بۆ جاری سێیەم هێرشدەکرێتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ

25-06-2022
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
وێنەیەکی هێرشە مووشەکییەکەی رۆژی هەینی 24-06-2022ـی سەر کێڵگەکە، وێنە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
وێنەیەکی هێرشە مووشەکییەکەی رۆژی هەینی 24-06-2022ـی سەر کێڵگەکە، وێنە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
نیشانەکردن کێڵگەی گازی کۆرمۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، بۆ جاری سێیەم هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا. راشیگەیاند: بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە بەرەوامی هەیە و رانەگیراوە.
 
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کێڵگەی کۆرمۆر کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەمڕۆ شەممە 25-06-2022، بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "لە هەمان ئاراستەی رۆژانی رابردوو کاتێوشایەک لە نزیک کۆگای کێڵگەکە کەوتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبووە."
 
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو گوتی، هێرشەکە مووشەکی بووە و لە دەورووبەری کاژێر 16:00 مووشەکەکە لە نزیک کۆگای کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە، باسی لەوەش کرد: رێوشوێنێکی ئەمنیی تووند لە ناوچەکە گیراوەتە بەر، بەڵام هاتووچۆی تانکەرەکان بەردەوامە و بەرهەمێنانی گازیش رانەگیراوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 22-6-2022، بۆ یەکەمجار بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.
 
سدیق محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی لەبارەی هێرشەکەوە ئەو کات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 16:45ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی بەرهەمهێنانی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ کە کۆمپانیای دانەگاز کاری بەرهەمهێنانی گازی تێدا دەکات و مووشەک بە دیاریکراوی لە پەرژینی کۆمپانیاکە کەوتووەتە خوارەوە."
 
رۆژی هەینی، 24-06-2022، جارێكی دیکە بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر. بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەمیش گوتی، مووشەکەکە لەو شوێنەوە ئاراستە کراوە دوو رۆژ لەمەوبەر مووشەکی لێوە ئاراستە کرا. 
 
بەیانی ئەمڕۆ هێزێکی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە سنووری لەیلانەوە جووڵەیان پێکرا و سەرەتا وابڵاوکرایەوە کە دەیانەوێت بەرەو کێڵگەی گازی کۆرمۆر بچن، بەڵام نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رەتیکردەوە هیچ هێزێکی عێراقی بۆ کۆنترۆڵکردنی کێڵگە گازییەکانی سنووری قادرکەرەم هاتبن و دەڵێت: "ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینیان هەبووە و رێگەیان پێنەدراوە بچنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە".
 
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 25-06-2022، لیوای 45ـی سەر بە فرقەی 8ـی سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینی لە سنووری پارێزگای کەرکووک دەستپێکرد. لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەوبارەوە بە رووداوی راگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنە دوای ئەو هێرشە مووشەکییە هات کە کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەمی سنووری چەمچەماڵ و گوماندەکرا لەو سنوورەوە ئاراستە کرابێ.
 
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتی: "هێزە عێراقییەکە، بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکە کردبوو، کاتێک گەیشتوونەتە سنووری پێشمەرگە، رێگەیان پێنەدراوە بچنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و بەبێ هیچ گرفتێک ئۆپەراسیۆنەکەیان راگرتووە".
 
کۆرمۆر یەکێکە لە گوندەکانی شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی و کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی گازی تێدا دەکەن و یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان بەتایبەت نەوت و گاز.
 
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
 
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008 بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە