رووداو دیجیتاڵ
رۆڵی پەروەردە و فێركردن لە پێشكەوتی وڵاتدا چییە؟ ئایا پەروەردە و فێركردن لەنێو ناوەندە ناحكومیەكاندا جیاوازی هەیە و پێشكەوتووترە؟ یاخوود دۆخی ئەوانیش باش نییە، ئەم جۆرە پەروەردەی ئێستا هەمانە هیچ جۆرە پێشكەوتنێكمان تێدا دروست دەكات؟ لەم بەرنامەیە بەدواداچوون بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیكەش كرا، مامۆستایەكی بە ئەزموونی بەرنامەكە رای وایە بەم جۆرە پەروەردەی ئێستا هەمانە هیچ گۆڕانكارییەك دروست نابێت.
ئەوەی گۆڕاوە، تەختە رەشەكە بووەتە سپی
مامۆستایەكی قوتابخانەی ناحكومی میوان لە بەرنامەكەدا باسی لەوە كرد لە سەردەمی خوێندكاری ئەوەوە بۆ ئێستا یەك شت گۆڕاوە ئەویش تەختەڕەشەكەی قوتابخانەكان گۆڕاوە بۆ سپی. رەخنەی ئەوەشی لە مامۆستایان گرت بەوەی دەستیان نییە لە خۆ نوێكردنەوە، ئەو كە منداڵەكانی لە قوتابخانەی حكومین ئاماژەی بەوەدا لە قوتابخانەی منداڵەكانییەوە بانگكراوە كە پارە كۆبكەنەوە بۆ كڕینی هەندێ پێداویستی قوتابخانەكە. ئەو گوتی "ئەركی دایك و باوكان نییە، لە خوێندنگای حكومی پارە بدەن بۆ كڕینی پێداویستی، تەنانەت قوتابخانە هەیە كارگوزاری نییە، مامۆستاكان لەسەر بودجەی خۆیان كەسێكیان بەكرێ گرتووە".
مامۆستایەكی دیكە ئەوەی روونكردەوە كە راستە پلان بۆ گۆڕانكاری هەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. گوتیشی "ئەوەی گرفتە وەزارەتی پەروەردە، بودجە بۆ پڕۆژە گۆڕانكارییەكانی دابین ناكات. هەندێ لە پێداویستیی قوتابخانەكان كەسانی دەوڵەمەند دابینی دەكەن".
مامۆستایەكی دیكە رەخنەی ئەوەی گرت، هەندێ یاسا بەسەر قوتابخانە ناحكومییەكاندا جێبەجێ دەكرێت بەسەر حكومییەكاندا ناكرێت، بە نموونە لە قوتابخانە ناحكإومییەكاندا 200 قوتابی دەبێت توێژەرێكی هەبێت، بەڵام لە حكومییەكاندا ئەوە جێبەجێ ناكرێت.
"قسەی قوتابییەك لە ناخەوە برینداری كردم"
"خۆزگە مامۆستاكان گەورە دەبوون و لە ئێمە تێدەگەیشتن، خۆزگە لەگەڵ ئەم سەردەمەدا خۆیان دەگونجاند و زانیارییەكانیان نوێ دەكردەوە"، قوتابییەكی نمونەیی ئەو قسەیەی بە مامۆستا سەربەست كەریم، بەڕێوەبەری راهێنان و پەرەپێدانی پەروەردەیی لە سلێمانی گوتووە. مامۆستا سەربەست دوای گێڕانەوە ئەو قسەیە گوتیشی، "قسەی ئەو قوتابییە لە ناخەوە برینداری كردم". ئەو بەرپرسەی پەروەردە دان بەوەشدا دەنێ كە شێوازی وانەگوتنەوە لە كوردستاندا نەریتییە و پێویستی بە گۆڕانكارییە، "دەبێت دیدی ئێمە بۆ پەروەردە بگۆڕدرێت".
مامۆستا سەربەست ئەوەش ناشارێتەوە كە ئێستا بۆشاییەكی گەورە لەنێوان خوێندكار و مامۆستایاندا هەیە، بە كردنەوەی چەندەها دەورە بۆ مامۆستایان هەوڵدەدەن ئەو بۆشاییە نەهێڵن.
سەربەست كەریم ئەوەشی خستەڕوو، یەكێك لە ئامانجەكانیان ئەوەیە لەجیاتی مامۆستا خوێندكار بكەنە سەنتەر و مامۆستاش بكەنە هاریكار و رێبەر و گوتیشی، "ئەگەر مامۆستایانی ئێمە خۆیان نوێ نەكەنەوە كێشەی گەورە لە ناوەندەكانی خوێندن دروست دەبێت".
دەبێت لە ساڵی نوێی خوێندن مامۆستایان ئەم خولە ببینن
بەڕێوەبەری راهێنان و پەرەپێدانی پەروەردەیی لە سلێمانی ئەوەش دەخاتەڕوو، بۆ ئەم ساڵی خوێندن لە سلێمانیدا 176 راهێنەریان هەیە، هەر یەكەشیان 10 قوتابخانەی لە لا دەبێت بۆ راهێنانی مامۆستایان، "لە ساڵی خوێندنی 2024 بۆ 2025 سەرجەم مامۆستایانمان دەبێت 20 كاژێر راهێنان وەربگرن، ئەگەر ئەو راهێنانەی بە مامۆستایان دەكرێت بەردەوام بێت ئەوە سەرەتایەكە بۆ گۆڕانكاری گەورە".
سەربەست كەریم رەخنەی ئەوەش لە قوتابخانە ناحكومییەكان دەگرێت و بۆچوونی وایە جیاوازی چینایەتیان دروست كردووە، "بە چ لێكۆڵینەوەیەك خوێندن لە قوتابخانە ناحكومییەكان باشترە لە حكومییەكان؟ بەڕاستی لە هەندێ قوتابخانەی ناحكومی لەسەر حیسابی خۆش ژیانی قوتابی كۆمەڵێك شتی دیكە لەبیر كراوە".
مامۆستا سەربەست ئەوەش ناشارێتەوە كە بەبێ دابینكردنی پێداویستییەكانی خوێندن و پێداویستییەكانی مامۆستا پەروەردەیەكی باشمان نابێت، ئەو بەرپرسەی پەروەردە دەڵێت، "خوێندكارانی ئەم سەردەمە بەهۆی ئەوەی کە زمانی دیكە دەزانن، دنیابینییان فراوانترە لە قوتابیانی رابردوو".
6874 بینای قوتابخانە هەن؛ چەندیان سێ دەوامین؟
هەرێم جەمال كە میوانێكی دیكەی بەرنامەكە بوو گومان دەكات بەهۆی دۆخی سیاسی كوردستانەوە، پلانی وەزارەتی پەروەردە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، ئەو ئاڕاستەی قسەكانی بەرگریكردن بوو لە سیاسەتی ئێستای وەزارەتی پەروەردە و باسی لەوە كرد لە هەرێمی كوردستاندا 1 ملیۆن و 906هەزار و 144 قوتابیی هەن؛ هەر ئەم ساڵیش 141 هەزار و 176 قوتابی چوونەتە قۆناخی یەكی خوێندن. ئەو گوتی، "ئیدارەدانی ئەو هەموو قوتابییە پێویستی بە ئابوورییەكی بەهێز هەیە، هەر لە كابینەی نۆ دا زیاد لە 100 ملیار دینار بۆ پێداویستییەكانی پەروەردە خەرج كراوە، هەر ساڵی رابردوو 58 هەزار رەحلە بۆ دانیشتنی قوتابی كڕدراوە و زیاد لە 126 قوتابخانەی نوێ دروستكراون، بەو هۆیەوە قوتابخانەی سێ دەوامی زۆر كەمكراوەتەوە، لە هەرێمی كوردستاندا 6874 بینای قوتابخانە هەن، بڕواناكەم 74یان سێ دەوامییان تێدا بێت".
گیسكەكەی هەیاسی خاس
هەرێم جەمال ئەوەش ناشارێتەوە كە بەردەوام گرفتی جۆراوجۆر بۆ مامۆستایان دروست دەكرێت. ئەو گوتی، "وەك گیسكەكەی هەیاسی خاسمان لێدەكەن، سێ مانگ باشمان دەكەن و چوار مانگ خراپ، لەگەڵ رێزمدا دۆخی مامۆستا بەو جۆرەیە". ئەو مامۆستایە دژی ئەوانەش كە پێیان وایە كورد لە باشووری كوردستان 32 ساڵە حكومڕانی خۆی دەكات. ئەو دەڵێت، "لە 2005ـەوە بە كرداری دەسەڵات و بودجەمان هەبووە".
ئەو بۆچوونیشی وایە، کە دەبێت واقیع لەگەڵ قسەی بریقەدار لێكجیابكرێتەوە و راستییەكانیش بە بەڵگەوە بخرێنەڕوو. ئەو گوتی، "لە هەرێمی كوردستاندا 6874 ناوەندی خوێندنی حكومیمان هەیە لە بەرامبەر ئەوەدا 577 ناوەندی خوێندنی ناحكومیمان هەیە؛ واتە رێژەی قوتابخانەی ناحكومی هەر زۆر كەمترە لە حكومی لەگەڵ ئەوەشدا بە زۆری یەكەمەكانی كوردستان لە قوتابخانە حكومییەكاندان".
"پێش زانست مرۆڤبوون پێویستە"
جیهاد محەممەد، كە وەك سەرپەرشتیاری تیمی پەروەردەی سەردەم لە بەرنامەكەدا بەشدار بوون بۆچوونی وایە قسەكانی مامۆستا هەرێم واقعی نین، بەڵكو بەرگرین لە سیاسەتی وەزارەتی پەروەردە و گوتی، "خودی وەزیری پەروەردە رەخنەی لە سیستمی پەروەردە هەیە بۆیە قسەكانی مامۆستا هەرێم واقعی نین". ئەو رەخنەی ئەوەش دەگرێت، کە ناكرێت لە 120 هەزار مامۆستا تەنیا 600یان راهێنان وەربگرن لەكاتێكدا تاوەكو ئێستاش پەروەردەكەی ئێمە پەروەردەیەكی تەقلیدییە نەك پێشكەوتووخواز و دیموكرات.
بە بۆچوونی مامۆستا جیهاد بەردەوام هەوڵ هەبووە كە فەلسەفەی پەروەردەیی هەبێت، بەڵام جێبەجێ نەكراوە. مامۆستا جیهاد محەممەد ئاماژەبە وەش دەدات، لە فەلسەفەی پەروەردەی نوێدا هیچ منداڵێك نییە تەمبەڵ بێت، "بەڵام لە كوردستان تاوەكو ئێستاش جیاوازی دەكرێت لەنێوان منداڵی تەمبەڵ و زیرەك". ئەو كە خۆی بە خەمخۆرێكی بواری پەروەردە دەزانێ جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەبێت مووچە و پێداویستییەكانی دیكەی مامۆستایان بەباشی دابین بكرێت و دەشڵێت، "ئێمە كە باسی پێشكەوتوویی پڕۆسەی پەروەردە دەكەین لە هەندێ وڵاتی ئەورووپی دەبێت ئەوە روونبێت كە ژیانی مامۆستایانیان لە زۆر بواردا باش كراوە هەر بۆ نموونە لە نەرویج مووچەی مامۆستا زۆر بەرزە، ئەگەر دوو هاوژین هەردووكیان مامۆستا بن بە ناچاری مووچەكەیان دادەبەزێنرێت".
ئەو مامۆستایە كە 20 ساڵی تەمەنی لە ئەورووپا بەسەربردووە ئەوە ناشارێتەوە كە "خوێندنی ئێمە پسپۆڕ دروست دەكات، بەڵام مرۆڤبوون دروست ناكات" بە نموونەش دەڵێت، "بەشێك لە دادوەر و پزیشكەكانی سەردەمی بەعس كە بەهۆیانەوە منداڵ گەورە دەكرا و سزای سێدارەیان دەدا، خۆ هەموویان پسپۆڕ بوون و شارەزای باشی یاساكانیش بوون، بەڵام مرۆڤبوونیان تێدا نەبوو بۆیە پێش پێدانی زانست دەبێت مرۆڤبوون لە نەوەكانماندا دروست بكەین".
دەبێت شوان و گاوانەكانیش بەشداربن
دووری خێزانەكان لە پڕۆسەی پەروەردە گرفتێكی دیكەیە بە بڕوای سەرپەرشتیاری تیمی پەروەردەیی. ئەو پێی وایە، پەروەردەی سەردەم دەبێت خێزان بەردەوام پەیوەندی هەبێت لەگەڵ ناوەندەكانی خوێندن. ئەو دەڵێت، "دەبێت شوان و گاوانەكانیش بەشداری لە پڕۆسەی پەروەردە بكەن، نەك بەتەنیا مامۆستایان".
بە بڕوای جیهاد محەممەد، بە یەك هەفتە و یەك مامۆستا ناكرێت راهێنان بە 600 مامۆستا بكرێت و گوتی، "دەبوو جگە لە مامۆستا فایەق كۆمەڵێك پسپۆڕی پەروەردەیی راهێنانیان بە مامۆستایان بكردایە؛ دەبوو مامۆستایانی راهێنەر مامۆستای دەروونناسیشیان هەبوایە". جیهاد محەممەد جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەم جۆرە پەروەردەیەی ئێستا هەیە هیچ جۆرە پێشكەوتنێكمان تێدا دروست ناكات و دەڵێت، "هەرچی توندوتیژی لەم وڵاتەدا هەیە سەرچاوەكەی پەروەردەیەكی خراپە".
ئەو لەگەڵ ئەوەش نییە كە منداڵ لە ماڵەوە بخرێتە ژێر گوشارێكی زۆر و هەموو كۆششەكەی لە ماڵەوە بكات، هەروەك دەڵێت، "دەبێت منداڵ نیو كاژێر ئەركی ماڵەوەی هەبێت نەك زیاتر".
"لێدان نەماوە، بەڵام توندوتیژی هەر هەیە"
د. شەماڵ لەتیف، مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی و پسپۆڕی كۆمەڵناسی و پەروەردە و كولتوور باس لەوە دەكات كە راستە لێدانی راستەوخۆ لە قوتابخانەكاندا نەماوە، بەڵام هێشتا توندوتیژی رەمزی هەیە و گوتی، "توندوتیژی رەمزی كەمتر نییە لە توندوتیژی جەستەیی".
بە بڕوای ئەو مامۆستایەی زانكۆ لەم سەردەمەدا پێناسەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەروەردە گۆڕاوە ئەوەیش ئەوەیە كە دەبێت پەروەردە گۆڕانكاری دروست بكات. ئەو گوتیشی، "دەبێت پڕۆژەی پەروەردەیی سەرپێبخەین و واز لە سیستم بهێنین، هەرچەندە بۆ دۆخی پەروەردەی هەرێمی كوردستان وشەی سیستم زۆر تەواوە". د. شەماڵ لەتیف ئەوەش ناشارێتەوە كە قەرەباڵخی قوتابخانەكان و بوونی قوتابخانەی سێ دەوامی و دوو دەوامی كە هێشتا ماوە گرفتی گەورەی دروست كردووە و گوتی، "بە نموونە لە قوتابخانەی كانی بەردینەی شاری سلێمانی نزیكەی هەزار قوتابی هەن و بەشێكی بینای قوتابخانەكە تاوەكو ئێستاش كابینەیە".
نائازادبوونی قوتابی لەنێو پۆلدا بە بڕوای د. شەماڵ لەتیف یەكێكی دیكەیە لە گرفتەكان و دەڵێت، "لە سیستمی نوێدا دەبێت جەستەی قوتابی لەنێو پۆلدا ئازاد بێت، بەڵام لە زۆربەی قوتابخانەكانی ئێمە جەستەی قوتابی ئازاد نییە". مامۆستاكەی زانكۆی سلێمانی رەخنەی ئەوەشی هەیە كە دوایین شت كە لە هەرێمی كوردستاندا بیری لێدەكرێتەوە پرۆسەی پەروەردەیە.
لە رابردوو زۆر باس لە هێنانی سیستمی سویدی كرا بۆ كوردستان، د. شەماڵ لەتیف جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەو جۆرە سیستمە لە كوردستاندا هیچی لێ سەوز نەبوو.
"جگە لە وەزارەت دەبێت لیژنەیەكی باڵا بۆ پەروەردە هەبێت"
بە بۆچوونی د. شەماڵ لەتیف، داڕشتنی سیاسەت و فەلسەفەی پەروەردەیی لە هەرێمی كوردستان نابێت بەتەنیا بە وەزارەتێك بسپێردرێت و دەڵێت، "دەبێت لیژنەیەكی شارەزا هەبێت لەسەرووی وەزارەتی پەروەردە، ئەوان فەلسەفەی پەروەردە دابڕێژن". ئەو مامۆستایەی زانكۆ هێشتا بەداخە بۆ ئەوەی لە داڕشتنی پڕۆژەیاسای پەروەردە مامۆستا و قوتابیان دەستیان نەبوو لەكاتێكدا یاساكە بەسەر ئەواندا جێبەجێ دەكرێت.
د. شەماڵ لەتیف مامۆستایانیش بەدەرناكات لە كێشەكە و بۆچوونی وایە، خودی مامۆستا لە پڕۆسەی پەروەردەدا بەشێكە لە گرفتەكە و گوتی، "بەشێك لە مامۆستایان هەر ئەوەندە فێری قوتابی دەكەن كە لە پڕۆگرامەكاندا هەیە، هیچ خۆیان كات بۆ خۆپێگەیاندنیان تەرخان ناكەن".
هەر لە بەرنامەكەدا، ئەحمەد رەسوڵ كە وەك مامۆستایەكی راهێنەر بەشداربوو ئاماژەی بەوەدا، كێشەكانی كۆمەڵگا بەهەمان بڕ و شێوە لە نێو سیستمی پەروەردەشدا هەن، "بۆیە بۆ گۆڕانكاری لە كۆمەڵگادا دەبێت لە پەروەردەوە دەستپێبكەین". ئەو راهێنەرە روونیشكردەوە ئامانج لە پڕۆسەی خوێندنی كوردستان ناڕوونە، "هەر ئەوەندە دەزانین بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەیەك دەخوێنین، لە ئامانجە قووڵ و فراوانەكەی تێنەگەیشتووین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ