رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بارانبارین شارەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و ئاو لە چەند شوێنێکی هەولێر کۆبووەتەوە. ئومێد خۆشناو دەڵێت، "بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە کاژێر 01:00 ئەمشەوەوە جارێکی دیکە بارانبارین دەستپێدەکاتەوە. داواکارین هاونیشتمانیان لە هەر حاڵەتێکدا هاوکارمان بن."
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەمشەو ئاو کۆبوونەوە لە چەند شوێنێکی هەولێر هەبوو، تەنیا چەند ئۆتۆمبێلێک لە کارکەوتن و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. ئەم سێ کاژێرەی ئەمشەو [01:00 بۆ 03:00] زۆر گرنگە بۆمان و داواکارین هاونیشتمانیان هاوکارمان بن."
ئومێد خۆشناو ئاماژە بەوەش دەکات، "لە دەستپێکی بارانەکەی ئەمشەودا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی پێوەکردین و جەختی کردەوە کە پێویستە تەواوی تیمەکان لە ئامادە باشیدابن."
رۆژی دووشەممە 25ـی نیسانی 2022، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بارانبارینەکە بەجۆرێکە "رەنگە تاوەکو رادەیەک ئاستی ئاو لە هەندێک گەڕەک و شەقامەكان بەرزبێتەوە، بەڵام مەترسیی لافاوی گەورە و زیانی گەورە چاوڕوان ناكرێت."
ئومێد خۆشناو باس لەوەش دەکات، "هەموو تیمەکانی بەرگریی شارستانی بۆ پێشبینی لافاو لە ئامادەباشیدان. هاونیشتمانییان دەتوانن لە کاتی پێویستدا پەیوەندیی بە هەموو فەرمانگەکانی حکومەتەوە بکەن."
لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی رابردوودا، دوو جار لافاو لە شاری هەولێر دروست بوو و چەند ناوچەیەکی سەنتەری شاری هەولێر و شارۆچکەکانی دەوروبەری زیانیان بەرکەوت و چەندین کەسیش گیانیان لەدەستدا.
رائید سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی گوت، لە هیچ شوێنێکی هەولێر لافاو دروستنەبووە و مەترسیی روودانی لافاو نییە. "تەنیا لە گەڕەکی زیلان لە هەولێر هاووڵاتیان تەلەفۆنیان بۆ کردووین و بەدەمیانەوە چووین و سەری مەنهۆڵەکان چارەسەرکراون و لە چەند شوێنێکیش ئاو کۆبووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ