دایکی لاهوور شێخ جەنگی کۆچی دواییکرد

25-03-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دایکی لاهوور شێخ جەنگی لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
 
رۆژی شەممە 25ـی ئاداری 2023، فاتیمە قادر، دایکی لاهوور شێخ جەنگی لە سلێمانی کۆچی دواییکرد و بڕیارە تەرمەکەی ببرێتە قەزای کۆیە بەخاک بسپێردرێت.
 
لاهوور شێخ جەنگی لەبەردەم مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، تەرمی دایکی دەبرێتەوە کۆیە و سبەی لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی لە شاری سلێمانی پرسەی بۆ دادەنرێت. 
 
هاوکات قوباد تاڵەبانی پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی دایکی لاهوور شێخ جەنگی کە هاوکات مامۆژنێتی بڵاوکردەوە و بەبێ ناوهێنانی لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت: "زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ فاتمە خانی خێزانی مامە جەنگی رەحمەتیم کۆچی دوایی کرد، خوای گەورە لێی خۆش بێت و جێگەی بەهەشتی بەرین بێت. انا لله وانا إليه راجعون."
 
 
لە وەڵامی هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی لەبارەی هۆکاری کۆچی دوایی دایکییەوە گوتی: "تەمەنی هەبوو؛ ئەم ماوەیەش کەمێک ناساخ بوو." 
 
فاتیمە قادر، هاوژینی شێخ جەنگی برا گەورەی جەلال تاڵەبانی، سەرۆككۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو کە لە 4ـی شوباتی ساڵی 2016 کۆچی دواییکرد. 
 
لاهوور شێخ جەنگی، تاوەکو زەقبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 8ـی تەمموزی 2021 هاوسەرۆکی حیزبەکە بوو، دواتر بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی و بە بڕیاری سەرکردایەتی پۆستەکەی لێوەرگیرایەوە. دوای ماوەیەک لە بێدەنگی، ئەمساڵ جارێکی دیکە لاهوور شێخ جەنگی خۆی وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی ناساند و بافڵ تاڵەبانیش لە چەند لێدوانێکدا رەتیکردووەتەوە جارێکی دیکە رێگە بە کارکردنی لاهوور شێخ جەنگی لە یەکێتیدا بدات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە