رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیارێکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رێگە نادرێت ئاژەڵ لە کوێستانەکان ببردرێنە شارەکان بۆ فرۆشتن، بڕیارەکە بۆ پێشگرتنە بە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون و ئاژەڵدارانیش ناڕازین لە بڕیارەکە چونکە بەهۆیەوە زەرەرمەند بوون.
قسەو باس و گفتوگۆی ئاژەڵدارانی بناری چیای هەڵگورد هەمووی گلەییە لەبڕیارێکی ئیدارەی سنوورەکە. ئەوان سێ ساڵە خزمەتی ئاژەڵەکانیان دەکەن و قەڵەویان دەکەن بۆ ئەوەی لە جەژنی قورباندا بیفرۆشن، کەچی رێکارێکی ئیداری کە لەبازگەکانەوە ریگەیان پێنادات ئاژەڵەکانیان بێنن و لەشار بیفرۆشن، رەنج بەخەساری کردوون.
سلێمان عەزیز، ئاژەڵدارێکی ناوچەکەیە و دەڵێت، "دوێنێ چوینە قایمقامیەتی چۆمان، گوتی نووسراوی گواستنەوەی ئاژەڵ بە هیچ جۆریک ناکرێت، ئێستا جووتی بزن 500 هەزار دەکات و دوای جەژن کەس بە 300 هەزار نایەوێت."
میرخان حسێن، ئاژەڵدارێکی دیکەیە و دەڵێت: "چووین مەڕمان برد لە بازگەی ناوپردان گێرایانەوە، گوتیان بەهیج جۆریک نابێت، تای خوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە. ئێمەش لێرە هەیە رۆژێ کەلەشێک دەخوات و هیچ کێشەمان نییە."
ئیسماعیل عەزیزیش ئاژەڵدارە و باس لەوە دەکات، "ئەگەر ئەوها بەردەوام بێت، رەوەند لەنێو دەچێت، بەڕاستی پێشمان ناخۆشە ئەو کولتوورە تێکبچێت، داوا دەکەین لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بەزوترین کات چارەسەریکمان بۆ بدۆزنەوە."
لەکوێستانەکانی باڵەکایەتی نزیکەی 200 خێزانی ئاژەڵدار هەن، بژێوی ژیانیان لەسەر بەخێوکردنی مەڕوماڵاتە.
بریارەکەی حکومەت کە رێگە بە هێنانی هیچ ئاژەڵیک نادات لە ناوچە کوێستانیەکان بۆ بازارەکان، لە تەواوی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کاری پێدەکرێت. ئەو بڕیارەی ئیدارەی سنوورەکە داویەتی لەو رێنماییانەدا نییە کە وەزارەتی تەندروستی بڵاویکردوونەتەوە.
سوارە ئەکرەم، قائمقامی چۆمان دەڵێت، "بازگەکان رینماییەکی گشتگیریان بۆ هاتووە، گواستنەوەی ئاژەڵ کۆتوبەند کراوە و ناکرێت ئەو ماوەیە هاتن و چوون بکات، دەبێ ئەو ماوەیە چاوەڕێ بکەن. دوای جەژن رێنمایی دەردەکرێت و کاتیشە و زۆر ناخایەنێت. رێوشوێنەکان ئاسایی دەبنەوە پەیوەستە بە ئاستی بوون و نەبوونی پەتایەکە و زۆری و کەمیەکەی."
لەمساڵدا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دوو هاونیشتیمانی بە تای خوێن بەربوون گیانیان لەدەستداوە و رێکارەکان بۆ پێشگرتن بە توشبوونی زیاتر رۆژ بۆ رۆژ توندتر دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ