وەزارەتی نەوتی عێراق: کار لەسەر گۆڕینی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکان دەکەین

26-03-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چەند لیژنەیەکیان پێکهێناوە. ئاماژە بەوەش دەکات، کار لەسەر گۆڕینی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکان دەکەن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 26-03-2024 عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی عێراق کارکردنە بۆ چارەسەری کێشەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش چەند لیژنەیەکی تەکنیکی و یاسایی لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێندراون بۆ خێراکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت.
 
عاسم جیهاد بە ئاژانسی هەواڵیی عێراقی راگەیاندووە، پرسی رادەستکردنی نەوتی دەرهێندراو لە هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی فیدراڵی ئاڵۆزە، ئەوەش "لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی هەڵەکانی پێشوو."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی حکومەتی فیدراڵی و دەوڵەت بوونەوە، بەگشتی بوونە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان نەوت هەناردە بکات و گرێبەستەکانی بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی بکات."
 
عاسم جیهاد دەڵێت، "حکومەتی ئێستا چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بە شێوازی یاسایی و دەستووری و بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە خزمەتی بەرژەوەنیدی گشتیدا کردووەتە کاری لەپێشینە." باسی لەوەش کرد، "سەرۆکی حکومەت وەزارەتی نەوتی راسپاردووە چەند لیژنەیەک پێکبهێنێت کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و کار بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەکەن."
 
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، "وەزارەتی نەوت لیژنەی هاوبەشی تەکنیکی، یاسایی و کارگێڕی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو کێشانە بەمەبەستی خێراکردنی تەواوکردنی ئەم دۆسیە ئاڵۆزە." ئاماژەی بەوەش کرد، "لە یاسای بودجەدا هاتووە کە ئەو نەوتەی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت، رادەستی حکومەتی ناوەندی بکرێت و ئەویش ئەرکی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەو رووەوە دەگرێتە ئەستۆ."
 
بە گوتەی عاسم جیهاد، "هێشتا ئەوە بەدینەهاتووە، بەهۆی سرووشتی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان کە بووەتە هۆی سەرلێشێواوی و کەمیی داهاتی دارایی کە بڕیار بوو بۆ بودجەی فیدراڵی بەدی بێت."
 
لە درێژەی قسەکانیدا گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ئەوەی خستەڕوو، "دەستەی نێوبژیوانی پاریس لە دۆسیەی پێشێلکارییەکەی تورکیادا بڕیاری لە بەرژەوەندی لایەنی عێراقی دا کاتێک بە رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەوتی هەناردە کردووە بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی." ئاماژەی بەوەش کرد، "حکومەت کاری کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە لەگەڵ ئەنقەرە و رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام ئەو بابەتە پێویستی بە چارەسەرکردنی کێشەکە لەسەر ئاستی نێوخۆ هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکان کە تێیدا کار دەکەن."
 
وەکو عاسم جیهاد باسی لێوەکرد، "سرووشتی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان گرێبەستی جۆری هاوبەشین لە بەرهەمهێنان و جیاوازن لە گرێبەستەکانی وەزارەتی نەوت کە گرێبەستی خزمەتگوزاریین؛ واتە حکومەت کرێ دەداتە کۆمپانیاکان و ئەو کۆمپانیایانە پشک یان رێژەیان لە نەوتی عێراق نییە."
 
بەڵام گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان، بە گوتەی عاسم جیهاد، "جۆری هاوبەشین، واتە ئەو کۆمپانیایانە رێژە و پشکیان لە نەوتی عێراقدا هەیە، هەر بۆیەش ئەمە پێشێلکارییەکی دەستووری و یاساییە"؛ گوتیشی، "وەزارەتی نەوت هەوڵی داوە ئەو گرێبەستانە بگۆڕێت، بەڵام تائێستا لەم چوارچێوەیەدا نەگەیشتووینەتە هیچ چارەسەرێک و هیوادارین لە رێگەی گفتوگۆ  گەیشتن بە چارەسەرێک بدۆزینەوە بەپێی دەستوور و یاساکان."
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 26-03-2024 رایگەیاند، "ساڵێک بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان تێپەڕیوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت رێککەوت، بەڵام وێڕای ئەو رێكکەوتنەش هەناردەی نەوت دەستی پێنەکردووەتەوە و بەهۆی بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بودجەوە پرۆسەكە زیاتر ئاڵۆز كراوە."
 
سەبارەت بە خەرجیی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت کە لە یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی عێراقدا هاتووە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، "ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوەـی) نەوتی هەرێمی کوردستان تەرخانكراوە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچووی راستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناگونجێت."
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان باسی "نیازپاکی"ـی دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سۆنگەی نیەتپاکی و بۆ چارەسەکردنی کێشەکان بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد، تائێستاشی لەگەڵ بێت، یەک دیناری وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانێ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بداتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.