عێراق سێ بەنداو لە هەرێمی کوردستان دروستدەکات؛ یەک ملیار مەتر سێ جا ئاو گلدەدەنەوە

27-04-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە حکومەتی عێراق سێ بەنداو بۆ کۆکردنەوە و گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان دروستبکات و خەرجیی دروستکردنیشی لە ئەستۆ دەگرێت، هەرسێ بەنداوەکە دەکەونە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک. بە هەرسێکیان توانای گلدانەوەی نزیکەی یەک ملیار مەتر سێ جا ئاویان هەیە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 27-4-2023، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "حکومەتی عێراق دروستکردنی ئەو سێ بەنداوەی خستووەتە نێو بودجەی ساڵی 2023، بەڵام دروستکردنی بەنداو کە پڕۆژەی ستراتیژیین پێویستیان بە تەرخانکردنی پارە بۆ چەند ساڵێک دەبێت، ئەو سێ بەنداوەی دروستدەکرێن کاریگەریی لەسەر گلدانەوەی ئاو دەبێت، بەڵام عێراق کورتهێنانێکی زۆری لە ئاو هەیە کە ملیارەها مەتر سێ جا دەبێت."
 
سەبارەت بە بڕی پارە و وادەی دروستکردنی ئەو بەنداوانە، رەحمان خانی روونیکردەوە: "ئەو بەنداوانە دوای ئەوەی دەدرێتە تەندەرنیگ بڕی پارەی بۆ تەرخانکراویان و وادەی دروستکردنەکەی تێدا دیاری دەکرێت، بەڵام خەرجییەکەی حکومەتی عێراق لە ئەستۆیان دەگرێت."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاریی ئەو سێ بەنداوەی لە کوردستان دروستدەکرێن، بڵاوکردووەتەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، دەتوانن نزیکەی ملیارێک مەتر سێجا ئاو گلبدەنەوە، بەمشێوەیەیە:
 
- بەندای دەڵگە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی دەبێت، توانای گلدانەوەی 120 ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی هەیە، لەسەر زێی بچووک دروست دەکرێت.
 
- بەنداوی باکورمان لە پارێزگای دهۆکە، توانای گلدانەوەی 500 ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی هەیە، لەسەر رووباری خازر دروستدەکرێت.
 
- بەنداوی مەنداوە لە پارێزگای هەولێر، توانای گلدانەوەی 330 ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی هەیە و لەسەر زێی گەورە دروستدەکرێت.
 
سەبارەت بە رەزامەندیی هەرێمی کوردستانیش لەسەر دروستکردنی ئەو بەنداوانە، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دروستکردنی بەنداوەکانی دەڵگە و باکورمان رازی بووە، بەڵام لەسەر دروستکردنی بەنداوی مەنداوە لە پارێزگای هەولێر وتوێژ ماوە، کە پەیوەندیی بە لایەنی هونەری و قەرەبووکردنەوەوە هەیە."
 
لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداو هەن، سێ بەنداوی گەورە و ستراتیژی هەن، ئەوانیش بەنداوەکانی دووکان، دەربەندیخان و دهۆک، لەگەڵ چەند پۆند و بەنداوێکی دیکە.
 
بەنداوی خنس لە سنووری پارێزگای دهۆک رۆژی چوارشەممە، 12ـی نیسان بۆ یەکەمجار سەڕێژ بوو، ئێستا 7 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکە گلدراوەتەوە.
 
هەر لە دهۆک، بەنداوی کەشکان و بەنداوی دهۆک دوو لەو بەنداوانەن کە ئاویان تێدا گلدراوەتەوە، بەڵام سەرڕێژ نەبوون، بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک، رێژەی کۆکراوەی ئاو لە هەردوو بەنداوەکە 21 ملیۆن و 967 هەزار مەتر سێجایە.
 
بەنداوی دووکان گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و هێشتا ئاستی ئاوی ساڵی پاری تێنەپەڕاندووە.
 
بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و بۆ گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاو دروستکراوە و بەنداوەکە ئێستا ئاستی ئاوی ساڵی پاری تێپەڕاندووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە