دوای بەرنامەی لەگەڵ رەنج "پشكنینی سووتەمەنیی بەنزیخانەكان زیاتر ‏بووە"‏

27-02-2024
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت ‌و كانزاكانی هەولێر پشكنینی ‏كوالێتی سووتەمەنی بەنزیخانەكان، بە تایبەت گازوایل چڕتر دەكرێتەوە ‌و ‏دوا مۆڵەتیش دەدرێتە ئەو بەنزیخانانەی سەرپێچی دەكەن. 
 
سەرۆكی ‏ئەنجوومەنی بەنزیخانەكانی هەولێر هۆكاری زیاتركردنی پشكنینەكان ‏بۆ دوو بەرنامەی لەگەڵ رەنج دەگەڕێنێتەوە، كە لەسەر پیسبوونی ژینگە ‌و ‏خراپیی كوالێتیی سوومەتەنیی بەشێك لە بەنزینخانەكان بووە.‏
 
بەپێی ئەو نووسراوە، کە واژۆی ئاری كاكەشین، بەڕێوەبەری نەوت‌ و كانزاكانی ‏هەولێری لەسەرە ‌و ئەمڕۆ سێشەممە، 27-2-2024 بڵاوكراوەتەوە، لەمەودوا پشكنینی كوالێتیی سووتەمەنی بەنزیخانەكان بە تایبەت گازوایل ‏زیاتر چڕدەكرێتەوە. 
 
هەر لە نووسراوەكەدا داوا لەخاوەنی بەنزیخانەكان ‏كراوە كە تاوەكو 1-3-2024 كوالێتیی سووتەمەنییەكانیان چاكبكەن ‏‏"بەپێچەوانەوە تووشی سزای پێبژاردن‌ و تەنانەت داخستنیش دەبنەوە".‏
 
جەنگی مەجید، کە بازرگانێکی سووتەمەنییە لە هەولێر بە رووداوی ‏راگەیاند، دوای دوو بەرنامەی لەگەڵ رەنج كە لەسەر پیسبوونی ژینگە‌ و ‏خراپی كوالێتی سووتەمەنی بەشێك لە بەنزیخانە‌کە كرا، وەزارەتی سامانە ‏سرووشتییەكان هەنگاوی باش دەنێت‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سووتەمەنی بێ‌ ‏كوالێتی.
 
گوتیشی: "بۆیە داوا لە بەنزیخانەكان دەكەین، پابەندی ‏بڕیارەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بن تاوەكو تووشی سزای ‏قورس نەبن".‏
 
لە مانگی دووی ئەم ساڵدا بەرنامەی لەگەڵ رەنج-ی تۆڕی میدیایی رووداو دوو ‏بەرنامەی تایبەتی كرد لەسەر پیسبوونی ژینگە بەهۆی خراپی كوالێتیی ‏سووتەمەنی.‏
 
رۆژی 4-2-2024 بەرنامەی لەگەڵ رەنج باسی لەوە کرد کە چۆن شێوازی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی مەترسی دەخاتە سەر ژینگە و ‏تەندروستیی ‏مرۆڤ. 
 
رۆژی 11-2-2024 بەرنامەی لەگەڵ رەنج باسی کوالێتیی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان کرد کە چۆن مەترسی بۆ تەندروستیی گشتی دروستکردووە. 
 
لە سنووری هەولێر 288 بەنزیخانە هەن لەم مانگەدا، نزیكەی 50 دانەیان ‏بەهۆی سەرپێچیی جۆراوجۆر سزادراون.‏
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە