کۆمیسیۆن: 41 هەزار کەس راهێنان دەکەن بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان

26-09-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
نیشانەکردن هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای دەکات، لە دوو رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردندا "10 سکاڵا تۆمارکراون". ئاماژە بەوەش دەکات "41 هەزار کەس وەکو کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان لە ئەمڕۆوە دەستیان کردووە بە مەشق و راهێنان بۆ رۆژی هەڵبژاردن". 
 
لە کاژێر 12:00ـی بەرەبەیانی رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2024ـەوە، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ئۆفیسەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک سێ لیژنەی پێکهێناوە چاودێریی بانگەشە دەکەن و لیژنەیەکیش لە هەرسێ ئۆفیس، سکاڵاکان وەردەگرێت. 
 
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی پێنجشەممە 26-9-2024 میوانی هەواڵەکانی کاژێر 14:00ـی رووداو بوو، لەبارەی ئەو سکاڵایانەی تاوەکو ئێستا تۆمارکراون، بە رووداوی گوت: "لە رۆژی یەکەمدا 10 سکاڵا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، چواریان لە هەولێر، چوار سکاڵا لە سلێمانی و دوو سکاڵاش لە دهۆک تۆمارکراون".
 
لەبارەی چارەنووسی ئەو سکاڵایانە و دوورخستنەوەی بەربژێرانیشەوە، نەبەرد عومەر روونیکردەوە "سکاڵاکان وەردەگیرێن و دواتر وردبینییان لەسەر دەکرێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیار لەسەر سکاڵاکان دەدات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی ئەو سکاڵایانە نەدراوە". 
 
بۆ سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەت، 41 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان ناویان دەرچووە، کە پێشتر بە شێوازی ئۆنڵاین ناوەکانیان تۆمارکرابوو.
 
نەبەر عومەر ئاشکرایکرد "لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە راهێنانی ئەو فەرمانبەرانە دەستیپێکردووە، هەموویان دەبێت رابهێنرێن و ئامادە بکرێن. چوار رۆژ پێش هەڵبژاردن ئەرکی ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت، دوو رۆژ پێش هەڵبژاردن فەرمانبەران دەبێت بچنە بنکەکان و ئامادەکارییەکانیان تەواو بکەن". 
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆنسووڵخانە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان دەتوانن چاودێریی هەڵبژاردن بکەن، بە گوتەی بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تاوەکو ئێستا "هەشت رێکخراوی نێودەوڵەتی و چوار کۆنسووڵخانە، 11 تیمی میدیایی نێودەوڵەتی ناویان تۆمارکردووە، بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن".
 
هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـی تشرینى یەکەم دەکرێت، 136 لیست و 1,191 بەربژێرى لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتاکان رکابەریى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسی پەرلەمان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی هەورامان. وێنە: ئیرنا

لە چوارچێوەی 'ئاسۆی جیهانیی هەورامان'دا ژێرخانی سێ گوندی ناوچەکە ئامادەکرا

بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشە دەستییەکانی پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە چوارچێوەی (ئاسۆی جیهانیی هەورامان) کە لەلایەن یونسکۆوە تۆمارکراوە، ژێرخانی سێ گوندی ناوچەی هەورامان لە سنووری شاری جوانڕۆ بە مەبەستی پاراستن و گەشەپێدانیان تەواوکرا.