کوردستان
رووداو ساڵانە لە رێوڕەسمێکی شایستەدا یادی شەهیدبوونی شیفا گەردی بەرز رادەگرێت و خەڵاتێک پێشکێشی رۆژنامەڤانێکی ژن دەکات
رووداو دیجیتاڵ
شەش ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، شیفا گەردی، رۆژناڤەنان و پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو بەهۆی مینێکی چێندراوی چەکدارانی داعشەوە لە موسڵ شەهید بوو. رووداو ساڵانە لە رێوڕەسمێکی شایستەدا یادی رۆژنامەڤانەکەی بەرز رادەگرێت و خەڵاتێک پێشکێشی رۆژنامەڤانێکی ژن دەکات کە بەهۆی پیشەکەیەوە رووبەڕووی سەختی و دژواری بووبێتەوە بۆ گەیاندنی پەیامەکەی.
ئەمڕۆ شەممە، 25-02-2023، لە رێوڕەسمێکدا پێنجەمین خەڵاتی جیهانیی ساڵانەی شیفا گەردی دەدرێتە رۆژنامەڤانێکی ژن. شیفا گەردی ساڵی 1987 لە ئۆردووگای زێوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە پەنابەرییدا لەدایکبوو؛ دوای گەڕانەوەیان بۆ باشووری کوردستان لە ساڵی 1991 لە قوتابخانەی باسرمە دەستی بە خوێندن کرد و دواتر لە شارۆچکەی هەریر قۆناخی ناوەندی خوێند.
شیفا گەردی ساڵی 2007 بەشی کۆمپیوتەری لە پەیمانگەی تەکنیکی هەولێر تەواو کرد، ساڵی 2012 لە تۆڕی میدیایی رووداو دەستبەکاربوو، ساڵی 2014 بەشی میدیای لە زانکۆی سەڵاحەدین تەواو کرد و هەمان ساڵ بووە بەرپرسی بەشی ئاوتپووتی تۆڕی میدیایی رووداو.
لە کارکردنیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، شیفا گەردی جگە لە بێژەری، پێشکێشکاری چەندین بەرنامەش بوو، وەک پاشیڤ، هەروەها نیوەی دووەمی ساڵی 2016 بووە پێشکێشکاری بەرنامەی فۆکەس موسڵ کە شەوانە پێشکێش دەکرا.
خەڵاتی جیهانیی شیفا دراوەتە ئەم رۆژنامەڤانانە
لە دوای ساڵی یەکەمی شەهیدبوونییەوە، ساڵانە خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی دەبەخشرێتە رۆژنامەڤانێکی جیهانیی ژن. یەکەمین خەڵات بەخشرایە جینان موسا لە تۆڕی (ئەل ئان) و خەڵاتەکەی لەلایەن فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی کۆماری فەرەنساوە پێشکێشکرا.
جینان موسا لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا گوتی، هەرچەندە یادەکە خەمناکە، بەڵام ئەو بە وەرگرتنی خەڵاتەکە دڵخۆشە و گوتیشی: "شانازییە بۆ من خەڵاتێک دەبەمەوە کە بە ناوی ئەوەوەیە".
هەروەها ئەروا دەیمن، رۆژنامەڤانی ئەمریکی لە تەلەڤزیۆنی سی ئێن ئێن وەکو دووەمین براوەی خەڵاتی شیفا گەردی بۆ ساڵی 2020 دەستنیشان کرا. ئەلێکس کروفۆرد، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی سکای نیوزی بەریتانییش بۆ ساڵی 2021 هەڵبژێردرا؛ ژنە رۆژنامەڤانی کەنەدی لیس دووسێتیش براوەی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی بوو لە ساڵی 2022.
شیفا گەردی، ناوی تەواوی شیفا زیکری ئیبراهیمە؛ لەكاتی تۆماركردنی بەشێكی بەرنامەکەی لە كاژێر 03:38 خولەكی ئێوارەی 25ـی شوباتی 2017 بەهۆی تەقینەوەی مینێكی چێنراوی داعش لەسەر چاڵی خەسفە، كە شوێنی تاوانكارییەكی داعش بوو لە موسڵ، گیانی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ