رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو بەرنامەیەکی نوێ بە ناوی "بێستوون تۆک" رادەگەیەنێت، کە لەلایەن پێشکێشکاری بەتوانای رووداو، بێستوون عوسمان پێشکێش دەکرێت. بەرنامەکە دەرگایەکی تازە دەکاتەوە لەنێوان گەنجانی کوردستان و کەسایەتییەکاندا.
لەکاتێکدا ئێستا لە کوردستان کێشەی کەمی یان نەبوونی گفتوگۆ و پێکەوەدانیشتن هەیە، بەرنامەی بێستوون تۆکی رووداو پرسیارە نەکراوەکان ئاشکرا دەکات بۆ ئەوەی نەوەی نوێ، وردەکارییەکانی دۆخی کوردستان بزانێت.
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە رێوڕەسمی راگەیاندنی بەرنامەکە، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 27-4-2023) گوتی "تۆڕی میدیایی رووداو، هەمیشە وەک دەزگایەکی پیشەیی درێژە بە کاری میدیایی خۆی دەدات دوور لە هاندانی ناکۆکی و دووبەرەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی. کاری تۆڕی میدیایی رووداو وەک هەمیشە بڵاوکردنەوەی زانیاری دروست دەبێت بۆ ئەوەی رایەکی گشتی دروست لە کوردستاندا هەبێت".
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی بەرنامەکەوە رایگەیاند، "ئەم بەرنامەیە دەرگەیەکی تازە دەکاتەوە لەنێوان گەنجانی کوردستان و کەسایەتییەکان دا. ئێستا کە لە کوردستان دا کێشەی کەمی یان کێشەی نەبوونی گفتوگۆ و پێکەوە دانیشتن هەیە، ئەم بەرنامەیە پرسیارە نەکراوەکان ئاشکرا دەکات بۆ ئەوەی نەوەی نوێ وردەکارییەکانی دۆخی ئێستا بزانێت و بە زانیاریی زۆرترەوە تەماشای ئاییندەی خۆی بکات."
تۆڕی میدیایی رووداو هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە بەرنامەی کراوەی جەماوەری و تاون هۆڵی رێکخستوون، بەڕێوەبەری گشتیی رووداو گوتی، "ئەو بەرنامانەش زیاتر لەلایەن پێشکێشکاری بە توانا و نێوداری کوردستان کاک رەنج سەنگاوی پێشکێشکراون. کاک رەنج کە چەندان ساڵە بووە بە گەیێنەرێکی راستگۆی داواکانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە حکومەت و دەزگا بەرپرسەکانی وڵات، بووەتە پێشکێشکاری خەمەکانی کۆمەڵگە و وڵات. زۆر جار کە هەموو دەرگەکان داخراون کاک رەنج بە هەڤپەیڤین و بەرنامە پڕ لە دڵسۆزییەکانی بۆ ئاشتی و خەڵک و نیشتمان زمانی گفتوگۆی دروست کردووەتەوە، بۆیە لەم رۆژەدا کە بەرنامەیەکی دیکە لەسەر هەمان ئەم رێڕەوە بۆ گەنجان دەناسێنین و هەوڵێکی دیکە دەدەین، رێز و دەستخۆشییەکی زۆر ئاراستەی کاک رەنج سەنگاوی خۆشەویستی هەموومان دەکەین. بیر و زمانی کاک رەنج هەمیشە بۆ تەبایی و خۆشگوزەرانی خەڵک بووە."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، بەڕێوەبەری گشتیی رووداو ئاماژەی بەوەکرد، هەمیشە وەک دەزگایەکی پیشەیی درێژە بە کاری میدیایی خۆی دەدات دوور لە هاندانی ناکۆکی و دووبەرەکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی. کاری تۆڕی میدیایی رووداو وەک هەمیشە بڵاوکردنەوەی زانیاریی دروست دەبێت بۆ ئەوەی رایەکی گشتی دروست لە کوردستان دا هەبێت، هەروەها چاوی ئیدارە دەبێت بۆ دۆزینەوەی کەموکورتییەکان لەپێناو چارەسەرکردنیان لەلایەن دەزگا حکومییەکانەوە. رووداو بەردەوام دەبێت لە داهێنانە میدیاییەکانی بەپێی پێشکەوتنە میدیاییەکان لە جیهان دا.
بەرنامەی بێستوون تۆک لە مانگی ئایاری 2023 دەستپێدەکات. لە هەر بەرنامەیەکدا بێستوون عوسمان لە زانکۆیەکی کوردستان میوانداریی بەرپرسانی باڵا لە بوارە جیاوازەکان دەکات و، بە ئامادەبوونی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان باس لە مژارەکانی رۆژی پەیوەست بە گەنجان دەکات. بێستوون تۆک هەوڵدەدات چارەسەر بۆ کێشەکانی گەنجان بدۆزێتەوە و دەنگیان بە دەسەڵاتداران بگەیەنێت".
بێستون عوسمان لە مەراسیمی راگەیاندنی بەرنامەکەی لە وتارێکدا گوتی "ئێمە پێش بەرنامەکە هیچ پرسیارێک نانووسین، واتا دەبینە سەکۆیەکی ئازاد بۆ نەوەکانمان بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بگەیەنن و ئەو پرسیارانە بکەن کە بۆ ئەوان گرنگن".
پێشکێشکاری بەرنامەی بێستوون تۆک باسی لەوەش کرد "بابەتی کەشوهەوا، یەکسانیی رەگەز، سەروەریی یاسا، گۆڕانکارییە دیجیتاڵییەکان و ژیریی دەستکرد لەو جۆرە بابەتانەن کە بۆ ئەم نەوە نوێیە گرنگن نەوەک ئەو بابەتە سیاسییانەی چەندین ساڵە گیرۆدەیان بوون، ئامانجمانە وەڵامی پرسیارەکانیان لەوبارەیەوە بدرێتەوە".
کۆنسوڵی بەریتانیا هیواخوازە بێستوون تۆک هانی دیبەیتی کراوە و زیندوو بدات
رۆزی کەیڤ، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر پیرۆزبایی لە دەستپێکردنی پرۆگرامە نوێیەکەی بێستوون عوسمان کرد و خوشحاڵیی خۆی دەربڕی "کە دەبینم لەم بەرنامەیەدا سیاسەتڤانان و بڕیار بەدەستان دەرفەتی ئەوەیان دەبێت لە گفتوگۆیەکی بونیاتنەردا بەشدار بن و وەڵامی گەنجان بدەنەوە."
کەیڤ گوتی کە لە پیشەی دیپلۆماسیی خۆیدا، چانسی ئەوەی هەبووە چاوی بە رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی بکەوێت و لەگەڵیان گفتوگۆ بکات، بۆیە دەڵێت، گرنگە راپۆرتکردن لەسەر پرسە هەستیارەکان دەبێت بەشێوەیەکی گونجاو و بێلایەنە بکرێت.
رۆژنامەگەریی پیشەیی و ئازادیی رادەربڕین وەکو کەیڤ دەڵیت، "گرنگن و لەگەڵ دیموکراسیی، ئاسایشی نێودەوڵەتی و خۆشگوزەرانی هاوتەریبن". دەشڵێت، زۆر جار رۆژنامەڤانان، بەتایبەتیش رۆژنامەڤانە ژنەکان لەکاتی ئەرکەکەیاندا رووبەڕووی کاری هەراسانکارانە بوونەتەوە.
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا پابەندیی وڵاتەکەی بە ئازادیی رادەربڕین دووپات کردەوە و گوتی کە وڵاتەکەی بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دیکە کاردەکات بۆ فەراهەمکردنی ئازادیی میدیایی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەشدا.
کەیڤ هیواشی خواست ئەم بەرنامە نوێیەی بێستوون ببێتە نموونەی پراکتیزەکردنی رۆژنامەگەریی باش و هانی دیبەیتی کراوە و زیندوو بدات. گوتیشی کە "بە تامەزرۆییەوە" چاوەڕێی تەماشەکردنی ئەڵقەی یەکەمی بەرنامەکە دەکات.
باڵیۆزی ژاپۆن: لە رێگەی "میدیای بەهێزی وەکو رووداو" سەرنج بخرێتە سەر توێژی گەنجان
لای خۆیەوە، فوتۆشی ماتسومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق پیرۆزبایی لە دەستپێکردنی پرۆگرامە نوێیەکەی بێستوون کرد و گوتارەکەی بە دەربڕینی چەند رستەیەکی کوردی دەستپێکرد؛ ماتسومۆتۆ گوتی "من هەموو رۆژێک هەوڵدەدەم کوردی فێربم. من لە بێستوونەوە فێربووم کە بڵێم: رووداو یەکەمی بێ رکابەرە." بێجگە لەوەش باسی چەند شتێکی دیکەی کرد کە فێربووە بە زمانی کوردی دەریانببڕێت، وەکو:"ئەم کاتەتان باش، سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم. چۆنن باشن؟ زۆر مەمنوونم لۆ ئەو دەعوەتە."
لەبارەی بەرنامەی بێستوون تۆک، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق گوتی، "من لەگەڵ بێستوون هاوڕام لە پەرەپێدانی ئەم شێوازەی گفتوگۆی گشتی، بە تایبەتیش لەگەڵ گەنجان. من خۆم سەردانی هەندێ زانکۆکانم کردووە، هەموو قوتابییە گەنجەکانی کوردستان زۆر زیرەکن. ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ پەرەپێدانی چالاکیی گەورەی واها بۆ پێشڤەبردنی جۆرێکی پێگەیشتووتر لە دیموکراسی لەرێگەی دانوستاندنی قووڵەوە لەگەڵ گەنجان."
باڵیۆزی ژاپۆن گوتیشی لە هەرێمی کوردستان هەمیشە پێی دەگوترێت کە ژاپۆن هەسارەیەکی دیکەیە، "بەڵام کاتێک دێمە بەغدا، هەولێر و سلێمانی، من وابیردەکەمەوە کە دەکرێت ئەمەش هەسارەیەکی دیکە بێت."
ماتسومۆتۆ بە گرنگیی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداوی باسکرد و گوتی گرنگە "لەرێگەی میدیای بەهێزی وەکو رووداو" سەرنج بخرێتە سەر توێژی گەنجان. گوتیشی کە پێیوایە کە ئەم بەرنامەی بێستوون تۆکە بە ئاڕاستەیەکی باشی دیموکراسی و ئازادیی رادەربڕین و وڵاتێکی پێگەیشتوو دەڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ