رووداو دیجیتاڵ
لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، زۆترین فرۆش و زۆرترین خواست، وەکو ساڵانی رابردوو، لەسەر کتێبەکانی تایبەت بە ئایینی ئیسلامە.
جەعفەر گوانی، مامۆستای زانستە ئیسلامییەکانە، سەبەتەکەی پڕ کردووە لە کتێبی ئایینی، دەڵێت، کتێبە ئایینییەکان هەموو شتێکیان لەسەر ژیان و فێربوون تێدایە، بۆیە زۆرترین کڕیاریان هەیە.
عەلی جەعفەر هێرۆیی، مامۆستای ئایینیە، ئەویش دەڵێت، وا باسکراوە کە تاکی کورد کەم دەخوێننەوە و لەدواوەن، مرۆڤ چەندێک لە خوێندنەوە دوابکەوێت، ئەوەندە بەرەوپاش دەچێت.
60 کتێبخانەی هەرێمی کوردستان لە پێشانگاکە بەشدارن کە زیاتر لە 35 یان زۆرترین کتێبەکانیان ئایینین. 350 کتێبخانەی 22 وڵاتیش بەشدارن کە زیاتر لە 120 کتێبخانەیان تەنیا کتێبی ئایینییان هەیە.
دانیاڵ دلێر، خاوەنی وەشانخانەیەکی هزریی ئایینییە، دەڵێت، کۆمەڵگەی کوردی خۆی هەڵقوڵای ئایینی ئیسلامە بۆیە کتێبە ئایینییەکان پێشەنگن. هەروەها مرۆڤ دەتوانێت لەنێو جەنجاڵییەکاندا، جۆرێک لە ئارامی لەنێو ئەو کتێبانەدا بدۆزێتەوە.
زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشانی جیاواز لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب بەردەستن، پێشانگەکەش لە دوو رۆژی سەرەتا بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، زیاتر لە 40 هەزار سەردانیکاری هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ