رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، حیزبەکەی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداربوون لە نووسینەوەی کارنامەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و واژۆیان لەسەر کردووە.
رۆژی دووشەممە 26-09-2022، د. سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداربوون لە نووسینەوەی کارنامەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و واژۆیان لەسەر کردووە. گوتیشی، "تاوەکو ئێستا لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار لەگەڵ پارتی نەگەیشتووین بە رێککەوتن."
هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی، رۆژی دووشەممە 26-09-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانییەکانی سەروەریی و عەزم و بابلیوون شەوی رابردوو رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت."
سەبارەت بە خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان لایەنە بەشدارەکان لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت؛ بەڕێوەبەری نووسینگەی مالیکی ئاشکرایکرد: "رێککەوتنەکە خاڵی زۆری تێدایە سەبارەت بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هەموو لایەنەکان بە شیعە و کورد و سوننەوە."
لەبارەی ئەگەری گۆڕینی بەربژێری پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، گوتەبێژی یەکێتی گوتی: "یەکێتی سوورە لەسەر بەربژێری خۆی بۆ ئەو پۆستە، چونکە پۆستەکە بەرکەوتەی کوردە و لە کوردیش بەرکەوتەی یەکێتییە، لەوبارەشەوە قسەمان لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەکان کردووە و لە ئاستی باڵاش لەگەڵ پارتی گفتوگۆمان کردووە."
د. سۆران جەمال تاهیر ئاماژەی بەوەش کرد: لە دوو مانگی رابردوودا، چەند کۆبوونەوەیەک لە ئاستی باڵا لەنێوان پارتی و یەکێتیدا کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووینەتە رێککەوتن و بەهیواین پێی بگەین. "لە دوو مانگی رابردوودا دۆخی بەغدا تێکچوو، گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت گۆڕدرا بۆ ئەوەی هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان چڕبکرێتەوە و ناکۆکی نەمێنێت، ئێستاش زەمینەسازی هەیە بۆ دانیشتنی پەرلەمان، ئێمە و پارتیش جەختمان لەسەر کۆبوونەوەی پەرلەمان بوو، چونکە سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتیش لە رێگەی پەرلەمانەوە یەکلایی دەبێتەوە."
گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت: لە دوای هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمی 2021، یەکێتی پێی باشبووە لەگەڵ پارتی و لایەنە کوردییەکان بە یەک شاند و بەرنامەی هاوبەشی هەبێت لە بەغدا، بەڵام بەداخەوە دۆخەکە بە ئاقارێکی دیکەدا برا، ئێستاش دەخوازین یەک وەرەقەی سیاسی هاوبەشمان هەبێت.
پۆستی پارێزگاری کەرکووک، یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنە عێراقییەکانیش، لەکاتێکدا بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن ئەو پۆستە پشکی کوردە، بەڵام لە ساڵی 2017ەوە لەلایەن راکان جبووری، کە عەرەبێکی سوننە مەزهەبە ئەو پۆستە بەڕێوەدەبرێت. د. سۆران جەمال تاهیر لەوبارەوە گوتی:" دوای کارەساتەکانی کەرکووک لە ساڵی 2017، بەرنامەمان ئەوەیە کە جگە لە پۆلیس، هێزە چەکدارەکانی دیکە لە ناوەندی کەرکووک دەربچن و پاراستنی شار بدرێتە دەست پۆلیسی نێوخۆیی، ئێستاش جەخت دەکەیەنەوە بە زووترین کات پۆستی پارێزگار یەکلایی بکرێتەوە کە پشکی کوردە و لەنێو کوردیش پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و لە رێککەوتنی مانگی ئاداری 2019 لەگەڵ پارتی ئەوە یەکلایی بووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ