مستەفا چاوڕەش: رێباز بێرکۆتی دەبێتە وەزیری پێشمەرگە

25-12-2022
سۆران حوسێن
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەكێتی دەڵێت، گۆڕانکارییەکانی نێو حکومەت لە پشکی یەکێتی رەزامەندییان لەسەر دراوە کە بریتین لە وەزیری پێشمەرگە، وەزیری هەرێم بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق و بریکاری وەزارەتی ناوخۆ.
 
رۆژی یەکشەممە، 25-12-2022، مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی بە ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداوی گوت، کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی رەنگە بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە دوابخرێت و گوتیشی: "دوای سەری ساڵ دەبێت پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، چونکە دوو هێزی سەرەکین. ناکرێ ئێمە دابنیشین و خەریکی فەیسبووک و شەڕە دەنووک بین".
 
مستەفا چاوڕەش هیوای خواست جگە لە یەکێتی و پارتی، هەموو لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە گفتوگۆبکەن و بگەنە ئەنجامێکی "باش و ئەم دۆخە تێپەڕینن".
 
لەبارەی راگرتنی گۆڕانکارییەکانی تیمی یەکێتی لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستان کە یەکێکە لە نیگەرانییەکانی تیمی حکومەتی ئەو حیزبە و بەهۆیەوە لە چوار کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و چەند وەزیرێکی دیکەی یەکێتی بەشدارییان نەکردووە، مستەفا چاوڕەش گوتی: "تەواو بووە؛ واژۆی لەسەر کراوە و ئەمڕۆ پیرۆزباییم لە هەموویان کرد".
 
بە گوتەی مستەفا چاوڕەش، گۆڕانکارییەکانی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە دەبن: رێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەبێتە وەزیری پێشمەرگە؛ سەرکەوت حەسەن ناسراو بە سەرکەوتی کوبە، لە جێگەی لیوا چەتۆ ساڵح دەبێتە بریکاری وەزارەتی ناوخۆ؛ ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەبێتە وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فێدراڵیی عێراق لە جێگەی خالید شوانی کە ئێستا بووە بە وەزیری دادی عێراق.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە