رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی وشکبوونیان بەشێک لە دارەکانی دارستانی رانیە بڕاونەتەوە. ئەبوبەکر حەسەن تەمەنی 52 ساڵە، 20 ساڵە چاودێری دارستانەکە دەکات و ئێستا لێپرسراوی هۆبەی دارستان و پاوانی رانیەیە و دەڵێت، لە سێ ساڵی رابردوودا 10% دارەکانی دارستانی رانیە وشکبوون.
ئەبوبەکر حەسەن، لێپرسراوی هۆبەی دارستان و پاوانی رانیە بە رووداوی گوت: "شوێن هەیە لە یەک دۆنم، پێنج داری تێداماوە، هەر لە چوار دەوری ئێمە پێنج دۆنمە 10 داری تێداماوە، هەمووی وشکبوو و بردڕانەوە، وردە وردە دەبێتەوە زەوی غابات نامێنێ."
دارەکان لە جۆری سنەوبەری زاویتەن، بەپێی ئەنجامی پشکنینی تاقیگەیی، هۆکاری وشکبوونیان بڵاوبوونەوەی کەڕووە لەسەر لق و پۆپ و قەدی دارەکان.
حەمەشوان کەریم، بەڕێوەبەری ژینگەی راپەڕین رایگەیاند: تەنیا چارەسەر بڕینەوەی ئەو بەشی دارەکەیە کە وشکبووە، ئەگەر درەختەکە بەتەواوی وشکبوو دەبێت لە رەگەوە هەڵیبکەنی و پاشان بیسووتێنین، پاشان شوێنەکەی پاکبکرێتەوە.
بەپێی داتاکانی هۆبەی دارستان و پاوانی رانیە لەماوەی سێ ساڵی رابردوو نزیکەی 1500 دار سنەوبەر وشکبوون.
خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەڕین رایگەیاند: هۆکاری سەرەکی وشکەساڵییە، جگە لەوە هەندێک نەخۆشی کەڕوو و ژینگەیی لەناو دارەکاندا بڵاوبووەتەوە، هۆکارەکان دیارن، سەرووی خۆمان ئاگادارکردووەتەوە.
دارستانەکە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی رانیە، ساڵی 1972 دروستکراوە. نزیکەی 25 هەزار دار سنەوبەری لەسەر رووبەری 915 دۆنم زەوی لێیە. بەشێکیان تەمەنیان زیاتر لە 50 ساڵە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو دارەکاندا ئێستا مەترسی وشکبوونیان لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ