رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وەزارەتەکە لە واشنتن دی سی، پێشوازی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات.
بەگوێرەی خشتەی کارەکانی وەزارەتەکە، کۆبوونەوەکە کاژێر 11:00ـی بەیانی بە کاتی واشنتن دەکرێت، کە دەکاتە 7:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە بە بانگهێشتی فەرمی گەیشتە ئەمریکا.
راگەیێندراوێکی رۆژی یەکشەممەی حکومەت ئاماژە بەوە دەکات، مەسرور بارزانی "چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت".
وەزیری پێشمەرگە، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکە، یاوەریی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکەیە".
سەردانەکە لە کاتێکدایە لە مانگی رابردووەوە بەغدا و واشنتن دەستیان بە گفتوگۆ کردووە بۆ ئەوەی چارەنووسی سەربازانی ئەمریکی و بیانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دیاریبکرێت. حکومەتی عێراق دەڵێت، دەیانەوێت خشتەیەک بۆ کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئەو هێزانە دابنێن.
ئەمریکا 2500 سەرباز و 20 وڵاتی دیکەش 500ـی دیکەیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیرکردووە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، راوێژ و راهێنان بە هێزە خۆجێییەکان بدەن.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل، گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیادبوون و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران دەستیان بە هێرشی مووشەکی و درۆنی کرد بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
22ی کانوونی دووەم، یەکێک لەو هێرشانە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن. لە تۆڵەی ئەوەدا، ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق و سووریا و لانیکەم 54 چەکداری کوشت.
لە دوای ئەو هێرشە ئاسمانییانەوە، هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی وەستاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ