رووداو دیجیتاڵ
دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایدەگەیینێت، سێ چەکداری داعشیان لە باشووری پارێزگای کەرکووک کوشتووە.
رۆژی پێنجشەممە 26/5/2022، دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر بڕیاری مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە کاژێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆسەیەکیان بۆ چەکدارانی داعش داناوەتەوە لە باشووری کەرکووک.
دەزگای دژەتیرۆر دەڵێت، رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سێ چەکداری داعش دروستبووە، یەکێکیان کە پشتێنێکی بۆمبڕێژکراوی لەخۆبەستبوو، کوژرا، دواتر دوو چەکدارەکەی دیکەی یەکێکیان لەنێو ئەشکەوت و ئەوی دیکەیان لەنێو دار و دەوەنەکانی ناوچەی رەشاد کوژراوە.
رۆژی پێنجشەممە 26/5/2022، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و زانیارییەکانی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و رۆژهەڵاتی دیجلە و زانیاریی هەواڵگریی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی گشتیی سەربازی / بەشی هەواڵگریی کەرکووکی سەر بە حەشدی شەعبی، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر، دوو ئەندامی داعش بە ناوەکانی (م، ا، ش) و (ح، ع، م) دەستگیرکران کە مەفرەزەیەکی ئەمنییان لەنێو شاری کەرکووک دروستکردبوو.
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و زانیارییەکانی حەشدی شەعبی دەڵێت، ئەو مەفرەزیەی داعش بەنیازبوون کردەوەی تیرۆریستی لە دژی هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییان لە شاری کەرکووک بکەن.
رۆژی دووشەممە چەکدارانی داعش لە باشووری کەرکووک لە هێرشێکدا پێنج کەسیان کوشت، قوربانییەکان کوڕ و باوکێک و سێ ئەندامی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی بوون.
هێرشەکە لە گوندی سامی عاسی لە سنووری بەشیر ئەنجامدرا. باوک و کوڕە کوژراوەکە بۆ دروێنە چووبوونە ئەو کێڵگەیە و کەوتنە بۆسەی داعشەوە؛ سێ پۆلیسەکەش چوون بەهانایانەوە و ئەوانیش کوژران.
حەشدی شەعبی ئەرکی پاراستنی ئەو سنوورەی لە ئەستۆدایە و کەمبوونەوەی ئاستی بینین بەهۆی خۆڵبارینەوە بەهۆکاری رووداوەکە دەزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ