رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەقینەوەی مینێکەوە لە سنووری قەزای پێنجوێن هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا. سەرۆکی لقی سلێمانیی دەزگای مین دەڵێت، کەسێکی دیکە لەگەڵ قوربانییەکەدا بووە و رزگاری بووە.
رۆژی چوارشەممە، 26ـی نیسانی 2023، موحسین شێخ عەبدولکەریم، سەرۆکی گشتیی کاروباری دەزگای مین لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو هاونیشتمانی کە رەنگە بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە چووبن، مینێکیان لە نزیک ملەکەوەی پێنجوێن پێدا تەقیوەتەوە و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوی دیکەیان سەلامەتە".
رووداوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بووە؛ موحسین شێخ عەبدولکەریم دەڵێت، تیمەکانیان ناردووەتە شوێنی رووداوەکە بۆ دەرهێنانی تەرمی قوربانییەکە.
ئەو هاونیشتمانییە لە شاخی ملەکەوە لە سنووری پێنجوێن لە کاتی گەڕان بە دوای گژوگیای بەهارە مینی پێدا تەقیوەتەوە و گیانی لەدەستداوە. زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن بە رووداوی گوت، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی جەمال ئەحمەدە و لەدایکبووی 1965ـە.
رۆژی 11ـی نیسانی 2023 لە سنووری شارۆچکەی تەوێڵە لە دەڤەری هەورامان، لە رووداوێکی هاوشێوەدا هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
بەگوێرەی دەزگای کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، ساڵی 1992 حکومەتی هەرێمی کوردستان رووپێوییەکی گشتی بۆ ناوچە مینڕێژکراوەکان کردووە و دەرکەوتووە 776 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاکی هەرێمی کوردستان بە مین و پاشماوەی جەنگی پیسبووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هاوبەشەکانی لە بەرنامەی مین، توانیویەتی تاوەکو ئێستا 521 کیلۆمەتر چوارگۆشە پاکبکاتەوە و هێشتا 255 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە هەرێمی کوردستان مین و پاشماوەی جەنگی دیکەی تێدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ