ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان: بەشداریکردنمان لە حکومەت هەڵەبوو

25-11-2023
ئەحمەد حەمید
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بەشداریکردنیان لە حکومەتدا هەڵەبووە و جێبەجێنەکردنی ئەو بەرنامەیەی دایاننابوو وایکرد لە ئاست خواست و داواکاری خەڵکدا نەبن و دەنگەکانیان کەمیکرد. دەشڵێت، "9ـی مانگی داهاتوو خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی هەڵدەبژێردرێت."
 
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی، "بزووتنەوەی گۆڕان حیزبی هەڵبژاردنە و ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی بەشدارییەکی کارای هەڵبژاردن بکەین، بەڵام تێبینیشمان لەبارەی ئامادەکاری هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران هەیە، ئێستا سەرقاڵی خۆ رێکخستنەوەین و دەمانەوێت بە باشی خۆمان بۆ هەڵبژاردن ئامادە بکەین."
 
گوتیشی، "دوای هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی، بڕیار دەدرێت چی دەکەین بۆ ئەوەی سەرکەوتن بە دەستبهێنین، کەمکردنی دەنگەکان تەنیا بزووتنەوەی گۆڕان نییە، بەڵکو لایەنەکانی دیکەش دەنگەکانیان کەمیکردووە، گۆڕان لەسەر ناڕەزایی خەڵک و داخوازی بۆ ژیانێکی باشتری خەڵک دروستبووە، بۆیە ئاساییە ئەگەر دەنگەکانی کەمبکات."
 
نزار مەحموود، جەختیکردەوە، "ئەو دەنگدەر و هەڵسوڕاوانەی پێشتر دەنگدەری گۆڕان بوون، نەبوون بە لایەنگری حیزبی دیکە و دەنگیان بە حیزبی دیکە نەداوە، بەڵکو بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە، ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەیە لە ئەدای بزووتنەوەی گۆڕان ناڕازی بوون."
 
لەبارەی هۆی کەمکردنی دەنگەکانیان، ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی دەڵێت، "لە چەند ساڵی رابردوو نەمانتوانی لە ئاست داوا و خواستی خەڵکدا بین، بەشێکی پەیوەندی بە سیستمی حکومڕانییەوە هەبووە لە هەرێمی کوردستان، بەشداریکردنمان لە حکومەتدا هەڵەبوو، نەدەبوو بە 12 کورسییەوە بەشداری لە حکومەتدا بکەین، چونکە بەشداریکردن بە 12 کورسییەوە دەبێتە کەمینە لە حکومەتەکەدا، لە کاتێکدا لایەنەکانی دیکەی نێو حکومەت نایانەوێت چاکسازی بکرێت."
 
باسی لەوەشکرد، "دوای پێنج ساڵ لە بەشداریکردنمان لە حکومەت بەشێکی پۆستەکانمان وەرنەگرتووە، یەکێک لەو پۆستانە یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتە بۆ کاروباری چاکسازی تاوەکو ئێستا ئەو پۆستەمان وەرنەگرتووە، بۆیە ناتوانیت ئەو بەرنامەیەی کە داتناوە جێبەجێی بکەیت بە تایبەت کە حکومەتەکەش لەگەڵ پارتی و یەکێتی بێت، پێویستت بەوەیە بەهێزبیت بۆ ئەوەی بتوانی چاکسازی بکەیت."
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی، "ئێستا سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی، دوای ئەو هەڵبژاردنە بە ماوەیەکی کەم کۆنفرانسی نیشتمانی دەکرێت، کۆنفرانسی نیشتمانی پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، ئەگەر پرسێکی لە ناکاو دروست نەبێت 9ـی مانگی داهاتوو خانەی راپەڕاندن و رێکخەر هەڵدەبژێردرێت."
 
رۆژى شەممە، (25/11/2023)، وەفدێکى باڵاى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان بە سەرۆکایەتیى بافڵ تاڵەبانى و شاندى یاوەرى لە مەکتەبى سیاسى، سەردانى مەکۆى سەرەکیى بزوتنەوەى گۆڕانیان لە شارى سلێمانى کرد و، لەلایەن شاندى باڵاى بزوتنەوەى گۆڕان بە سەرۆکایەتیى مستەفا سەید قادر و شاندى خانەى راپەڕاندن و جڤاتى نیشتیمانى پیشوازیان لێکرا. لە کۆبوونەوەی هەردوو شاندی باڵای یەکێتی و گۆڕان، هەردوولا باسیان لە کۆمەڵێک بابەت کردووە، لەنێویاندا "ئامادەکردنى نەخشەڕێگەیەکى هاوبەشى کوردستانى بۆ پەیوەندى و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق، ناوچەکە و حکومڕانى هەرێمى کوردستان.''
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە