪ـی کارەکانی کۆمیسیۆن بۆ کردنی هەڵبژاردن لەو وادەیەی دیاریکراوە، تەواو بوون، ئەو دەڵێت: "هەوڵدەدەین هەڵبژاردنێک بێت زۆرترین پێوەرەکانی بێگەردی و دروستیی تێدا بێت."
 
د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی ‏دامەزراوەی ‏پەی ‏بۆ ‏پەروەردە و ‏‏گەشەپێدان، پێیوایە: "بوونی دوو لیستی دیکە لەم هەڵبژاردن کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەناسێنن، کەمبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، جیاوازیی بەشداریی پێکهاتەکان لەم هەڵبژاردنە، سەرپەرشتیکردنی لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە. لە خاڵە دیارە جیاوازەکانە."
 
بە گوتەی ئەو، "بەشداریی زۆری بەربژێرانی سەربەخۆ یەکێکی دیکەیە لە خاڵە گرنگەکان."
 
پێشتر کۆمیسیۆن تیروپشکی بۆ پارت و هاوپەیمانییەکان کردبوو، بەڵام ئێستا پارت و بەربژێری نوێ بەشداری دەکەن، عیماد جەمیل، گوتی ژمارەکانی پێشوو وەک خۆیان دەمێننەوە، تیروپشکێکی تەواوکاری دەکرێت، بۆ ئەوانەی تازە بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن.
 
بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان  زیاتر لە هەزار و 500 بەربژێر رکابەرایەتی لەسەر کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، 22 پارتی سیاسی و دوو هاوپەیمانێتی خۆیان تۆمار کردووە، زیاتر لە 70 بەربژێری سەربەخۆ و 26 کەس بۆ کورسیی پێکهاتەکانیش خۆیان بەربژێر کردووە.
 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ئەوقاف: هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت خاوەنەکەی سزا دەدەرێت

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، لە زۆربەی هۆڵەکانی هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە رۆژێک پرسە بەڕێوەدەچێت کە خۆی دەبێت یەک رۆژ بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت، خاوەنەکەی بە تووندی سزا دەدەرێت."