رووداو دیجیتاڵ
سەخەریا هەرمۆتەیی، هونەرمەندی میلـلی کریستیانەکانی سنووری قەزای کۆیە کۆچی دواییکرد. برازایەکی دەڵێت، هونەرمەند لە ئەورووپا دەژیا و بۆ سەردان گەڕابووەوە.
هاوژین سلێوە، برازای هونەرمەند سەخەریا عیسا هەرمۆتەیی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مامم نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە قەزای عەینکاوە کۆچی دواییکرد."
سەخەریا هەرمۆتەیی لە ساڵی 1996ـەوە لە وڵاتی سوێد دەژیا. برازاکەی دەڵێت، زۆرجار دەگەڕایەوە و زۆریش لە هەرێمی کوردستان دەمایەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم جارەش بە سەردان گەڕابووەوە.
سەخەریا عیسا هەرمۆتەیی ساڵی 1948 لەدایکبوو و گۆرانی بە زمانەکانی کوردی و سریانی تۆمار کردووە. هاوژین سلێوە دەڵێت، "مامم سەتان گۆرانیی فۆلکلۆری کوردیی لەبەربوو و ژمارەیەکی زۆریشی تۆمار کردوون."
سبەی خێزانی ئەو هونەرمەندە لە سوێدەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و بڕیار لە شوێنی بەخاکسپاردنی دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ