کوردستان
200 پشکنینی هەڕەمەکی لە کەمپەکە وەرگیراون و هێشتا ئەنجامی پشکنینەکان دەرنەچوون وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو - هەولێر
بەڕێوەبەری شارۆچکەی دارەشەکران رایگەیاند، دوای تووشبوونی کەسێکی کەمپی دارەشەکران بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێکارەکانی کەرەنتینەکردنی کەمپەکە تووندوتۆڵتر کراون و ئەنجامی پشکنینی ئەندامانی خێزانی تووشبووەکەش پاک دەرچوو.
ئەحمەد نەبی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی دارەشەکرانی سەر بە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە 26-04-2020 وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تووشبوونی پیاوێكی 32 ساڵانی کەمپی دارەشەکرانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند، پشکنین بۆ ئەندامانی خیزانەکەی کرا و سەرجەم پشکنینەکانیان پاک دەرچوون"
بەڕێوەبەری شارۆچکەی دارەشەکران ئاماژەی بەوە کرد، "هەروەها 200 پشکنینی هەڕەمەکی لە کەمپەکە وەرگیراون و چاوەڕوانی ئەنجامی پشکنینەکانین. دوای راگەیاندنی تووشبوونەکە رێکارەکانی کەرەنتینەکردنی کەمپەکە تووندوتۆڵترکراون. چوونە ژوورەوە و هاتنە دەرەوە لە کەمپەکە بە هەموو شێوەیەک قەدەخە کراوە".
ئەحمەد نەبی باسی لەوە کرد، "کەمپی دارەشەکران نزیکەی 13 هەزار کەسی تێدا دەژی و دوای ئەوەی رێکارەکان لە هەرێمی کوردستان بەگشتی هەندێک سووککران، خەڵک هەبوو بەهۆی ئیش و کارەوە و دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە چووەتە دەرەوە کە ناگەڕێنەوە کەمپەکە، ئەو هاونیشتمانیەی تووشی کۆرۆنا بووە یەکێکە لەوانە، ئەو دوای دەرچوونی لە کەمپەکە داوای گەڕانەوەی کردووە و پشکنینی بۆ کراوە و دەرکەوتووە تووشی کۆرۆنا بووە. ئێستا لە نەخۆشخانەی کۆرۆنا لەژێر چاودێریدایە".
ئەو کەسەی کەمپی دارەشەکران کە تووشی کۆرۆنابووە هاونیشتمانییەکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، لە بەحرکە کار دەکات و ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە لە کەمپەکە بۆ کارکردن دەرچووە.
کەمپی دارەشەکران سەر بە ناحیەی دارەشەکرانی شارۆچکەی خەباتە لە پاریزگای هەولێر، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی دوو هەزار و 300 خێزانە و لە نزیکەی 13 هەزار کەس پێکهاتوون و لەنێو دوو هەزار و 500 چادردا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ