لە سنووری کۆیە و دۆڵی سماقوڵی دوو رۆژە رێگەی هاتووچۆ بە رووی بارهەڵگرەکان داخراوە

27-04-2023
بەهرۆز فەرەیدوون
رێگەی دۆڵی سماقوڵی بە رووی بارهەڵگردا داخراوە
رێگەی دۆڵی سماقوڵی بە رووی بارهەڵگردا داخراوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژە دانیشتووانی دۆڵی سماقوڵی و بەشێک لە گوندەکانی سنووری کۆیە رێگەی سەرەکیی سماقوڵی-هەولێر و کۆیە-سلێمانییان بە رووی شۆفێرانی بارهەڵگردا داخستووە.
 
هێمن حوسێن، خەڵکی گوندی کاموسەکە لە سنووری کۆیە و دەڵێت، "خۆمان پێی هەستاوین، ئێستا خەڵکەکە هەمووی رۆیشتەوە، ئەگینا زۆرە و داوا لە حکومەت دەکەین ئەم کێشەیە چارەسەر بکات."
 
زۆرینەی ئەو بارهەڵگرانەی دوو رۆژە رێگەیان لێگیراوە، لە تورکیا، دهۆک، زاخۆ و هەولێرەوە دەیانەوێت بارەکانیان ببەنە سلێمانی.
 
مستەفا خەلیل، شۆفێری بارهەڵگر بە رووداوی گوت، "دوێنێ لە زاخۆوە هاتم، ئەوا هەر لێرەم و دەمەوێت بڕۆمە سلێمانی." 
 
ئەحمەد محەممەد، شۆفێرێکی دیکەی بارهەڵگرە و باس لەوە دەکات، "دوو رۆژە بەڕێگاوەم و دەمەوێت بچمە رانیە."
 
لە رێگەی دۆڵی سماقوڵی، لەسەر شەقام خۆراک ئامادەکراوە و بەشێک لە هاونیشتمانییان رێگەیان بە رووی بارهەڵگردا داخستووە. خەڵکی زیاتر لە 15 گوند لەسەر رێگەکە کۆبوونەتەوە و بە نۆرە شەوان ئێشکگرن و دەڵێن، تەنیا رێگەی ئۆتۆمبێلی بچووک دەدەن.
 
قارەمان ئەبوبەکر، دانیشتووی گوندی سماقوڵییە و دەڵێت، "هەر شەوی دوو گوند لێرە دەمێنێتەوە، رێگە نادەین هیچ تانکەرێک و بارهەڵگرێک لێرەوە بڕوات تاوەکو خوای گەورە رەحمێک دەکات ئەو بەرپرسە بەڕیزانە دێنە سەر خەت و چارەسەرێک دەبیننەوە."
 
هاوکات بەشێک لە گوندنشینانی سنوورەکە خێمەیان هەڵداوە، ریشسپی و بەتەمەنەکان لەوێ دەمێننەوە. محەممەد مستەفا،  دانیشتووی دۆڵی سماقوڵی بە رووداوی راگەیاند، "کابرا حەیوانی هەیە، لەوبەری جادە پێی ناکرێ بیپەڕینێتەوە بۆ لەوەڕ، منداڵ بۆ مەکتەب لەبەر ئەو بارهەڵگرانە ناتوانێ ئەمبەر و ئەوبەر بکات، دەبێ کەسێکی لەگەڵبێت و زۆر بە وریایی بیپەڕێنێتەوە."
 
ئێستا هیچ رێگەیەکی بارهەڵگر و تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی ناچنەوە سەر سلێمانی، چونکە سەرجەم رێگەکان بە رێگەی کۆیەشەوە داخراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە